پەروەردەکاران میکانیزمەکانی سەرخستنی خوێندنی ئۆنڵاین بۆ دایک و باوکان دەخەنەڕوو
لە پەراوێزی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا کوردستان و ناوچەکەی گرتۆتەوە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا پەکی کەوتوە لە ئێستاشدا بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پڕۆسەی خوێندن لە ڕێگەی ئۆنڵاین درێژەی پێ دەدرێت.
لەم ڕوانگەیەوە ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر و کار ئاسانی بۆ قوتابیان کراوە تاوەکو لە خوێندن بەردەوام بن، بەخێوکارانیش بە نیگەرانییەوە لە دۆخەکە دەڕوانن و دەپرسن لەم هەلومەرجەدا چۆن و بەچ شێوازێک مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی خوێندنی ئۆنڵاین بکەن؟ بۆ ئەم مەبەستەش مامۆستایانی بەشداربووی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان ڕێنمایی پێویست بۆ دایک و باوکان دەخەنە ڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
عوبێد خدر گۆمه‌شینی، سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ییە و سەرەتا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و دەڵێت: «سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا كه هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه پێیدا تێده‌په‌ڕێت، بۆ سه‌لامه‌تی و پارێزگاریكردن له گیانی قوتابیان له‌م بارودۆخه‌دا، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به ناچاری بڕیاریدا خوێندن بكرێته ئۆنڵاین، كه ئه‌م شێوازی خوێندنه بۆ هه‌رێمی كوردستان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر زه‌حمه‌ت و گرانه، به‌تایبه‌ت له گوند و شوێنه دووره ده‌سته‌كان كه تۆڕی ئه‌نته‌رنێت خراپه یان خاوه، یان كێشه‌ی كاره‌با بڕانیان هه‌یه، یان ئه‌و دایكوباوكانهی مۆبایل زیره‌ك یان لاپ‌تۆپ یان كۆمپیوته‌ریان نییه، یان توانای كڕینی كارتی ئه‌نته‌رنێت نییه یان شاره‌زاییان له به‌كارهێنانی ئه‌په‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده نییه، وه‌ك ئی هه‌ڵسه‌نگاندن و ئی وانه و ئی قوتابخانه.
ئه‌وه‌ی له‌و بارودۆخه له‌سه‌ر دایك و باوكان پێویسته زیاتر هاوكاری منداڵه‌كانیان بن، هه‌وڵبده‌ن ئه‌و بابه‌ت و وانانه‌ی ڕۆژانه له لایه‌ن مامۆستایان پێیان ده‌ده‌رێت، ڕوونكردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌یان بۆ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی باشتر له‌وانه و بابهتهكان تێبگه‌ن، چونكه قوتابی كاتێك له‌ناو پۆل و به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ گوێ له مامۆستا ده‌گرێت، باشتر و ئاسانتر له بابهتهكان تێده‌گات، ده‌توانن به‌شداری ڕاسته‌وخۆ له وانه‌كان بكه‌ن، پرسیار بكه‌ن و مامۆستاش ڕاسته‌وخۆ ئاگاداری باری ده‌روونی و چۆنیه‌تی تێگه‌یشتنی له وانه‌كان بێت، به‌ڵام شێوه‌ی ئۆنڵاین دووركه‌وتنه‌وه‌ی قوتابییه له مامۆستا و كه‌شی ناو پۆل، زۆرجار قوتابی حه‌ز به‌و شێوه فێربوونه ناكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆییه، جگه له‌وه‌ی قوتابی ئه‌و ماوه‌یه به‌هۆی پشووه‌كانی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و نه‌ورۆزه‌وه له خوێندن و قوتابخانه دابڕاوه، تا حه‌ز و ئاره‌زووی بۆ خوێندن ده‌بێته‌وه، پێویسته دایك و باوكان زیاتر خۆیان ماندوو بكه‌ن و كه‌شه‌كه‌یان له‌لا شیرین بكه‌ن، هه‌وڵبده‌ن كاته‌كانیان بۆ ڕێكبخه‌ن و كاتی خوێندن و حەسانەوەو خه‌وتنیان گۆڕانكاری تێدا بكه‌ن، كه به‌هۆی ئه‌و ماوه درێژه‌ی دابڕاون هه‌موو كاته‌كانیان تێكچووه، دره‌نگ له خه‌و هه‌ڵده‌ستن و هیچ خوێندن و نووسینیان نه‌بووه، هه‌ر خه‌ریكی یاریكردن و سه‌یركردنی ئایپاد و ته‌له‌فزیۆن بوون، به ئاسانی ناتوانن جارێكی دیكه ڕابێن، بۆیه زۆر پێویسته ڕه‌چاوی باری ده‌روونی و ئاره‌زووه‌كانیان بكرێت، هه‌رچه‌نده ئاسان نییه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌و دایك و باوكانه‌ی خوێنده‌واری و بڕوانامه‌یان هه‌یه، پاڵپشتی و هاوكارێكی باش بن، ببن به مامۆستای دووه‌م له ماڵه‌وه، ئه‌رك و خوێندنیان پێ بڵینه‌وه، به‌تایبه‌تی ئاماده‌كردنیان بۆ تاقیكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان. چونكه گه‌ر دایك و باوك هاوكار و یارمه‌تیده‌ر نه‌بن، ده‌بێته هۆی دواكه‌وتنی منداڵه‌كه‌ی له فێربوون و فێركاری، دابڕانی له كتێب و پرۆسه‌ی فێربوون، كه كاریگه‌ری خراپی بۆ داهاتووی قوتابییه‌كه ده‌بێت».
