لۆچیانۆ فلۆریدی پڕۆفیسۆری زانستی ئیدراك لە زانكۆی یێڵ بۆ گوڵان: ژیریی دەستكرد بووەتە بەشێك لەو ژێرخانەی تێیدا بیر دەكەینەوە و بڕیار دەدەین

لۆچیانۆ فلۆریدی  پڕۆفیسۆری زانستی ئیدراك لە زانكۆی یێڵ بۆ گوڵان:        ژیریی دەستكرد بووەتە بەشێك لەو ژێرخانەی تێیدا بیر دەكەینەوە و بڕیار دەدەین

 

لە كاتێكدا ژیریی دەستكرد بە خێرایی گەشە دەكات و لە ئامرازێكەوە دەگۆڕێت و دەبێتە بەشێكی بنەڕەتی لە ژینگەی ژیان و بڕیاردان، پرسیارەكانی پەیوەست بە ئەخلاق، حوكمڕانی و داهاتووی مرۆڤایەتی لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر بوونەتە جێی باس و خواس. لەم چاوپێكەوتنەدا، یەكێك لە دیارترین بیرمەندانی بواری فەلسەفەی زانیاری و ئەخلاقیاتی دیجیتاڵ، باس لەوە دەكات كە بۆچی ژیریی دەستكرد، نابێت وەك تەنیا ئامرازێك لێی بڕوانرێت، بەڵكو دەبێت وەك ژێرخانێك كە شێوازی بیركردنەوە، بڕیاردان و ژیانی كۆمەڵایەتی دەگۆڕێت و چۆن دەتوانرێت بە ڕەچاوكردنی كەرامەتی مرۆڤەوە، شەفافییەت و دامەزراوە بەهێزەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. ئەو بیرمەندەش «لۆچیانۆ فلۆریدی»یە كە پڕۆفیسۆری زانستی ئیدراكە لە زانكۆی یێڵ و بەڕێوەبەری دامەزرێنەری سەنتەری ئەخلاقیاتی دیجیتاڵییە لە هەمان زانكۆ، بواری توێژینەوەكانی پەیوەستن بە فەلسەفەی زانیاری، ئەخلاقیانی دیجیتاڵی، ئەخلاقیاتی پەیوەست بە ژیریی دەستكرد، و فەلسەفەی تەكنەلۆژیا.

 

* ئێوە لە كارەكانتادا زۆر تاوتوێی پرسی ‌فەلسەفەی زانیاری دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن كە زانیاری بووەتە بەشێكی بنەڕەتیی ئەو واقیعەی تێیدا دەژین، واتە ناتوانین وەك تەنیا ئامرازێك لێی بڕوانین، كەواتە لەبەر ڕۆشنایی ئەم شرۆڤەكارییەدا چۆن حكومەت و كۆمەڵگەكان دەتوانن كۆنتڕۆڵی ژیریی دەستكرد بكەن؟

