بــایـــەخـــی هەبوونی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەكان
پارتی سیاسی بریتیە لەهەبونی كەسایەتیەكی معنەوی كە كۆمەلێک كەسایەتی سروشتی لەخۆی دەگرێت ئەوانەش گردبوونەوە دەكەن لەژێر ڕۆشنایی بیرۆكەیەكی سیاسی دیاریكراو لە پێناو ئامانجێكی سیاسی هاوبەش لە چوارچێوەی قانونی پارتە سیاسیەكان كە لەلایەن پەرلەمانەوە دادەرێژرێت، زۆرجار یەك پارت یان دوو پارت لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی چالاكی سیاسی ئەنجام دەدەن و كێبركێیانە لە سەر بردنەوەی كورسیەكانی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت، ئەم تێروانینە بۆ ئەو وولاتانە دروستە كەوا وڵاتی دامەزراون و ئاسایشی نەتەوەیان جێگیرە، تارادەیەكی زۆریش پرسی دیموكراسی لەنێوانیان جێگای خۆی كردۆتەوە، بەڵام لەو وڵاتانەی لە قۆناغی پێگەیشتووی ژیانی سیاسیدان ئەوا زیاتر هاوپەیمانی سیاسی درووست دەكرێت بۆ ئەوەی لەژێر چەتری ئەو هاوپەیمانیە پارت و كۆمەڵە سیاسیەكان لە گۆرپانی سیاسی چالاكی ئەنجام بدەن. لایەنێکی دیکەی هاوبەشی سیاسی هەیە بەدیدی من كە ئەمە زیاتر لەگەڵ واقیعی هەرێمی كوردستان دەگونجێت و لە پێشووشدا ئەنجامی هەبووە ئەویش بریتیە لە بەرەی كوردستانی لەسەرەتا و سەروبەندی كشانەوەی ڕژێمی بەعس لە كوردستان هاتەكایەوە.
لە ئێستادا كوردستان زیاتر لەو كاتەی بەرەی كوردستانی بوونی هەبووە گرینگترە ئەویش چۆنیەتی دروست كردنی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەكانە لە كوردستان لەڕاستییدا ئەو ئەركەی لەكاتی خۆی بەرەی كوردستان بەتەواوی ئامانجەكانی خۆی نەپێكا دەبێت لە چوارچێوەی ئەم ئەنجومەنە مەبەستەكانی خۆی بە واقیعی جێبەجێ بكات كە دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوە كورتی بكەینەوە.
یەكەم- پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پارێزگاریكردن لە دەسكەوتەكان كە بەخوێنی هەزارەها شەهید و قوربانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بەدەستهاتوون.
دووەم- وەستاندنی هێرشە ناراوەكانی نەیاران و بە سزاگەیاندنی ناپاكانی ناوەخۆیی كە ئامانجیان تێکدانی ئەو دەستکەوت و ئاشتی و ئارامییەی هەرێمی کوردستانە.
سێیەم- رێگەنەدان بە كاڵكردنەوەی دۆزی كورد لەهەرێمی كوردستان و تەواوی پارچەكانی دیکە ئەركیەتی ئەو ئەنجومەنە پشتگیری سەرۆك كۆمارێك بكات كە ئەركەكەی پاسەوانی دەستورە، لەنێویشاندا مافە سیاسیەكانی خەڵكی كوردستان بە هێلی سوور بزانێت لەهەر دەست درێژیەكی نارەوا.
چوارەم- بەجدی كار بكات بۆ دروست بوونی یەكێتی نەتەوەیی كورد لەهەر شوێنێك بیێت لە پاڵیشیدا كار بكات لەسەر كارلێكردنی هاوسۆزی ئەو پێكهاتەی لە گەڵ كورد دەژین.
پێنجەم- دەبێت ئەو ئەنجومەنە شوێنی دەسەڵاتە قانوونی و دەستوریەكان نەگرێتەوە، بەڵكو پاڵپشتی بەهێزیان بێت ئەویش لە رێگای پەروەدەكردنەوەی تاك لەوێشەوە بۆ كۆمەڵگا كە ئەو بڕوایەیان لادروست بكەن مان و نەمانمان پەیوەستە بە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان.
شەشەم- مەبەستێكی تر دەبێت ئەو ئەنجومەنە لای گرینگ بێت ئەویش فراوانكردن و لۆبیكردنی زیاتری پرسی كوردە و هاندان و پشتگیری رەوەندی كوردە لەو وڵاتانەی سەنگ و قورساییان هەیە لە بڕیارەكانی بەرێوەبەردرنی نێودەوڵەتی.
وە دەبێت ئەو ئەنجومەنە لە تەواوی ئەو پارتە سیاسیانە پێك بێت كەوا مۆلەتی فەرمیان هەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەبوونی كورسی پەرلەمانی، چونكە پێوەری هەبوونی مۆلەت واتە پارتی سیاسی هەیە بەڵام كورسی پەرلەمانی هەمیشە لە گۆران دایە، خاڵكی دیکە دەبێت لەپەیرەوی ئەو ئەنجومەنە بریارەكان بە كۆدەنگی (الاجماع) دەربكرین نەوەك زۆرینە و كەمینە، دەبێت بڕیارەكانیشی سیفەتی پابەند بوونیان هەبێت بۆ پارتەكان.
ئەركی هەر كوردێكی دڵسۆزە لەم قۆناغە بە بچوكترین ئەركیش بێت كار بۆ دروستبوونی ئەو ئەنجومەنە بكات، چونكە دۆخێكی سیاسی ناهەموار دەگوزەریت هەم لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەمیش لەسەر ئاستی باڵادەستی جەمسەرەكانی جیهانی.
لە ئێستادا ئەو ئەنجومەنە هیوای هەموو كوردێكی دڵسۆزە، دواتریش دەبێتە پاسەوانی مافەگشیتەكانی هەموومان، بۆیە تێكۆشان لە پێناویدا جگە لەوەی ئەركە پارێزگاریكردنیش لێی زیاتر لە هەر ئەركێكی تر پیرۆزترە.

ن:علی چیایی