شەڕ و پێکدادان لەسەر سەرچاوەی ئاو لە چاد 42 کوژراوی لێکەوتەوە
میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاویانکردەوە، لە ڕۆژهەڵاتی چاد بەهۆی پێکدادان لەنێوان دوو بنەماڵە لەسەر سەرچاوەیەکی ئاو، لانیکەم 42 کەس گیانیان لەدەستداوە.
میدیا نێودەوڵەتییەکان ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی نیسان بڵاویان کردەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی چاد لانیکەم ٤٢ کەس گیانیان لەدەست داوە، دوای ئەوەی دوو بنەماڵە لەسەر سەرچاوەیەکی ئاو پێکدادان ڕوویدا.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بە پشتبەستن بە لیمان ماهامات، جێگری سەرۆکوەزیرانی چاد بڵاویکردەوە، ڕووداوەکە لە ناوچەی ئیگۆتی سەر بە پارێزگای وادی فیرا لە نزیک سنووری سودان ڕوویداوە.
هەروەها گوتی، کە سووڕی تۆڵەسەندنەوە بەسەر ناوچەیەکی تاڕادەیەک فراواندا بڵاوبووەتەوە و بە دەستێوەردانی سەربازی کۆنتڕۆڵکراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ململانێ لەسەر سەرچاوەکان لەم وڵاتە و ئەفریقای ناوەڕاستدا باو بووە.
ساڵی ڕابردوو لە باشووری ڕۆژئاوای چاد ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان جووتیاران و مەڕدارەکاندا ڕوویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 42 کەس و چەندین ماڵیش سووتان.
پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی چاد لە چەند مانگی ڕابردوودا میوانداری ئەو پەنابەرانە دەکەن کە لە شەڕی سودان هەڵدێن، ئەمەش گوشارەکانی سەر سەرچاوەکان و دۆخی ئەمنی زیادی کردووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