- یەكەم شت لەم ڕووەوە كە دەبێت سەرنجمان لەسەری بێت، ئەوەیە كە ئێمە كۆنتڕۆڵی ژیریی دەستكرد ناكەین بە چەشنی ئەوەی كە كۆنتڕۆڵی ئامرازێك دەكەین، مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە ژیریی دەستكرد ئامرازێك نییە، بەڵكو وردە وردە دەبێتە بەشێك لەو ژێرخانەی تێیدا بیر دەكەینەوە و هەڵسوكەوت دەكەین و كار دەكەین، كاری ڕاست و دروست لەم ڕووەوە ئەوە نییە كە بەراوردی بكەین بە چەكوش، یان حاسیبەیەك، بەڵكو كاری گونجاو ئەوەیە بەراوردی بكەین بە كارەبا، واتە وەك یەكێك لە توخم و ڕەگەزەكانی ژینگەی دەوروبەرمان، نەك وەك ئامرازێك، یان شتێك لەسەر مێزەكەمان بێت. مەبەستم ئەوەیە دەكرێت ژیریی دەستكرد بۆ ئەنجامدانی چەندین ئەرك بەكار بهێنرێت، دەقاودەق وەك كارەبا. واتە كاتێك پرسەكە بەم شێوەیە دەخەینە ڕوو، ئەوا تێڕوانینمان دەگۆڕێت و چیتر هەوڵ نادەین كۆتوبەند لەسەر كۆمەڵە ئامرازێك دابنێین، بەڵكو هەوڵی گەڵاڵەكردنی فەزایەكی پڕ لە زانیاری دەكەین، واتە ژینگەیەكی زانیاری تێیدا ژیان لەگەڵ ئامراز و ئامێری ژیر بەسەر دەبەین كە بە چەشنێكی كارا كار دەكەن، هەموو ئەمانەش ئەوەمان لێ دەخوازن كە هەلومەرجەكە بە چەشنێك و بە شێوەیەك دایبڕێژینەوە، كە ئەگەری گرتنەبەری هەڵسوكەوتی باش، چ لەلایەن مرۆڤەكانەوە بێت، یان لەلایەن سیستمەكانەوە، زیاتر بكەین. من بەم چەمكە دەڵێم «ئەخلاقییەتە بنەڕەتییەكان»، ئەمەش لە واقیعدا بە واتای بوونی ستانداردەكان دێت، نەك دروشمەكان، بە مانای بوونی توانای وردبوونەوە دێت، نەك تەنیا بوونە خەون و ئاواتەكان، لەگەڵ بوونی ئەو دامەزراوانەی توانای چاودێریكردنی بەردەوامیان هەبێت، نەك گرێدانی لووتكە ڕاگوزەر و تێپەڕەكان. مەسەلەكە قووڵاییەكی فەلسەفی هەیە، واتە ئەگەر زانیاری بووبێتە بەشێكی لێكجیانەكراو و لێكدانەبڕاوی واقیعی ڕۆژانەمان، ئەو كاتە داڕشتنی فەزای دیجیتاڵییەكەی زانیاری بە واتای دووبارە داڕشتنەوەی واقیعەكە دێت، كە ئەمەش هەوڵ و كۆششێكی تاكەكەسی نییە.

* ئێوە لە كتێبەكەتاندا بە ناوی «شۆڕشی چوارەم» باس لەوە دەكەن كە چۆن تەكنەلۆژیای دیجتاڵی تێڕوانینی خەڵكی بۆ خودی خۆیان گۆڕیوە. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ژیریی دەستكرد سەرەتا و دەستپێكێكی نوێی ئاڵوگۆڕێكی شارستانییە، یان درێژبوونەوەی ئەو شۆڕشەیە كە ئێوە ئاماژەی پێدەكەن؟

- من پێموایە درێژبوونەوەی چڕی ئەو شۆڕشەیە، شۆڕشی چوارەم بەندە بە جێ پێ لەقكردنی ئەو گریمانەیەی مرۆڤ پێیوابوو تەنیا و تەنیا زانیاری لای ئەوانە، ئەویش دوای ئەوەی كۆپەرنیكۆس و داروین و فرۆید لە سەر ئاستی مەعریفی و بایۆلۆژی و سایكۆلۆژی ئەم كارەیان لەگەڵ كردین، پاشان تورین هات و ئەم ئەڵقەیەی لێ داخستین. ژیریی دەستكردی بەرهەمێنەر بریتییە لە كامڵبوونی ئەم چوارەمین جێ پێ لەقكردنە، واتە ناتوانین بڵێین ئەمە شۆڕشی پێنجەم و جێی شۆڕشی چوارەمی گرتووەتەوە. واتە چیتر ئێمە لە نێو چەقی كایەی زانیارییەكاندا نین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لەم ڕووەوە نوێیە، مەودای نێوان ژیری و توانای كاركردنە. بۆ نموونە ئەو مۆدێلە مەزنانەی ژیریی دەستكرد كە پەیوەستن بە بواری زمانەوە، ئەركی خۆیان بە سەركەوتوویی ئەنجام دەدەن، بێ بە ئەوەی لەو كارە تێبگەین كە دەیكەن، هەروەها ئەم كارە لە بوارێكدا دەكەن كە پێمانوابوو تەنیا و تەنیا بوار و پانتایی بیركردنەوەن، وەك نووسین و داڕشتنی كۆد و چارەسەركردنی كێشەكان و.. هتد. ئەمە كاركردنی ژیریی دەستكردە بێ ئەوەی هاوشان بێ بە تێگەیشتن، لە ڕاستیدا گرنگییە شارستانییەكە لێرەدایە، واتە مەسەلەكە ئەوە نییە كە ئامێرەكان زیاتر و زیاتر هاوشێوەی ئێمەیان لێ دێت، چونكە وایان لێ نایەت. مەبەستەكە ئەوەیە كە ئەدایان تەنیا پەیوەست نییە بەو توانایانەوە كە گرێیان دەدەینەوە بە خۆمانەوە، لەبەر ئەوە دەبێت لەسەر بنەما و بناغەیەكی جیاواز ئەو قورساییە ئەخلاقی و سیاسییە بنیاد بنێینەوە كە پەیوەستمان دەكردەوە بە كاری كارامەوە.

