یەکێتی ئەوروپا پلانی توندی کۆچبەری پەسەند دەکات

یەکێتی ئەوروپا پلانی توندی کۆچبەری پەسەند دەکات

 

 

یەکێتی ئەوروپا گەیشتە ڕێککەوتنێکی نوێ و مشتومڕاوی لەسەر سیاسەتەکانی کۆچ کە پێشبینی گۆڕانکاری بەرفراوان لە پرۆسەی دەرکردن و گەڕانەوەی پەنابەران دەکات.

نوێنەران و یاسادانەرانی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە ٢ی حوزەیران دوای دانوستانێکی درێژخایەن توانیان لەسەر ئەم پلانە بگەنە ڕێککەوتن.

بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، ڕێگە بە وڵاتانی ئەندام دەدرێت ئەو پەناخوازانە بگوازنەوە کە داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە بۆ ناوەندەکانی دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا.

ئەم ناوەندانە کە بە "سەنتەری گەڕانەوە" ناسراون، بەشێکن لە سیاسەتێکی نوێ بۆ زیادکردنی کۆنترۆڵی پرۆسەی کۆچبەری.

جگە لەوەش ڕێوشوێنی توندی دیکە لە پلانەکەدا هاتووە، لەوانە دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، ئەگەری گەڕان بەدوای ماڵەکاندا، قەدەغەکردنی دووبارە چوونە ژوورەوە بۆ یەکێتی ئەوروپا و تەنانەت سزادانی ئەو کەسانەی کە هاوکار نین لە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەدا.

ماگنوس برونەر، کۆمیساری کۆچبەری یەکێتی ئەوروپا، بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و ڕایگەیاند، ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە دەتوانن هەستی کۆنترۆڵ و ئاسایش بۆ هاووڵاتییان بگەڕێننەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکان، تەنها نزیکەی لەسەدا ٢٧ی پەناخوازە ڕەتکراوەکان لە ڕاستیدا ئەوروپا بەجێدەهێڵن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لاوازی یاساکانی ئێستا.

ڕێککەوتنەکە تەنها چەند ڕۆژێک پێش ئەوە دێت کە بەشێک لە چاکسازییە نوێیەکانی کۆچبەری و پەنابەری لە ١٢ی حوزەیرانەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڵام هەندێک بەش لە پلانەکە بە دواکەوتنی یەک ساڵ جێبەجێ دەکرێن، لە کاتێکدا بەشە سەرەکییەکانی وەک دامەزراندنی سەنتەری گەڕانەوە، دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێن.

کاردانەوەکان بەرامبەر بەو بڕیارە زۆر بەربڵاو بووە، پارتە چەپەکان و لیبراڵەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە هەنگاوێکی مەترسیدار ناویان بردووە کە دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی گرتن و دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ.

مێلیسا کامارا لە گروپی سەوزەکان ئەو پلانەی بە ئامرازێکی یاسایی لە خزمەت ئایدۆلۆژیایەکی بێگانەپەرست ناوبرد.

لە بەرامبەردا فرانسوا زاڤیر بێلامی لە بزووتنەوەی ڕاستڕەوی ناوەڕاست جەختی لەسەر دەرکردنی ئەو کەسانە کردەوە کە مافی نیشتەجێبوونیان لە ئەوروپا نەبێت.

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە پەنابەران هۆشدارییان داوە کە گواستنەوەی خەڵک بۆ ئەو شوێنانەی کە پێگەی یاسایی نادیارە، دەتوانێت کاریگەریی جددی لەسەر مافەکانی مرۆڤ هەبێت.

پلانەکە هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی کۆتایی پەرلەمانی ئەوروپا و ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا هەیە و تا ئەو کاتەش جێبەجێکردنی بە تەواوی دڵنیا نابێت.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top