ڕاوێژکاری خوێندن نوور عەبدولقادر لەو سۆنگەیەوە دەڵێت: «بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاسایی و نالەبارییە ئەمنییەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، پڕۆسەی خوێندن تەنیا ڕووبەڕووی تەحەدیی زانستی و تەکنیکی نەبووەتەوە، بەڵکو گەورەترین گوشاری دەروونی و پەروەردەیی خستووەتە سەر خێزانەکان. لە کاتێکدا ناجێگیریی دۆخی ئەمنی ناچارمان دەکات پەنا بۆ خوێندنی ئۆنڵاین ببەین، ڕۆڵی دایکان و باوکان لە چاودێرێکی سادەوە گۆڕاوە بۆ ڕاهێنەرێکی هاوسەنگ، لێرەدا ئەرکی خێزان تەنیا چاودێریکردنی ئامادەبوونی منداڵ نییە لە وانەکانی ئۆنڵایندا، بەڵکو بونیادنانی پەناگەیەکی دەروونییە لەناو جەرگەی نائارامیدا، چونکە فێربوون تەنیا لە مێشکێکدا ڕوودەدات کە هەست بە ئارامی بکات. بۆیە پێویستە ماڵ ببێتە سەکۆیەکی ئارام و باوان ببنە فلتەرێکی زیرەک بۆ ئەو لێشاوە هەواڵە ترسناک و پڕوپاگەندانەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەبنەوە، تا ڕێگری بکەن لە دروستبوونی تراومای زانیاری لای منداڵەکانیان، کە بکوژی سەرەکیی تەرکیز و ئارەزووی خوێندنە.
یەکێک لە خاڵە هەرە جەوهەرییەکان لە خوێندنی ئۆنڵایندا، ڕەچاوکردنی جیاوازی تەمەنە لە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵدا. منداڵ لە قۆناغی سەرەتاییدا پێویستی بە چاودێرییەکی نزیکتر، هاندان و دروستکردنی کەشێکی هاوشێوەی پۆل هەیە، چونکە هێشتا لێهاتوویی فێربوونی سەربەخۆی لای گەشەی نەکردووە. بەڵام بۆ هەرزەکاران و مێردمنداڵان، مامەڵەکە دەبێت لە فەرمانکردنەوە بگۆڕێت بۆ گفتوگۆ و هاوبەشی؛ ئەوان پێویستیان بەوەیە متمانەیان پێ بکرێت و پانتاییەکیان بدرێتێ بۆ سەربەخۆیی، لە کاتێکدا باوان تەنیا وەک ڕێپیشاندەرێک لە دوورەوە چاودێری و ئاراستەی کارەکانیان دەکەن. هاوکات، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژینگەی دیجیتاڵی و ڕێگری لە لادان بۆ یاریکردن، پێویستە ئامێری خوێندن(ئایپاد و لاپ‌تۆپ) لە شوێنێکی دیار و کراوەی ماڵدا بێت نەک لە ژووری داخراو، هەروەها دەکرێت سوود لە ئەپڵیکەیشنەکانی وەک (Family Link) وەربگیرێت بۆ سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە یارییەکان لە کاتی وانەدا. گرنگتر لەمانە دروستکردنی گرێبەستێکی ئەخلاقی لەگەڵ منداڵ دەبێتە زامنی ئەوەی ئینتەرنێت تەنیا بۆ مەبەستی زانستی بەکاربهێنرێت. لیرەدا پێویستە منداڵ تێبگەیێندرێت کە ئەم کاتژمێرانە کاتی پیرۆزی فێربوونن و دوای تەواوبوونی وانەکان، کاتی دیاریکراوی بۆ یاریی دەبێت.
