بێكەس قادر جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان: ساڵی ٢٠٠٣ تەنیا ڕژێم گۆڕا، ئەو عەقڵیەتە سیاسییەی کە عێراقی پێ بەڕێوە دەبردرا هەرگیز بە تەواوی نەگۆڕا
بێكەس قادر جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، یەكێكە لە ڕۆشنبیر و سیاسییەكانی كوردستان، لە گفتوگۆی ئەمجارەدا «عێراق.. پرانسیپی ئاشتی و دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان» بەمجۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.
سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم مێزگردە و کۆکردنەوەی ئەم دەستەبژێرە لە پسپۆڕان و سیاسەتوانان، بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بابەتی و ڕاشکاوانە لەسەر پرسێکی هەستیار و چارەنووسساز، کە ئەویش پرسی «چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە».
بۆ ئەوەی بە قووڵی بچینە نێو چەقی کێشەکان و تێبگەین بۆچی تەنگژەکان لە عێراقدا هەمیشە سەرهەڵدەدەنەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ساڵی ٢٠٠٣ تەنیا ڕژێم گۆڕا، ئەو عەقڵیەتە سیاسییەی کە عێراقی پێ بەڕێوە دەبردرا نەگۆڕا. ئەمەش ڕێک جەوهەری کێشەکانی ئێستای عێراق پێکدەهێنێ، نەک تەنیا لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بەڵکو بۆ گشت کێشە سیاسی و دامەزراوەییەکانی عێراق بە گشتی.
کاتێک پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، ڕێگەی ڕاست و ئاراستەیەکی دروست ناگرێتەبەر، دەستوور نابێتە بنەمای یەکلاییکردنەوەی کێشەکان، لە هەموو ناوچەکان و بەرانبەر هەموو پێکهاتەکان وەکیەک جێبەجێ ناکرێت. ئەم فەرامۆشکردنەی دەستوور، بە تایبەتی بەرانبەر بە گەلی کوردستان، کە کێشەکەی ڕەهەندێکی مێژوویی و نەتەوەیی قووڵی هەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەوڵەکان نەگەنە جێگەی مەبەست و ڕێککەوتنی کۆتایی.
بەداخەوە، لە مێژووی سیاسیی عێراقدا، لە سەردەمی مەلەکییەوە بگرە تا وەکوو قۆناغی ساڵی ١٩٥٨ و قۆناغەکانی دواتریش، کلتوورێکی سیاسیی مەترسیدار چەکەرەی کردووە. ئەم کلتوورە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کورد و پێکهاتەکانی دیکەدا، لەسەر دوو پرەنسیپی دژبەیەک وەستاوە: پرەنسیپی «نەرمی» و پرەنسیپی «ڕەقی».
لە قۆناغی یەکەمدا، واتە تا ئەو کاتەی دەسەڵاتداران شوێنپێی خۆیان لە کورسیی حوکمڕانیدا قایم دەکەن، هەمیشە جۆرێک لە نەرمیی سیاسی و ئامادەیی بۆ گفتوگۆ و قبووڵکردنی ئەویتر نیشان دەدەن. لەم قۆناغەدا دەروازەکان بۆ دیالۆگ واڵا دەکرێن و ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردیش دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام لە قۆناغی دواتر هەر کە دەسەڵاتدارەکان لە بەغدا پێگەی خۆیان لە دەسەڵات قایمکرد، یەکسەر ئەم پرەنسیپە نەرمە دەگۆڕدرێت بۆ پرەنسیپێکی ڕەق و داخراو. لێرەوەیە کە زمانی گفتوگۆ جێگەی خۆی بۆ زمانی هێز و فشار چۆڵ دەکات و هەموو بەڵێن و ڕێککەوتنەکان پشتگوێ دەخرێن. ئەم عەقڵیەتە چەقبەستووە کە ڕێگرە لەبەردەم سەقامگیریی و عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵ کە تێیدا مافی هەمووان پارێزراو بێت.
بەداخەوە گۆڕانکارییەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، نەبوو بە مایەی وەرچەرخانێکی ڕیشەیی لەو عەقڵیەتە سیاسییەی کە ساڵانێکی درێژ حوکمڕانیی عێراقی پێ بەڕێوە دەچوو. دەتوانین بڵێین ئەو کلتوورە سیاسییە کۆنە، کە لەسەر بنەمای تاکلایەنی و هێز و خۆسەپاندن دامەزرابوو، لە قۆناغی نوێشدا بە بەرگێکی دیکە و لە فۆرمێکی جیاوازدا دووبارە پیادەکرایەوە. ئەمە ڕێک ئەو گرێکوێرە و کێشە گەورەیەیە کە پڕۆسەی سیاسیی عێراقی پەکخستووە.
کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، دەبینین لە ڕابردوودا هێزی چەکدار ئامرازی سەرەکیی ناوەند بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد و سەرکوتکردنی داوا ڕەواکانی گەلی کوردستان، بەڵام ئەوەی جێگەی نائومێدییە ئەوەیە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو هەمان ئەو عەقڵییەتە لە ژێر پەردەی جۆراوجۆردا سەری هەڵدایەوە. ئێستا فشارەکان تەنیا لە ڕەهەندی سەربازیدا کورت نابنەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان و فشارە جۆراوجۆرەکان لە هەموو ئاستەکاندا، هەوڵدەدرێت مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان فەرامۆش بکرێت. لێرەوە دەردەکەوێت کە پرەنسیپی «شەراکەتی ڕاستەقینە» و «تەوافوقی سیاسی» هێشتا نەبووە بە بەشێک لە کلتووری سیاسی عێراقدا. ئەگەر کار بەو پرەنسیپانە بکرایە، وەک کلتوورێکی سیاسی چەسپاو، بێگومان نەک تەنیا کورد، بەڵکو تەواوی عێراق قازانجی دەکرد و عێراق بەرەو ئاراستەیەکی دروست و گەشاوە هەنگاوی دەنا.
بەداخەوە، تێپەڕ نەکردنی عەقڵییەتی ڕابردوو زەرەرێکی گەورەی بە هەمووان گەیاندووە. هەرچەندە ئێستا هەوڵێک لە ئارادایە، بەڵام بە ڕاستگۆییەوە دەبێت بڵێین کاتێکی زۆر لەدەست دراوە. لەم ڕووەوە لایەنی کوردستانیش لە بەرپرسیارێتی بەدەر نییە، چونکە نەتوانرا وەک پێویست سوود لە کات وەربگیرێت بۆ چەسپاندنی واقیعێکی سیاسیی باشتر و بەرجەستەکردنی مافە دەستوورییەکان. گەورەترین کێشەش لەبەردەم دەستوور ئەوەیە کە، «کلتووری فیدراڵی» لە عێراقدا بە تەواوی غایبە، فیدراڵیزم تەنیا وەک دەقێکی وشک لە دەستووردا ماوەتەوە، بەڵام لە عەقڵییەتی سیاسیی دەسەڵاتدارانی ناوەنددا هیچ شوێنێکی بۆ نەکراوەتەوە.
هەربۆیە کاتێک بە وردی لە چەمکی «فیدراڵی» دەڕوانین، تێدەگەین کە ئەم چەمکە تەنیا لە دابەشکردنی ئیداریی دەسەڵاتدا کورت نابێتەوە، بەڵکو گوزارشت لە جۆرە فەلسەفەیەکی سیاسی دەکات کە لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە و دابەشکردنی دەسەڵات و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامان بونیاد نراوە. بەڵام ئەوەی لە واقیعی سیاسیی عێراقدا دەیبینین، پێچەوانەی ئەم بنەمایانەیە. دوای ساڵانێکی زۆر لە گۆڕانکارییەکان، هێشتا کەلکەلەی «مەرکەزییەت» و باڵادەستیی ناوەند لە عەقڵییەتی حوکمڕانانی بەغدادا زاڵە. ئەو لایەنانەی لە ڕابردوودا خۆیان قوربانی ستەم و مەرکەزییەتی ڕەهای ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکان بوون، ئێستا کە هاتوونەتە سەر کورسیی دەسەڵات، نەک هەر نەیانتوانیوە ئەو عەقڵییەتە تێپەڕێنن، بەڵکو زیاتر لە جاران مەیلیان بەرەو قۆرخکاریی دەسەڵات و ناوەندگەری و پەراوێزخستنی فیدراڵیزم چووە.
ئەمە تەنیا کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو کەلێنە دەستوورییەش هەیە کە لە دوای نووسینەوەی دەستووری ٢٠٠٥ەوە ڕەوشی ئەم وڵاتەیان بەرەو ئاڵۆزی بردووە. یەکێک لە گەورەترین و دیارترین کێشە دەستوورییەکان، پرسی پێکهێنانی «ئەنجومەنی فیدراڵی»یە. دەستوور، پێکهێنان و دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنەی بە یاسا سپاردووە، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران تا ئەمڕۆش بە ئەنقەست یان بەهۆی نەبوونی ئیرادەی سیاسییەوە، ئاوڕی لێ نەداوەتەوە و فەرامۆشی کردووە. ئەم فەرامۆشکردنە تەنیا پشتگوێخستنی ماددەیەکی دەستووری نییە، بەڵکو پەکخستنی نیوەی پڕۆسەی یاسادانانی دەستوورییە لە عێراقدا، چونکە بەپێی دەستوور، بە هەبوونی ئەم دوو ئەنجومەنە پێکەوە دەستووریبوونی یاسا و پاراستنی هاوسەنگیی سیستەمی فیدراڵی لە وڵاتدا دەستەبەر دەبێت.
لە لایەکی دیکە، کاتێک لایەنی کوردستانی دەست بە گفتوگۆ دەکات، ڕووبەڕووی پرسیارێکی دیکە دەبێتەوە: هەرێم لەگەڵ کێ گفتوگۆ بکات؟ عێراقی دوای پڕۆسەی ئازادی، ساڵ بە ساڵ زیاتر کەوتووەتە ژێر کارتێکردنی فاکتەر و ئەجێندای ئیقلیمی و دەرەکی. ئێستا دەستێوەردانەکان هێندە زەق و ئاشکران، کە پێگەی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت عێراق ببێتە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و بڕیاری سەربەخۆ، بە تەواوی لاواز بووە و ئەجێندای ئیقلیمی و دەرەکی لە ئەجێندای ناوخۆیی زاڵترە، ئەمەش بە بەشی خۆی ئەرکی هەرێمی کوردستانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەقامگیر زۆر قورس و ئاڵۆز کردووە. ئێستا بۆ چارەسەرکردنی هەر پرسێک، دەبێت لەگەڵ چەندین جەمسەری جیاواز و تەنانەت لایەنی ئیقلیمی گفتوگۆ بکرێت، کە ئەمەش بەربەستێکی ترە لەبەردەم سەقامگیری و ئاشتی.
هەروەها نابێت چاوپۆشی لەوە بکەین کە یەکێکی تر لە خاڵە لاوازەکانی پڕۆسە سیاسییەکە، لێکترازانی نێو ماڵی پێکهاتە سەرەکییەکانە. چ پێکهاتەی شیعە، چ سوننە و چ کوردیش، ڕووبەڕووی جۆرێک لە پەرتەوازەیی و لێکترازان بوونە، کە وای کردووە دیالۆگ ئاراستە و ئامانجە ڕاستەقینەکەی خۆی نەپێکێت. ئەم لێکترازانە ناوخۆییانە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم سەقامگیری و هەر هەوڵێک بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی بەردەوام.
بە تێگەیشتن لەم هۆكارانە دەتوانم بە ڕاشکاوی بڵێم: عێراق ئێستا لە ناو تونێلێکی تاریکدایە و ئەم دۆخە مەترسییەکی جدییە بۆ سەر هەمووان، بە تایبەتی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ئەو بێ متمانەییەی کە ئەمڕۆ دەبینرێت، ڕەگی لەو کاتەوە داکوتا کە بەشێک لە ماددە دەستوورییەکان و بە تایبەتی ماددەی ١٤٠ وەک پرس و کێشەیەکی مێژوویی پشتگوێ خرا، ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکران، بۆیە مەودای بێمتمانەیی لە نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام ڕووی لە فراوانبوونە.
بەڵام، سەرەڕای هەموو ئەم ئاستەنگانە، بژاردەی یەکەم و کۆتایی هەرێمی کوردستان تەنیا «دیالۆگ»ە. لایەنی کوردستانی، هیچ بەدیلێکی باشتری لە دەستوور و گفتوگۆ لەبەردەستدا نییە. لەو پێوەندەدا، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک کاراکتەرێکی بەهێز و کاریگەر لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بمێنێتەوە، دەبێت سەرەتا لە ناوخۆدا خۆی ڕێکبخاتەوە. پێویستە کێشە لاوەکییەکان و ململانێ نێوخۆییەکان بەلاوە بنرێن و هەموو وزەکان بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان و پتەوکردنی بنەما دیموکراسییەکان تەرخان بکرێن. پاشەکشە لە دیموکراسی لە ئاستی ناوخۆدا، پێگەی هەرێم لە ئاستی عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لاواز دەکات. تەنیا هەرێمێکی یەکگرتوو و خاوەن دامەزراوە، دەتوانێت لە ئایندەدا بەرگری لە مافە ڕەواکانی بکات و هاوکات ببێتە فاکتەرێکی گرینگ لە چارەسەرکردنی قەیرانە چەقبەستووەکانی عێراق.
