ته‌وه‌ری بازنه‌ی گفتوگۆ . . . كــــوردستان لەناو شەڕێكی نەخوازراودا

ته‌وه‌ری بازنه‌ی گفتوگۆ . . .          كــــوردستان لەناو شەڕێكی نەخوازراودا


ئەمڕۆ 1ی نیسانی 2026 لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سی و نۆیەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بەناونیشانی" كوردستان لەناو شەڕێكی نەخوازراودا" بەرێوەچوو.
بۆ ئەم گفتوگۆیە، بازنەی گفتوگۆ ڕاپۆرتێكی مەیدانی لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكردبوو كە تیایدا ڕاوبۆچوونی ژمارەیەك لە سیاسەتمەدار و ئەكادیمیست و دەستەبژێر لەسەر ئەو دەستدریژیانە وەرگیرابوو كە بە ناهەق دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و هەروەها هەڵوەستە لەسەر ئەو دەرهاویشتە نەرێنیانە كرا بوو كە ئەم شەڕە نەخوازاروە لەسەر هەرێمی كوردستانی دروستكردووەو، دوای نمایشكردنی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر سكرین، ئەم بەڕێزانە " خەلیل ئیبراهیم ، میسال ئالوسی، شوان ڕابەر ، سالم كاكۆ ، سائیر ئەلبەیاتی ، شێڕدڵ تەحسین، حەسەن شەرەفی ، رۆستەم مەحمود، میر جەوهەر عەلی بەگ ، عادل مەلاساڵح ، هەندرێن ئەحمەد، مستەفا ئۆزجەلیك – بەسكایب، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، عیماد مزوری، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد" بۆ ماوەی نزیكەی 3 كاتژمێر زۆر راشكاوانە گفتوگۆیان لەسەر ئەم پرسیارە هەستیارە كرد.
ئامادەبووانی ئەم گفتوگۆیە، وێڕای جیاوازیی بیربۆچوونەكانیان بەڵام هەموویان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە سەرۆك بارزانی زۆر لۆژیكانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم شەڕە نەخوازراوە كردووە و هەوڵیداوە كە كوردستان بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەم شەڕە كاولكارییە بەدوور بێت، بەڵام وێرای ئەم هەڵوێستە بێ لایەنەش بەڵام پریشكی ئەم شەڕە كوردستانی گرتۆتەوەو بە ناهەق هێرش دەكرێتە سەر هێزی پێشمەرگە و چەندین پێشمەرگەیان شەهید بوون و چەندینی دیكەشیان برینداربوون، هەروەها بەكۆی دەنگ ئەو هێرشە دوژمنكاریانە سەركۆنە كرا كە لەلایەن گروپە چەكدارە لە یاسا دەرچووەكانی عێراقەوە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و زیان بە هاوڵاتیانی سڤیل و سەروماڵیان دەگەیەنرێت.
خاڵێكی دیكە كە زۆر بە بایەخەوە هەڵوەستەی لەسەر كرا ، پرسی یەكریزی نێوماڵی كوردستان و دیدوتێڕوانین و هەڵوێستی حزبەسیاسەكانە لەسەر ئەم شەڕە، بۆ ئەمەش جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە لەم باردۆخەدا هیچ حزبێكی سیاسیی خۆی وەك ئۆپۆزسیون پیشاندەدات، ئەمرۆ كوردستان پێویستی بەیەكریزی و یەكهەڵوێستیە و ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە كە هەرێمی كوردستان لەم باردۆخە بپارێزین و، ئەمەش تەنیا بەوە دەكرێت كە هەموومان لەدەوری گوتارێكی نیشتمانی كوردستانی كۆببینەوە.
جێگەی ئاماژە پێكردنە ، راپۆرتی تێروتەسەلی ئەم گفتوگۆیە لەڕۆژی 6ی نیسانی 2026 لەسەر لاپەرەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاودەكرێتەوە.

Top