* ئێوە هۆشداریتان داوە لەوەی نابێت وەك پابەندبوونێكی تەكنیكی لە پرسی ئەخلاق بڕوانین، كەواتە چۆن دەكرێت حكومەتەكان لەگەڵ ئەم پرسەدا مامەڵە بكەن؟

- من پێموایە حكومەتەكان لە ڕێی ڕاستگۆبوون و شەفافبوونیانەوە لەبارەی ئەوەی دەكرێت ئەنجام بدرێت و ئەوەی ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، دەتوانن ئەم كارە بكەن. پابەندبوون زەمینەیەك دەستەبەر دەكات، بەڵام ئەمە هەنگاوی كۆتایی نییە، لیستی بابەتەكانی پەیوەست بە پابەندبوونەوە ئەوەت پێ دەڵێت كە ئایا سیستمەكە كەمترین ئاستی ستانداردەكانی گرتووەتەبەر، بەڵام ئەوەت پێ ناڵێت، ئایا دەبێت سیستمەكە هەبێت، یان نا، ئایا ئامانجەكانی شایستەی ئەوەن كار بۆ بەدیهێنانییان بكرێت، یان نا. تێكەڵكردنی ئەم دوو بابەتە دۆخێك دروست دەكات كە لە ڕواڵەتدا وا دەردەكەوێت ئێمە پارێزگاریمان لە پرسە ئەخلاقییەكان كردووە، لە كاتێكدا ئێمە ئەم پرسانە لە ناوەڕۆكی خۆیان بەتاڵ دەكەینەوە.

وەك ڕێساكانی گەمەیەك لەم پرسە بڕوانن، واتە پێویستە تۆ پابەند بیت بەم ڕێسایانەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی بردنەوەت هەبێت، بەڵام پیادەكردنی ئەم ڕێسایانەش خۆی لە خۆیدا زامنی بردنەوەی تۆ ناكەن، پێموایە چارەسەرەكە لە دامەزراوەكاندایە. پێویستە ئەم پرسە ئەخلاقییانەی دەبنە ڕێسا و یاسا، جیای بكەینەوە، ئەو پرسە ئەخلاقییانەی دیكە كە بواری ئەوەمان پێ دەدەن بیر بكەینەوە لەبارەی ئەوەی پێویستە چی بكەین دوای ئەوەی ڕێسا و یاساكان سنوورەكانیان دیاری كرد. من دەڵێم ئێمە پێویستمان بە هەردوو ئەم لایەنە هەیە، پێویستە حكومەتەكان دارایی بۆ دووەمیان دابین بكەن، نەك هەر تەنیا یەكەمیان بسەپێنن، دەبێت حكومەت وەبەرهێنان بكات لە دامەزراوە سەربەخۆكاندا، ئیدی ئەكادیمی بن، یان مەدەنی، یانیش پیشەوەری، كە ئەركیان ئەوەیە هاوشانی بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا، ستانداردەكان بە زیندوویی بهێڵنەوە.