سەبارەت بەو نیگەرانییەی کە دایکان و باوکان باوان دەبێت کاتی زیاتر تەرخان بکەن بۆ بونیادنانی بنەماکانی فێربوون و ڕاهێنانی منداڵەکە لەسەر بابەتەکانی خوێندن، چونکە منداڵی بچووک هێشتا لێهاتوویی فێربوونی سەربەخۆی نییە، بەڵام بۆ مێردمندال و هەرزەکار پێویستە بزانین کە سەرکەوتنیان پێویستی بەوە نییە باوان ٢٤ کاتژمێر لە تەنیشتی بن. وەڵامەکە لە ستراتیژی کوالیتی لەبری چەندایەتی دایە. تەرخانکردنی تەنیا ١٥ بۆ ٢٠ خولەک لە کۆتایی ڕۆژدا بۆ گفتوگۆیەکی کراوە دەربارەی ئەوەی ئەمڕۆ چی فێربووی؟ یان چی بۆت قورس بوو؟ زۆر کاریگەرترە لە چاودێریکردنی بەردەوام. ئەمە نەک هەر باری سەر شانی باوان کەم دەکاتەوە، بەڵکو منداڵ فێری سەربەخۆیی لە فێربوون دەکات. هاوکات، داڕشتنەوەی ڕۆتینی فێربوون و دروستکردنی خشتەیەکی جێگیر بۆ خوێندن، پشوو، جووڵەی جەستەیی و خەوتن، وادەکات منداڵ هەست بکات ژیان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و هەستی کۆنترۆڵی بۆ دەگەڕێتەوە. جگە لەوەش، خاڵێکی زۆر گرنگ کە زۆرجار پشتگوێ دەخرێت، ئەویش پشووی دیجیتاڵی (Digital Detox) پاش وانەکانە. پێویستە باوان سوور بن لەسەر ئەوەی دوای تەواوبوونی وانە ئۆنڵاینەکان، منداڵ بۆ ماوەیەکی باش لە هەموو جۆرە شاشە و ئامێرێکی ئەلیکترۆنی دوور بکەوێتەوە، تا مێشک و چاوەکانی بحەسێنەوە و لە ڕێگەی چالاکی جەستەیی یان خوێندنەوەی کتێبی چاپکراوەوە، هاوسەنگی بۆ تەندروستی دەروونی و جەستەیی بگەرێتەوە.
لەکۆتاییدا، دەبێت ئەوە بزانین کە خوێندنی ئۆنڵاین پڕۆسەیەکی سێ قۆڵییە کە لە (مامۆستا، قوتابی و خێزان) پێکدێت. دروستکردنی پردی پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ قوتابخانە بۆ دەستنیشانکردنی کێشە تەکنیکی و زانستییەکان، زامنی ئەوە دەکات کە منداڵ تووشی بێ ئومێدی نەبێت. پەیامی من بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە: با ئەم دۆخە نالەبارە ئەمنییە بکەینە دەرفەتێک بۆ فێرکردنی چەمکی خۆڕاگری بە نەوەکانمان. ئەگەر ئێمە هۆشیارانە و وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینەی خوێندن مامەڵە بکەین، منداڵەکانمان نەک هەر لە وانەکانیان دانابڕێن، بەڵکو فێری گەورەترین وانەی ژیان دەبن؛ ئەویش ئەوەیە چۆن لەناو نادیاری و سەختییەکاندا، بە هاوکاریی خێزان، ڕێگەی سەرکەوتن بدۆزنەوە و بۆ داهاتوویەکی گەشتر ئامادە بن».
مامۆستا تەنکە مەجید سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئەم پرۆسەیە تازەیە لە وڵاتی ئێمە لایەنی چاک و خراپیشی هەیە، دایکان و باوکان دەبێ کاتی زیاتر تەرخان بکەن بۆ ئەم بابەتە، چونکە ئەم پرۆسەیە پەیوەندی نیوان دایکان و باوکان زیاترە لەوەی کە لە ناوندەکانی خوێند مامۆستا ئەو پەیوەندیەی هەبوو هەبوونی پەیوەندیەکان دەگۆڕێن ئەرکەکە زیاتر کەوتووتە سەر دایکان و باوکان،
بازنەی یەک زۆر هەستیارە وەک قوناغەکانی تر نییە بازنەی یەک هەر دەبێ دایک یاخود باوکان لەگەڵ قوتابییەکانیان ئامادەی پڕۆسەکە بن چونکە لەم تەمەنە ناتوانن تەکنەلۆجیا بە جوانی بەکار بێنن. وەک قۆناغەکانی تر نین.
