خەبات؛ ٦٧ ساڵ تەمەن لەپێناو وشەی ئازاد و مێژووی نەتەوەیەک
ڕۆژنامەی (خەبات) تەنها ناوێکی میدیایی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە شەست و حەوت ساڵ تەمەنی پڕ لە سەروەریی و کۆڵەکەیەکی جێگیرە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا. لە ٤ی نیسانی ١٩٥٩دا، کاتێک وەک زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرچوو، تەنها بڵاوکراوەیەک نەبوو، بەڵکو لەدایکبوونی شوناسێکی نەتەوەیی بوو کە بووە شاڵاوە پۆڵاینەکەی بەردەم هەوڵە شێوێنەرەکانی ناسنامەی کورد. ئەم ڕۆژنامەیە لە هەموو وێستگە غەدارەکانی مێژوودا، لە شاخ و لە شۆڕش و لەژێر سێبەری بوردوماندا، وەک هاوسەنگەرێکی دڵسۆزی پێشمەرگە مایەوە؛ هەندێک جار بە نهێنی لەنێو ئەشکەوتەکاندا چاپ دەکران، بەڵام هەرگیز ڕێگەی نەدا بڵێسەی وشەی ئازاد کز بێت.
ئەوەی "خەبات" لە زۆرینەی میدیاکانی تر جیا دەکاتەوە، پاراستنی ڕەسەنایەتی زمان و ئەتەکیەتی پیشەیییە. لە سەردەمێکدا کە زمانی زبر و تەشهیر باڵی کێشاوە بەسەر کایەی میدیاییدا، خەبات وەک قوتابخانەیەکی "مولتەزیم" مایەوە و بە کوردییەکی پاراو، ڕێزی لە حورمەتی وشە گرت، ئەمەش وایکردووە کە لای دۆست و نەیار وەک مەرجەعێکی نیشتمانیی جێی متمانە سەیر بکرێت. ئەمڕۆ خەبات نەک تەنها ڕۆژنامە، بەڵکو بانکێکی زانیاری و ئەرشیفێکی زیندووە بۆ هەر توێژەر و مێژوونووسێک کە بیەوێت لە ڕاستییەکانی نیو سەدەی ڕابردوو بکۆڵێتەوە.
لە یادی ئەم کاروانەدا، سڵاو بۆ ئەو سەربازە ونانە دەنێرین کە لە پێناو نەوەستانی ئەم چەرخەی چاپدا گیانیان سپارد. پەیاممان بۆ داهاتووی خەبات ئەوەیە کە وەک قەڵایەکی زمانەوانی بمێنێتەوە و بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، ببێتە پێشەنگی گەیاندنی ڕاستییەکان. ئێستاش ستافە دڵسۆزەکەی، سەرەڕای قەیرانەکان، بە هەمان ورەی جاران بەردەوامن؛ چونکە خەبات قوتابخانەیەکە بۆ هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و وەک بەتەمەنترین ڕۆژنامەی سیاسی، هەمیشە لە لوتکەی شکۆدا دەدرەوشێتەوە.

سەنار شێرۆكی