ڕۆڵ و پێگەی مزگەوت لەناو کۆمەڵگەدا
مزگەوت لە مێژووی مرۆڤایەتی و بە تایبەتی لە شارستانییەتی ئیسلامیدا، تەنها شوێنێک بۆ ئەنجامدانی خواناسی و نوێژ نەبووە، بەڵکو دامەزراوەیەکی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ڕۆشنبیری و شارستانی بووە. لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی ئیسلامەوە، مزگەوت بووە بە ناوەندی بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی، پەروەردەکردنی تاک، بڵاوکردنەوەی زانست، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
بۆیە زۆرێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی، مزگەوت بە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکانی بنیادنان و پاراستنی کۆمەڵگا دادەنێن. یەکەم مزگەوت، کە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە مەدینە دایمەزراند، تەنیا شوێنی نوێژ نەبوو، بەڵکو بووە ناوەندی بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، دادوەری، فێرکاری، ڕاوێژکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک.
ئەم ڕۆڵە مێژووییە وای کردووە مزگەوت ببێتە دامەزراوەیەکی گەورەی بنیادنان و پاراستنی کۆمەڵگە یەکێک لە دیارترین ئەرکەکانی مزگەوت، پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگەیە. کاتێک تاکەکان بۆ ئەنجامدانی نوێژ و چاڵاکییە ئایینییەکان لە یەک شوێندا کۆدەبنەوە، هەستی براوەری، هاوسۆزی، هاوکاری و متمانەی نێوانیان بەهێزتر دەبێت. هەروەها، وەستانی هەمووان لە یەک ڕیزدا، بێ جیاوازیی پلە، سامان یان پۆلە کۆمەڵایەتی، بەهاکانی یەکسانی و دادپەروەری لە کردەوەدا دەچەسپێنێت.
لە ڕووی پەروەردەییەوە، مزگەوت ڕۆڵێکی سەرەکی لە بنیادنان و گەشەپێدانی کەسایەتیی تاکدا هەیە. لە ڕێگەی وانە، ئامۆژگاری و ڕێنمایییە ئایینییەکانەوە، تاکەکان فێری بەها پەروەردەو رەوشتە بەرزەکان دەکات، وەک: ڕاستگۆیی، ئەمانەتداری، دڵسۆزی، هاوکاری، بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی تر دەبن. ئەم بەهایانەش بنەمای سەرەکی هەر کۆمەڵگەیەکی ئارام، یەکگرتوو و پێشکەوتوون.
هەروەها، مزگەوت لە مێژووی ئیسلامدا یەکەم ناوەندی فێرکاری و بڵاوکردنەوەی زانست بووە. زۆرێک لە زانایان، موفەسیران، فەقیهان و مامۆستایانی گەورە لە مزگەوتەکاندا وانەیان وتووە و نەوەیەکی زانستخواز و هۆشیاریان پەروەردە کردووە. لە سەردەمی ئێستاشدا، مزگەوت دەتوانێت لە ڕێگەی وانە، سیمینار، کۆڕی زانستی و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانەوە، بەشدارییەکی کاریگەر لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە فکری و کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا بکات.
لەلایەکی دیکەوە، مزگەوت شوێنی ئاشتبوونەوە و چارەسەرکردنی زۆرێک لە ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان بووە، یارمەتی تاکەکان دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئارام، دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای لێبوردەیی و متمانە. هەروەها، مزگەوت لە بواری خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیشدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە. زۆرێک لە مزگەوتەکان بەشداری کۆکردنەوەی یارمەتیدانی هەژاران، پشتیوانیکردنی و ڕێکخستنی چاڵاکییە خێرخوازییەکان دەکەن. ئەم چالاکیانە هەستی هاوبەشی، هاوسۆزی و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگە بەهێز دەکات.
لە تێڕوانینی کۆمەڵگەدا، مزگەوت دامەزراوەیەکی بنەڕەتی و کاریگەرە کە ئەرکی تەنیا لە سنووری خودا ناسی کورت نابێتەوە، بەڵکو ڕۆڵی سەرەکی لە پەروەردەی تاک، پتەوکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵگە، بڵاوکردنەوەی زانست و هۆشیاری، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەرزکردنەوەی هەستی هاوسۆزی و هاوکاری هەیە. بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی ڕۆڵی مزگەوت، یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێز، ئارام، هاوئاهەنگ و پێشکەوتوو.
.د. عەبدولعەزیز مەنتك.
بەرپرسی ناوچەی بنەسڵاوەی يەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان
