كـــوردســتـــان سـەرزەمینی هەزار و یەك رەنگی پێكەوەژیان
لێرەو لەوێ، لە باشووری كوردستان و لە پارچەكانی دیكەش، لە ئەنقەرەو لە تاران، لە پایتەختە عەرەبیەكان، لە ئەمریكاو ئەوروپا و هاوپەیمانانی دژە تیرۆر، لە بەغدا بەحكومەت و پێكهاتەكانی دەرەوەی حكومەت، لە باڵە زۆر و زەبەندەكانی شیعەو لە لایەنە پەرتەوازەكانی سونییەكان، لە مسوڵمانەكان و كریستیان و هەموو ئایینزاكان، لە خەڵكی مەینەتباری شارە عەرەبیە عێراقیەكان هەر لە بەسراوە هەتا موسڵ، هەركاتێ رووداوە ترسناكەكان و ئاریشە جیاوازەكان تەنگیان پێ هەڵدەچنێ، هەركاتێ پێشهات و پرسە سیاسیەكان دەبن بە گرێكوێرەو ددان و پەنجەكانی ئەوان توانای كردنەوەیان نابێ، هەركاتێ مەزهەبەكان شیر و تیر لێكدی دەسوون، هەركاتێ ناكۆكیەكانیان دەگاتە ئاستی تەقینەوە، هەركاتێ گڵۆڵە بەنی پێكەوەییان تێكدەئاڵۆسكێ، هەركاتێ مێشكیان بێجگە لە سڕینەوەی یەكدی و كوشتن و بڕین و تۆقاندن و خوێن و تەقینەوە زیاتر هیچیدیكەی تێدا نامێنێ، هەركاتێ مەزهەبەكان لە ترسی یەكدی و، هەموویان لە ترسی داعش و تیرۆر هەموو كونێكیان لێ پڕ ئاو دەبێ، تەنها یەك ناو، یەك كەس، یەك هەرێم و یەك باوەشی پڕ لە میهرەبانی، یەك بەڵێنپێدەری راستگۆ شك دەبەن هانای بۆ بەرن.. ئەویش سەرۆك مسعود بارزانی و هەرێمی ئاسوودەیی و هێمنایەتیی كوردستانە. هەمووان كاتێ پێویستیان بە فریادرەسێك دەبێ تا بەر لە نغرۆ بوونیان بگرێ لەنێو زەلكاوی ملهوڕی و ناتەباییدا… كاتێك هەموو هەوڵە نەزۆكەكان بە ئاراستەی ئاشتەوایی و پێكەوەژیان لەنێو كۆڵانە بنبەستەكانی حزبایەتی و ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی و رەگەزپەرستی، رێگەی هەنگاونانی بەرەو دەرچوون نامێنێ، پێكڕا و تێكڕا هاوار بۆ ” سەرۆك بارزانی” دێنن. چونكە ئەو سیمبولی ئاشتەوایی وپێكەوەژیانەو، گرێ و تەلیسمی هەموو ناكۆكیەكان تەنها بە سەرپەنجە سیحراوییەكانی ئەو دەكرێتەوە.
هەركاتێك عێراق وەكو بەلەمێكی مقەبایی تێكشكاو دەكەوێتە بەر هەڕەشەو پەلامارەكانی شەپۆڵە وێرانكارییەكانی دەریای هاروهاجی كێشە ئاڵۆزەكان و، دەكەوێتە سەر لێواری وێرانی و داڕووخان ئەوجا بەهەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، بە عەلمانی و ئیسلامییەكان، بە توندڕەو و میانڕەوەكان، بەهەموو تەیار و بزوتنەوە و جەیشە عەنتیكەكان و بە ئەفەندی و عەباپۆشەكان و بە لیبڕاڵ و رادیكاڵ و نیمچە دیموكرات و، بە حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆنەكان وەكو مێروولەی سەرلێشێواو، ملی رێگەی هەولێری شاری شاران و ژوانگەی چارەسەرەكان و پایتەختی هەزار و یەك رەنگی پێكەوەژیان و شاری ئاشتەوایی دەگرنەبەر، چونكە دەزانن سیحر و جادووی هەموو كێشە بێ چارەسەرەكانیان لێرە، لە هەولێری ئارامیی و خۆشەویستی و لانكەی مرۆڤایەتی و پایتەختی كورد و بارەگای بارزانی و، ئامێزی برایەتی و پێكەوەژیان.. دەكرێتەوە.
