کاتێک بازاڕ دیزاینی هەستەکانت دەکات: شیکارییەکی فەلسەفی بۆ پەیوەندی نێوان سەرمایەداری و بەراوردکاری کۆمەڵایەتی

کاتێک بازاڕ دیزاینی هەستەکانت دەکات: شیکارییەکی فەلسەفی بۆ پەیوەندی نێوان سەرمایەداری و بەراوردکاری کۆمەڵایەتی

 

تا ئێستا بیرت لەوە کردۆتەوە بۆچی کاتێک کەسێک شتێک بەدەست دەهێنێت، ئەو خۆشییەی هەستی پێدەکەین تێکەڵ بە هەستێکی نەخوازراوی ئیرەیی دەبێت؟ یان بۆچی بەدەستهێنانی بەرهەمێک لەو کاتانەدا دڵخۆشمان دەکات کە پێش ئەوانیتر بەدەستمان هێناوە یان پێی گەیشتووین؟ زۆرێک لە زانایانی دەروونزانی و کۆمەڵناسی کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم حاڵەتە دەروونیە کەموکوڕییەکی دروستکراوە و کەسی نییە، بەڵکو سیستەمێک هەیە کە بە هێمنی و بەبێ ئاگاداری ئێمە ئەم شێوازە هەستکردنەی لەنێو ئێمەدا بڵاوکردۆتەوە هەوڵی پەرەپێدانی دەدات. زانایان پێیان وایە سیستەمی سەرماییەداری ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە درووستکردنی هەستی ناکامڵبوون لە تاکدا. بەتایبەت کاتێک کارل مارکس باسی چەمکی "نامۆبوون" دەکات، مارکس پێی وایە، سیستەمی سەرمایەداری وا لە مرۆڤ دەکات لە خۆبوون خودی بوون دوور بکەونەوە، مارکس پێی وایە مرۆڤ لە نێو سیستەمەکەدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە پێناسەی خۆی بە شتە ماددییەکان یاخود بەو شتەی کە خاوەندارییەتی دەکەن یان بەو سەرماییەی کە کەڵەکە کردووە بکات. کاتێک سەرکەوتن تەنها بەهۆی خانوو و پارە و پێگەی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێت، تاک ناچاردەکات بەردەوام سەیری دەوروبەری بکات - نەوەک فێری پەرەپێدانی خودی ببێت تانانەت جۆری پەیوەندیەکانیش لەسەر بنەمای ماددی درووست دەبێت وە بەردەوام خۆیان لەناو پلەبەندییەکی نەبینراودا دابنێن لە کۆمەڵگادا کە سیستەم خولقاندوویەتی.

دەروونناس لیۆن فێستینگەر، لە ساڵی ١٩٥٤، لە تیۆرییەکەی باسی بەراوردکاری کۆمەڵایەتی دەکات. فێستینگەر ئاماژەی بەوەداوە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی خۆیان بە کەسانی دیکە بەراورد دەکەن - ئەمە پرۆسەیەکی ئاساییە، تەنانەت پێویستیشە، تاک لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت بەها و پێگەی خۆی هەڵبسەنگێنێت. بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە ئەم بەراوردکردنە دوو شێوەی جیاوازی هەیە: بەراوردکردنی بەرەو سەرەوە، مرۆڤ سەیری ئەو کەسانە دەکات کە باشتر دەردەکەون، ئەمەش هەندێکجار پاڵنەرە بۆ پێشکەوتن بەڵام زۆرتر ئیرەیی و هەستکردن بە ناتەواوی بەرهەم دەهێنێت؛ و بەراوردکردنی بەرو خوارەوە، لێردا تاک سەیری ئەو کەسانە دەکات کە دۆخیان خراپتر دەردەکەوێت، ئەم شێوازە هەستێکی کاتی ئاسوودەیی لە مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت. سیستەمی سەرمایەداری کولتوری بەکاربەر پەرەپێداوە تەنانەت کردوویانە بناغەی ژیانی ڕۆژانە. ڕیکلام و سۆشیال میدیا و ستاتۆی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەم بنەمایە پێکەوە کاردەکەن. بەردەوام ئەو شتانە لەبەردەمتدا دادەنێن کە تۆ نیت و هەستی کەمبوون چاوچنۆکی لە تاکدا درووست دەکەن، بۆ ئەوەی هەرگیز هەست بە تەواوبوون ئاسوودی نەکەن.
ئیریچ فرۆم لە کتێبی "کۆمەڵگەی عەقڵانی" (١٩٥٥)دا، ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرمایەداری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە مرۆڤەکاندا بەرهەم هێناوە - مرۆڤەکانی لە "بوون"ەوە گۆڕیوە بۆ "هەبوون". مەبەستش لێی ئەوەیە کە مرۆڤی مۆدێرن چیتر ئارەزووی باشتربوونی نییە، بەڵکو زیاتر ئارەزووی ئەوە دەکات کە زیاتری هەبێت. شوناس دەبەسترێتەوە بە خاوەندارێتی و سەروەت و سامان و بەم پێوەرەش هەم خۆی و هەم ئەوانی تر هەڵدەسەنگێندرێت. هەر لەم خاڵەوە دەگەینە ئەو شتەی کە لە زانستی دەروونزانی پێدەڵێنSchadenfreude واتاهەستکردن بە چێژ لە بەدبەختی ئەوانی دیکە. فرۆم بەم شێوەیە ئەمەی ڕوونکردەوە: کاتێک ناسنامەکەت بەستراوەتەوە بە دەستکەوت و موڵکەکانتەوە، ئەمە نیشانەی شکستی ئەخلاقی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە سیستەمەکە بە هێمنی لەنێوماندا چێنراوە.

ئەوەی ئەم سێ بیرمەندە - مارکس، فێستینگەر و فرۆم - پێکەوە ئاشکرای دەکەن ئەوەیە کە ئیرەیی و بەراوردکردن و چێژوەرگرتن لە شکستی ئەوانی دیکە تەنیا لە ناو تاکدا سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لە چوارچێوەی سیستەمێکدا بەرهەم دەهێنرێن کە بەرژەوەندی ئابووریی تایبەتی هەیە لە هێشتنەوەی مرۆڤەکان وە هەمیشە هەستی ناڕازی و خۆبەراوردکاری لە مرۆڤدا دەخوڵقێنێت. دەروونناسی ڕەخنەیی ئەم بابەتە زیاتر دەباتەپێشەوە و دەڵێت ناتوانرێت تاک بە تەنیا تاوانبار بکرێت؛ بەڵکو دەبێت خودی سیستەمەکە بخرێتە ژێر پرسیارەوە. یەکەم هەنگاو بەرەو ئازادی هۆشیارییە — زانینی ئەوەی ئەم هەستانە لە کوێوە سەرچاوە دەگرن، و کامیان بەڕاستی هی خۆتن و کامیان لەلایەن سیستەمەوە دانراون. ئەو کەسەی کە گەیشتووەتە ئەم هۆشیارییە، دواتر دەتوانێت هەڵبژاردنێکی جیاواز بکات: لەبری ئەوەی خۆی بە کەسانی دیکە بەراورد بکات، دەتوانێت خۆی بەو پێوانە بکات کە دوێنێ کێ بووە و لەوێوە ژیانێکی ڕەسەنتر و ئازادتر دەست پێبکات.

ئاوات سەلیم
توێژەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای زانکۆ.

Top