خۆێندنی ئۆنڵاین چەندین سوودی هەیە، لەوانە:
١- ئاسانکاری: خۆێندنی ئۆنڵاین ئاسانترە و دەتوانیت لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا بخوێنیت.
٢- کاتی زیاتر: خۆێندنی ئۆنڵاین دەتوانێت کاتی زیاتر بۆت پاشەکەوت بکات، چونکە پێویست ناکات کات بۆ گەیشتن بە شوێنی خوێندن تەرخان بکەیت.
٣- هەڵبژاردنی زیاتر: خۆێندنی ئۆنڵاین دەتوانێت هەڵبژاردنی زیاتر بۆت پەیدا بکات، چونکە دەتوانیت لە نێوان چەندین بەرنامەی خوێندنی جیاوازدا هەڵبژێریت. لەیوتوب چەند مامۆستایک دەتوانی تاقی بکەیتەوە تا بتوانی بە باشی لێ تێ بگەن.
٤- تێچووی کەمتر: خۆێندنی ئۆنڵاین دەتوانێت تێچووی کەمتر بێت، چونکە پێویست ناکات پارەی کرێی شوێنی خوێندن بدەیت.
٥- خۆگونجاندن: خۆێندنی ئۆنڵاین دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ شێوازی ژیانی تۆدا، چونکە دەتوانیت لە هەر کاتێکدا بخوێنیت.
٦- دەستگەیشتن بە تەکنەلۆجیا: خۆێندنی ئۆنڵاین دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دەستگەیشتن بە تەکنەلۆجیا و فێربوونی شێوازی نوێی خوێندن.
٧-هەلی خۆێندنی زیاتر: خۆێندنی ئۆنڵاین دەتوانێت هەلی خۆێندنی زیاتر بۆت پەیدا بکات، چونکە دەتوانیت لە بەرنامەی خوێندنی جیاوازدا بەشدار بیت.
٨-پەرەپێدانی خۆیی: خۆێندنی ئۆنڵاین دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی خۆیی و بەدەستهێنانی زانیاری و توانای نوێ.
بەگشتی، خۆێندنی ئۆنڵاین دەتوانێت هەڵبژاردەیەکی باش بێت بۆ ئەوانەی کە پێویستە لەگەڵ کار و ژیانی تایبەتی خۆیاندا خۆیان بگونجێنن.
بەهیوای سەرکەوتن بۆ قوتابیانی ئازیز و خۆشەویست وڵاتمان لەم شەڕە بپارێزێت قوتابیان و مامۆستایان شاد بنەوە بە یەکتر».
عیسا بۆتانی، لێپرسراوی ڕاگه‌یاندن له په‌روه‌رده‌ی خه‌بات لەلای خۆیەوە هێما بۆ ئەوە دەکات «ئه‌گه‌ر له پێشوودا به به‌رده‌وامی ده‌گوترا كه‌وا سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن و كاری مامۆستا و قوتابخانه په‌یوسته به ئاستی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری ماڵباتی قوتابی، ئه‌گه‌ر ده‌گوترا پێویسته هه‌ردوو لایه‌ن ته‌واوكه‌ری یه‌كن و پێكه‌وه ده‌توانن پرۆسه‌ی فێربوون سه‌ربخه‌ن. ئه‌وا له ئه‌مڕۆدا ڕۆڵی ماڵبات به ته‌واوی به‌دیار ده‌كه‌وێت و ئه‌ركی هه‌ره قورس ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌وان. ڕاسته له ئێستادا به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه نه‌خوازراوه‌ی جه‌نگی نێوان ئێران و ئه‌مریكا و ئیسرائیل و بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر گیانی قوتابیان و مامۆستایان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به ناچاری په‌نای بردوه‌ته به‌ر خوێندنی ئۆنڵاین، به‌ڵام ڕاستییه‌ك هه‌یه نابێ له بیری بكه‌ین كه‌وا ئه‌و جۆره خوێندنه هه‌نگاوی دواڕۆژی هه‌موو جیهانه و ته‌نانه‌ت له بارودۆخی ئاساییشدا له‌وانه‌یه ببێته جێگره‌وه‌ی ئاماده‌بوونی قوتابیان له قوتابخانه‌كان و ئیتر فێربوون له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێت و پلاتفۆرمه‌كان یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ (قوتابخانه‌ی ئه‌لیكترۆنی) ببێته جێگره‌وه‌ی قوتابخانه، بۆیه باشترین شت ئه‌وه‌یه له ئێستادا قوتابیان و مامۆستایان و كۆمه‌ڵگا خۆیان له‌و شێوازه نوێیه‌ی فێركردن ڕابهێنن. ڕاسته له پێشوودا له سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ڕێگایه‌ی فێركردنی ئه‌زموونكرد، به‌ڵام نه‌بووه ڕێگایه‌ك شان به شانی خوێندنی ناو پۆل به‌رده‌وامی هه‌بیت و به جددی كاری له‌سه‌ر بكرێت تاكو بۆ ڕۆژگارێكی وه‌كو ئه‌مڕۆ نه‌بێته هه‌نگاو و بڕیارێكی نامۆ.