كاتێك شیعەو سوننەكان بەتێكڕا دەبن بە كارەكتەری فیلمە ترسناكەكان و بە تەور و درێل و هەموو چەشن و ئامێرەكانی كوشتن و پارچەكردن و كەوڵكردن دەكەونە وێزەو كوشتنی یەكدی دواجار “سەرۆك بارزانی” دەبێتە نێوەندگیریان و بانگهێشتیان دەكات بۆ ” هەولێر”ی ژیاندۆستی و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و، گوڵی ئاشتەواییان لە یەخە دەدا و بەڕێیان دەكات.
كاتێك خەڵكی داماوی “بەسرا”ی قوڕگی ئابووری عێراق، دەكەونە نێو مەنگەنەی ململانێی ئیقلیمی و مەزهەبی و، نوقمی نێو زبڵ و خاشاك دەبن و قوڕگیان شەقار شەقار دەبێ لە تینوێتی قومێك ئاوی شیرین و، سفرەیان چۆڵ دەبێ و، گیرفانیان بەتاڵ و ژیانیان تاڵ دەبێ هاواریان لێ هەڵدەستێ ”ئێمەش دەمانەوێ وەكو كوردستانەكەی مسعود بارزانی لە خۆشگوزەرانیدا بژین” دەدرێنە بەر رێژنەی گوللەو خوێنیان دەڕژێ.
ئەوسا كە لەبری نان و ئاو، تلیاك و حەشیشەیان بەسەر دا دەڕژێ و، كە داوای خزمەتگوزارییش دەكەن لە حكومەتەكەی خۆیان گوللەیان بەسەرداد دەبارێ، كەچی بە فەرمانی “سەرۆك” كاروانی خێرخوازیی بارزانی بەرەو شارەكەیان بەڕێ دەكەوێ و خۆراك و، ئاوی زوڵاڵ و شیرینی كانیاوی كوێستانەكانی كوردستانیان بۆ دەچێ.
ئیدی لەگەڵ نۆشینی هەر قومێك لەو ئاوە سازگارە دوعا و نزای خێر بۆ “سەرۆكێك” دەكەن كە هەمیشە میهرەبانی و دلسۆزییەكەی خۆی و، هەستی باوكایەتی و مرۆڤدۆستییەكەی خۆی، هێندەی بە گەلەكەی خۆی دەبەخشێ هێندەش دەبەخشێتە مرۆڤە لێقەوماوەكانی دیكە.
كاتێك بەناوی قاعیدەو، جارێك بەناوی فلان و فیسار رێكخراوی توندڕەوی ئایینی و، رۆژێك لە ژێر دروشم و ئاڵای جەیشی فلان و بزووتنەوەی فیسار دەكەونە كوشتن و قڕكردنی كریستیان و تەقاندنەوەی كڵێساكانیان، تەنها باوەشی كورد و بارزانی واڵا دەبێ بۆیان و روو لە هەولێرێك دەكەن كە تێیدا هیچ دیوار و سنوورێك لەنێو ئایینەكاندا نیەو هەمووان تێكەڵاو و بێ جیاوازیی ئایین و ئایینزاو بیروبۆچوونەكانیان ژیان دەگوزەرێنن و كەس بە كەس ناڵێ “ئەرێ تۆ لەسەر چی دینێكی”؟ ئەرێ تۆ سەر بە چ نەتەوەیەكی؟ كاتێك سوننەكان پاكتاوی مەزهەبی دەكرێن و لەترسی شیعەكان هەڵدێن و لە كوردستان ئاسوودەتر شوێنێكی تر شك نابەن بۆ ژیان، كاتێك دڕندەكانی داعش لەنێو لاپەڕە تۆزگرتووەكانی مێژووی كوشتار و خوێن و تۆقین دەردەپەڕن و پەلاماری ژن و منداڵ و ساغ و نەخۆش و ورد و درشتی مەخلوقاتی خوداوەند دەدەن و دەست لە كوشتنی كەس ناپارێزن و هیچ سنوورێك بۆ مرۆڤایەتی و، هیچ بەهایەك بۆ ئەخلاق و رەوشت و تەنانەت هیچ نرخێك بۆ یاساكانی جەنگ و، هیچ بەزەییەك بەرامبەر زارۆك و پیر و پەككەوتەو بیمار و نەخۆشان ناهێڵن و وەكو رەوە گورگی برسی كەڵبە تیژەكانیان لە جەستەی بێگوناهی هەموو ئەوانە گیر دەكەن كە دەكەونە بەر نیگا تەلخ و خوێناویەكانیان.. ئا لەو تەنگانەو رۆژی حەشرەدا ئەمریكا و هەموو هاوپەیمانانی دژە تیرۆر بەدوای “پێشمەرگەیەكدا دەگەڕێن لە پێگەی سەرۆك” دایە تا فەرماندەیی تێكشكاندنی ترسێنەرترین لەشكری تیرۆر بكات و، هەمووان ئاراستەی بیر و هۆش و هاوار و هانایان بۆ سەرزەمینی هێمنایەتی و خاكی پیرۆز و وڵاتی بەقەبارە بچووك و بەمیهرەبانی هێندەی ئاسمان پان و بەرین و بۆ باوەشی بێجیاوازیەكان و بۆ هەولێری لانكەی ژیان و جوانی و ئارامیی دەچێ و روو لێرە دەكەن تا لە بازنەی رەشی مەرگهێنەران و رەشپۆشە بێ بەزەییەكان و شمشێر بە دەستانی خەلافەتی مارمیلكەخۆرانی بیابان دەرچن و خۆیان بگەیەننە نێو باخچەی هەزار و یەكڕەنگی ئایینە جیاوازەكان و نەتەوە جیاوازەكان و زمان و كەلتوورە جیاوازەكان لەژێر ئاسمانێكی شینی پڕ لە پەلكە زێڕینەی رەنگاورەنگ كە بێجگە لە میهرەبانیی و لێبووردەیی و سەخاوەت و دڵگەورەیی و ژیاندۆستی و هەناسەی عەشق و خۆشەویستی و رێبازێك كە مرۆڤایەتی لەلای، لەپێشەوەی هەموو بەهاكانە، رێبازێك كە سەرۆك و پێشمەرگەكانی دیوارێكی هەمیشە پۆلایین و پەرژینێكی دڵنیایین لەنێوان مەرگدۆستان و ژیاندۆستاندا، رێبازێك كە مەرجی كوردبوون تێیدا پەیوەستە بە مرۆڤبوون و، ئەخلاق بەلایەوە ترۆپكی دیندارییە، كە فەلسەفەی رێبازەكەی كورتكراوە و گوشراوی رۆحی هەموو ئایینەكانە كە ئەویش ئەخلاقەو، هیچی تر.
رێبازێك كە جوانیی و ژیان بەدار و درەخت و گیاو سەوزە و مێروو و باڵندەو خاك و ئاو و هەوا دەبەخشێ.
رێبازێك كە تێیدا مرۆڤ بەشێكە لە سرووشت و دەبێ رێز و نرخ بۆ زەمین و ئاسمان دابنێ. رێبازێك كە فرمێسكەكانی “سەرۆك” بۆ هەموو لێقەوماوێكی سەر گۆی زەوی، وەكو یەك و بە یەكسانیی دەتكێ و دڵی هێندە گەورەیە شوێنی هەموو ئاوارەو دەربەدەر و بێ لانەو بێ وارێكی تێدا دەبێتەوە.
رێبازێك كە سەرۆك و پێشمەرگەكانی ئەفسانەی دڕندەترین و خوێنڕێژترین و بێ بەزەییترین و پڕچەكترین و دڵڕەقترین و گورگسیفەتترین و بێ ئەخلاقترین و ملهوڕترین سوپای وێرانكەری سەردەم واتە داعشیان تێك و پێك شكاند و تەفروتونایان كردن.