* ئێوە لە توێژینەوەكانتاندا لەبارەی ئەخلاقی دیجیتاڵی جەخت لەسەر بیرۆكەی پەیوەست بە كەرامەتی مرۆیی دەكەنەوە. ئایا ژیریی دەستكردی تەوەربەند، لەسەر شكۆی مرۆیی چی دەگەیەنێت و دەبێت چۆن بێت، بەتایبەتی لەو شوێن و وڵاتانەی كە پشێویی سیاسی، یان شەڕ و ناكۆكییان تێدایە؟

- ژیریی دەستكردی تەوەربەند لەسەر شكۆی مرۆیی بریتییە لەو حاڵەتەی هەر لە سەرەتا و لە دەستپێكەوە، سیستمەكە لەسەر كەرامەتی مرۆیی بنیاد دەنرێت، نەك دوای پێكهێنان و دروستكردنی ئەم سیستمە پرسی كەرامەتی مرۆیی بۆ زیاد بكرێت. ئەگەر وەڵامەكە پوخت و سادە بكەمەوە ئەوا دەبێت ئەم سیستمە بە چەشنێك دابڕێژرێت، كە جڵەوەكە بەدەست مرۆڤەكانەوە بێت، واتە مرۆڤ خۆی ئامانجەكان دیاری و دەستنیشان بكات و مافی ڕەتكردنەوەش لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە دۆخی شەڕ و ناكۆكی، یان هەلومەرجی دوای كۆتاییهاتنی شەڕەوە، ئەوا مەترسییەكان ئاڵۆزترن، واتا دەكرێت ژیریی دەستكرد ببێتە هۆی قووڵكردنەوەی نایەكسانیی دەسەڵات لە ڕێی باشتركردنی پێگەی كاراكتەرە بەهێزەكانەوە، چونكە بواری ئەوەیان پێ دەدات كە باشتر چاودێریی بكەن و بەرانبەرەكانیان بە ئامانج بگرن، هەروەها دەكرێت ببێتە هۆی دابەشكردنی تواناكان لە ڕێی هاوكاریكردنی دامەزراوە لەرزۆكەكانەوە، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان دابین بكەن، وەك هەڵگرتنی تۆمارەكان و پەروەردە و تەندروستی. واتە هەمان تەكنەلۆژیا بۆی هەیە هەردوو دەرئەنجامەكەی لێ بكەوێتەوە، ئەوەی جیاوازییەكە دروست دەكات، جۆری حوكمڕانی و شێوازی داڕشتنی دامەزراوەكانە. بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت لە كوردستان، یان هەر ناوچەیەكی دیكە كە بە چەندین دۆخی شەڕ و ناكۆكیدا تێپەڕیوە، سیستمێك دابمەزرێنرێت كە تەوەربەند بێت لەسەر مرۆڤەكان، ئەوا دەبێت ئەو سیستمە كەرامەتی مرۆیی بكاتە بەشێكی دانەبڕاو لە ژێرخانەكەی، لە ڕێی دروستكردنی ئەو بەڵگەنامانەی شوناسی كەسەكان دەچەسپێنێت و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆیان و داڕشتنی ئەو یاسا و ڕێسایانە بۆ هەمووان ناسراو بن و قابیلی پێداچوونەوە و هەمواركردنەوە بن، بێ ئەم لایەن و ڕەهەندانە، قسەكردن لەبارەی ژیریی دەستكردی تەوەربەند، لەسەر مرۆڤەكان سنووری ڕوكەش تێپەڕ ناكات.

* زۆرێك لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێكاری بواری تەكنەلۆژیای زانیاری بەرەوپێشچوونی ژیریی دەستكرد وەك ململانێیەكی جیهانی وێنا دەكەن، ئایا لێكدانەوەی ئەم بەرەوپێشچوونە وەك ڕكابەرییەكی جیۆپۆلەتیكی، چ مەترسییەك بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟

- ئەمە مایەی مەترسییەكی زۆرە، چونكە ئەو لۆژیكە دەچەسپێنێت كە ئەو لایەنەی دوا بكەوێت و داببڕێت، تووشی دۆڕان دەبێت، هەر كاتێك ئەوەت قبووڵ كرد كە بەرەوپێشبردنی ژیریی دەستكرد ڕكابەری و پێشبڕكێیە، ئەوا پرسە ئەخلاقییەكان دەبنە بابەتی لاوەكی.

Top