ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لە دەرئەنجامەکانی پەککەوتن لە گەرووی هورمز
سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ڕۆژی هەینی ٢٨ی حوزەیران بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و هۆشدارییان دا لە دەرئەنجامەکانی بەردەوامی پچڕانی کەشتیوانی و گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە .
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دابەزینی بەرچاوی دابینکردنی نەوت کە بەهۆی قەیرانی گەرووی هورمزەوە دروستبووە، بووەتە هۆی دابەزینی خێرای یەدەگی نەوتی جیهانی و ئەم ڕەوتەش بە خێراییەکی بێ وێنە بەردەوامە.
دامەزراوەکان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەگەر هاتوچۆی تانکەرەکان ئاسایی نەبێتەوە، بەردەوامی کەمبوونەوەی یەدەگی ستراتیژی نەوت دەتوانێت مەترسی جددی لەسەر ئاسایشی سووتەمەنی و سەقامگیری بازاڕەکانی وزە دروست بکات لە سەروبەندی لوتکەی خواستی هاوین لە نیوەگۆی باکووردا .
هەروەها هۆشدارییان دا لەوەی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، جگە لە زیادبوونی فشار لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی، دەتوانێت خۆڕاگری ئابووری جیهانی کەم بکاتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری و سەقامگیری دارایی وڵاتان هەبێت.
گوڵان: سەردار خەلیل