لە یادمانە كاتێك لە موسڵ، بەلەمێك سەراوژێر دەبێت و پتر لە سەد و بیست ئافرەت و زارۆك و گچكەو گەورە نوقمی نێو رووبار بوون و خنكان، زیندووەكانی شارەكە ترس و وەحشەت بەرۆكیانی گرت و هانایان بۆ “سەرۆك” هێنا. ئەوان هاواریان دەكرد ” داوا دەكەین سەرۆك بارزانی حوكمڕانیمان بكات و موسڵ بچێتە باوەشی كوردستان”.. ئەوان دەیانەویست لە وڵاتێك بژین كە “بارزانی” تێیدا سەرۆكەو، دەیانەویست لە شوێنێك بژین ” رێزیان لێ بگیرێ و ئاسایشیان هەبێ و ئەمنیەتیان هەبێ”. ئەوان تەنها دەیانەویست بژین. ئەوان داوایان دەكرد لە قەڵەمڕۆی مەرگ و گەندەڵی دەربچن و بێن لەبن رەشماڵێكی ئاوارەیی، كە موڵگەی ژیان و ئاسوودەییە بژین.
هەمووان لێرەو لەوێ، لە رۆژی لێقەوماندا هاناو هاوار بۆ “سەرۆك بارزانی” دێنن و هەركاتێكیش هەڕەشەی جەنگ و تیرۆر و كوشتن و نائارامییان لەسەر لادەچێ دەگەڕێنەوە سەر سرووشتی سپڵەیی خۆیان، بەڵام ئێرە، سەر زەمینی بەخشین و لێبوردەیی و مرۆڤایەتی بێ بەرامبەر و بەردەوامە. هیچ كاتێك نە لە ئەدگار و ئاكارە مرۆڤایەتیەكانی دا پاشگەز دەبێتەو و نە خەسڵەتە خواییە جوانەكانی مرۆڤدۆستانەی خۆی لە دەست دەدا و نە باوەش و ئامێزی داڵدەدانی بۆ لێقەوماوان دادەخاو، هەمیشە بە پەیڕەوی لە رێبازە مرۆڤدۆستانەكەی خۆی و بەهاناوەچوونی هەموو لێقەوماواندا كوردستان بە سەرزەمینی ژیاندۆستی و لانكەی پڕ لە میهری مرۆڤایەتی و شوێنێك بۆ ژیانی هەمووان دەمێنێتەوە. چونكە ئێمە پەروەردەو گۆشكراوی رێبازی ژیان و ئەخلاق و مرۆڤدۆستیین هەر وایش دەمێنینەوە.
بەڵام هەزار داخ و ئەسەف بۆ بێئەمەكی و سپڵەیی ئەوانەی چاویان بە جوانیی و چاكەو مرۆڤدۆستی كورد هەڵنایەو ئەوەتا لەبری چاكەدانەوەیان شەو و رۆژ مووشەك و درۆن دادەبارێننە سەر ئەو سەرزەمینەی كە لە تەنگانەدا داڵدەو پەناگەو ساباتی حەوانەوەیان بووە. بەڵام "دڵ" كە ڕەش بێت هیچ چاكەیەك "سپی" ناكات و زاتێك كە شێڵوو بێت هیچ میهرەبانییەك زوڵاڵی ناكات. لەم لاش، ئەم سەرزەمینە بەخشندەیە لە هەموو بارودۆخیكدا هەروا دەمێنێتەوە و كورد رانەهاتووە لە بەرامبەر خراپەی سپڵەكاندا خراپ بێت و لە بەرامبەر دڵرەشەكاندا دڵرەق بێت. رۆژ وشەوانی درۆن و مووشەكیش كۆتاییان دێت و ئاسمانی شینی كوردستان هەر بە بێگەردی و بە سافێتی و بە جوانیی دەمێنێتەوە.

مقداد شاسواری