هه‌ر به‌خۆی دروستبوونی دۆخی شه‌ڕ و ده‌نگی درۆن و بوردوومان و ته‌قینه‌وه‌ی رۆكێت له شاره‌كاندا كاریگه‌ری به‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونی هه‌موواندا ده‌كات، بێگومان منداڵان زیاتر پێوه‌ی تووشی دڵه‌ڕاوكێ ده‌بن و جیا له‌وه‌ش مانه‌وه‌ی قوتابی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له ماڵه‌وه و دوور كه‌وتنه‌وه له قوتابخانه و مامۆستا و هاوڕێیه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ی باری ده‌روونی تووشی شڵه‌ژان ده‌كات، بۆیه خێزان ده‌كرێ ببێته پاڵپشتیكارێكی گه‌وره بۆ رۆڵه‌كانیان و هه‌میشه گله‌یی له بوونی سیسته‌می خوێندنێكی ئۆنڵاین نه‌كەن، به‌ڵكو به به‌رده‌وامی له‌به‌رده‌م منداڵه‌كاندا وه‌كو هیوایه‌ك بۆ به‌رده‌وامی فێربوون باسی لێوه بكات و داواكردن له منداڵان بۆ خوێندن له ڕێگه‌ی پلاتفۆرمه‌كان وه‌كو سزایه‌كی بێزاركه‌ر نه‌سه‌پێنن، به‌ڵكو وه‌كو ده‌رفه‌تێكی نوێی فێربوون بۆ به‌ده‌ستهێنانی كارامه‌ییه‌كی دیكه پێیان ڕاسپێرێت.
كاركردن به‌م ڕێگایه‌ی فێركردن خێزانه‌كان ده‌خاته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك كه‌وا چه‌نده سه‌ركه‌وتوو ده‌بن له‌وه‌ی بزاڤی په‌روه‌رده‌یی ئه‌و قۆناغه به سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕێنێت و كاروانی زانست ڕانه‌وه‌ستێت، خێزانه‌كان ده‌بێت ببنه جێگره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی، مامۆستا له له‌و سیسته‌مه‌دا نا‌توانیت چاودێری جوله‌ی قوتابی بكات و كۆنترۆڵی ڕه‌فتاره‌كانی بكات و وا بكات له گوێگرتن دانه‌بڕێت، لێره‌دا خێزان ده‌بێ دلنیا بێت له‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی وانه‌كان به ته‌واوی ده‌بینێت و یارمه‌تی بدات تاكو ئه‌و بابه‌تانه‌ی له پلاتفۆرمهكاندا هه‌ن به پێی ڕێنمایی مامۆستایان ببینن و ئه‌ركه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن.
دواجار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه به‌بێ ئاماده‌كارییه‌كی ته‌واوی پێشوه‌خته نه‌كراوه و بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخێكی نه‌خوازراو قه‌یرانێكی ئه‌منی به ناچاری په‌نای بۆ براوه، بۆیه سه‌ركه‌وتنی ئه‌و شێوازه‌ی فێركردن ته‌نیا له ئه‌ستۆی دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌كان نییه و خێزانیش له‌و به‌ینه‌دا سه‌نته‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و پرۆسه‌یه‌یه، سه‌رخستنی پرۆسه‌كه به ڕێژه‌یه‌كی هه‌ره به‌رز خۆی له بوونی متمانه به بڕیاری حكومه‌ت ده‌بینێته‌وه، ده‌بێ خێزانه‌كان متمانه‌یان هه‌بێت و بڕوا بۆ ڕۆڵهكانیشیان دروست بكه‌ن كه‌وا ئه‌و كاره‌ی كراوه له بهرژەوهندی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ییه و خاڵی ده‌ستپێكه بۆ به به‌رده‌وامیدان به‌و ڕێگایه له داهاتوودا، تاكو له‌ژێر هه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی و جۆخێكدا خوێندن په‌كی نه‌كه‌وێت و نه‌وه‌كان به‌رده‌وام بن له فێربوون».
