شەعبان سلێمان نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند لە دهۆك: بەبێ دامەزراوەی بەهێز و سوپای یەكگرتوو، هەمیشە ژێردەستەین

شەعبان سلێمان  نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند لە دهۆك: بەبێ دامەزراوەی بەهێز و سوپای یەكگرتوو، هەمیشە ژێردەستەین

 

كورد بە درێژایی مێژوو توانیویەتی لە ڕێگەی فۆلكلۆر و فەرهەنگی دەوڵەمەندی خۆیەوە، ناسنامە و مێژووەكەی لە فەوتان بپارێزێت. ئەگەر بەرهەمە زارەكییەكانی وەك گۆرانی، حەیران، چیرۆك و داستانە مێژووییەكان نەبووایە، ڕەنگە ئەمڕۆ مێژوویەكی سەربەخۆمان نەبووایە، یان گەلانی دیكە بەو شێوازەی خۆیان دەیانویست مێژوویان بۆ دەنووسینەوە. بۆ نموونە، ئەو گۆرانی و حەیرانانەی كە تایبەتن بە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، یان داستانی دڵتەزێنی «گەنج خەلیل» و دەیان بەرهەمی دیكەی هاوشێوە، لە ڕاستیدا وەك ئەرشیفێكی زیندوو كاریان كردووە و بوونەتە هۆكاری سەرەكی بۆ پاراستنی كولتوور و یادەوەریی بەكۆمەڵی ئێمە لە فەوتان.

پتر لە سێ سەدە لەمەوبەر، بیرمەند و شاعیری گەورەی كورد، ئەحمەدی خانی، بە دیدێكی قووڵ و ستراتیژییەوە هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر گەلی كورد فێری ئەوە نەبێت كاربەدەست و كارگێڕی لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكەی هەڵبژێرێت، سوپایەكی نیشتمانیی ڕێكخراو و یەكگرتوو دانەمەزرێنێت، و بنەمایەكی ئابووریی پتەو بنیاد نەنێت، ئەوا هەمیشە وەك ژێردەستە و پاشكۆی گەلانی دیكە دەمێنێتەوە. خانی بە ڕوونی ئاماژەی بەوە كردووە كە نەبوونی یەكگرتوویی و تەبایی لەنێوان لایەنەكاندا، هۆكاری سەرەكیی باڵادەستبوونی نەتەوەكانی دەوروبەرە بەسەر ئێمەدا. كەواتە تەنیا ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، گرتنەبەری كرداریی ئەو ڕێگا چارەسەرانەیە بۆ ئەوەی چیتر نەبینەوە بە ژێردەستەی هیچ هێزێكی دەرەكی.

كاتێك سەیری مۆدێلی حوكمڕانیی ئێستای هەرێمی كوردستان دەكەین، دەبینین كە بەرژەوەندییە تەسكە حزبییەكان بە تەواوی بەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانی و باڵاكاندا زاڵ بوون. لە ڕاستیدا، پڕۆسەی سیاسی لەم هەرێمەدا لە سەرەتاوە لەسەر بنەمایەكی نادروست بنیاد نرا، بە جۆرێك كە ڕێككەوتنە ستراتیژییەكان نەك بۆ بەرژەوەندیی گشتی، بەڵكوو بۆ دابەشكردنی دەسەڵات و پۆستەكان ئەنجام دران. ئەمەش بووە هۆی فەرامۆشكردنی ناسنامەی نیشتمانی و نەمانی كاریگەریی پەرلەمانێكی كارا لە بڕیارە چارەنووسسازەكاندا. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە ناتەندروستە، دابەشبوونی هەرێمی كوردستان بوو بەسەر دوو زۆنی جیاوازدا كە هەریەكەیان بە ئاراستەیەكی جیاوازدا دەڕۆن.

تەنانەت ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەش كە بە دروشمی چاكسازی هاتنە كایەكەوە، نەیانتوانی بەرنامەیەكی نیشتمانیی گشتگیر پێشكەش بكەن، ململانێی ئەوان تەنیا لە دژایەتیكردنی دەسەڵاتدا كورت بووەوە و دواجاریش خۆیان بوونە بەشێك لە پێكهاتەی حكومەت و نەیانتوانی گۆڕانكاریی ڕیشەیی بكەن.

 

Top