زاخۆ ستافێكی تازەی ڕاهێنەران دەهێنێت
زاخۆ ستافێكی تازەی ڕاهێنەران دەهێنێت
تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ بەشدار لە خولی ئەستێرەكانی عێراقی ئەم وەرزە ئەیوب ئەدیشۆی ڕاهێنەری عێراقی نەیتوانی ئاستی تیپەكە بباتە قۆناغێكی تازە، هەر چەندە كارگێڕیی یانەكە ژمارەیەكی زۆر لە ئەستێرەكانی دەرەوە و ناوەوەی عێراقی لە یانەكە كۆكردبووە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە خولی ئەستێرەكانی عێراقی و خولی یانەكانی كەنداوی عەرەبی، بەڵام یانەكە لە خولی ئەستێرەكان نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێكێ لە كۆی ئەنجامدانی 35 یاری لەم وەرزەدا خاوەنی 52خاڵە و لە پلەی هەشتەمی ڕیزبەندی یانەكانی عێراقی دێت.لە دوای یەكسان بوونی یانەی زاخۆش لە خولی ئەستێرەكان بەرامبەر یانەی نەجەف بە گۆڵێك لە دوای یارییەكە ئەیوب ئەدیشۆی ڕاهێنەری یانەكە بەفەرمی نامەی دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەشی دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی زاخۆ كردوە، لە ئێستادا یانەی زاخۆ بیر لە هێنانی ڕاهێنەرێك دەكاتەوە بۆ ئەوەی بۆ ئەم چەنجد یارییەی ماوە سەرپەرشتی مەشقی یانەكە بكات، چونكە یانەكە ئێستا مانەوەی لە خولەكە مسۆگەرە و هیچ گرفتێكی نییە، بەڵام كارگێڕیی یانەكە دەیەوێت ڕاهێنەرێكی بۆ وەرزی داهاتووش ئامادە بكات، لە نێوان بەربژێرەكانیش شەهد عەبدولغەنی ڕاهێنەری عێراقی لە سەرجەم ڕاهێنەرەكانی تر چانسی وەرگرتنی ئەم پۆستەی هەیە و شارەزایی باشی لە خولەكانی عێراقی هەیە.
