کـــۆتــــایـــی مـیــلـیـشـیـاکـــان لــــە ئــــاســمـــانــــی هـــەولـــێــــردا
هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بەرەی بهناو مقاوەمە بۆ سەر هەولێر گەیشتووەتە قۆناغی بڕیاردانی چارەنووس تەڵەی درۆنەکان و میلیشیاکان وا دەزانن درۆن و مووشەکی بالیستی (وەک فاتیح هاوسەنگیی هێز دەگۆڕن بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە دوا دەرفەتە کە بۆیان ڕەخساوە هەر درۆنێک کە ئاسمانی هەولێر دەبەزێنێت، شەرعییەتی زیاتر دەداتە هاوپەیمانان بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر پاکتاوکردنی یەکجاری ئەو گرووپانە بدەن .
لە بەرگری یەوە بۆ هێرشی بنبڕکەر ململانێی ئێستا تەنیا لێدانی چەند ئامانجێک نییە بەڵکو گۆڕانی هاوکێشەی ئەمریکا و ئیسرائیلە بەرامبەر میلیشیاکان چیتر تەنیا مووشەکەکان ناخرێنە خوارەوە بەڵکو سەری مارەکە و سەرچاوەی هێرشەکان دەکرێنە ئامانج تێچووی ئەم سەرکێشییانە بۆ میلیشیاکان مەرگی سیاسی و سەربازیی خۆیان دەبێت هەولێر قەڵایەکی تەکنەلۆژی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو و لیزەر وا دەکات چەکی میلیشیاکان کاریگەریی نەمێنێت ئەوان چەکیان کۆنە و تەکنەلۆژیای بەرگری نوێیە ئەمەش یارییەکە بە زیانی ئەوان کۆتایی پێ دەهێنێت .
مەرگی سیاسی لە بەغدا ئەم هێرشانە نەک تەنیا هەرێم بەڵکو حکومەتی عێراقیش دەخاتە بەردەم سزای نێودەوڵەتی ئەمەش وادەکات هێزە سیاسییەکانی تری عێراق ناچار بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان پشت لەو گروپانە بکەن و کۆتایی بەو دەوڵەتە لەناو دەوڵەتەدا بهێنن ئەوانەی ئەمڕۆ بە درۆنەکانیان شانازی دەکەن، نازانن کە هەر هێرشێک بۆ سەر هەولێر بزمارێکی ترە لە دارەمەیتی خۆیان دەیدەن نۆرەی لەناوچوونی یەکجارییان نزیک بووەتەوە و مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ هێزێکی دەرەوەی یاسا ناتوانێت لە بەرامبەر ئیرادەی گەل و هاوپەیمانییە گەورەکاندا خۆی ڕابگرێت و ئەو درۆنانەی وەک سێدارە بۆ هەولێر ڕەوانە دەکران ئێستا بوونەتە تەڵەی مەرگ بۆ خودی میلیشیاکان هاوکێشەکە چیتر وەک ڕابردوو نییە و یەکلایی بووەتەوە سەری مارەکە دەبڕدرێت نەک تەنیا مووشەکەکە
ئەوانەی یارییان بە ئاگر دەکرد ئێستا لەناو دووکەڵی شکستەکانی خۆیاندا خنکاون هەولێر وەک قەڵایەکی پۆڵاین دەمێنێتەوە و نەیارانیشی تەنیا سەرشۆڕییان بۆ دەمێنێتەوە .
ئاراستەکردنی دڕۆن و موشەکەکان بۆ سەر هەولێر لەلایەن بەرەی مقاوەمەوە ئەگەرچی مەبەست لێی فشارە بەڵام لە ڕاستیدا دەرەنجامێکی پێچەوانەی هەیە ئەم هێرشانە بوونە گەورەترین پاساو و زەروورەت بۆ ئەوەی ئاسمانی هەولێر بە سیستەمی بەرگری پێشکەوتووی جیهانی بپۆشرێت .
پۆشتەکردنی ئاسمانی هەولێر لە ناوچەیەکی مەترسیدارەوە دەگۆڕێت بۆ قەڵایەکی پارێزراو
بایەخی نێودەوڵەتی سەلماندی کە پاراستنی هەولێر بۆ هاوپەیمانان هێڵی سوورە
ئەزموونی سەربازی هێزەکان لە حاڵەتی ئامادەباشی بەردەوام و تاقیکردنەوەی سیستەمەکاندان لە کۆتاییدا هەر موشەکێک کە ئاراستە دەکرێت پێویستیی هەبوونی چەترێکی پۆڵاین بۆ شارەکە زیاتر دەسەلمێنێت زۆرجار لە سیاسەت و جەنگدا ئەنجامی کردارەکان بەو ئاراستەیەدا ناڕۆن کە بکەرەکەی مەبەستیەتی ئەوەی بەرەی مقاوەمە بەرامبەر بە هەولێر دەیکات نموونەیەکی زیندووی ئەم هاوکێشەیەیە ئەگەرچی ئامانجی ئەو دڕۆن و موشەکانە دروستکردنی فشار و ناسەقامگیرییە بەڵام لە واقیعدا ئەنجامێکی تەواو پێچەوانەی داوەتە دەست پاساوی شەرعی بۆ پڕچەککردن ئەم هێرشانە باشترین زەروورەت و پاساویان دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا کە ئاسمانی هەولێر بە پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریی جیهانی دابپۆشرێت ئەو بودجە و تەکنەلۆژیا سەربازییەی کە ڕەنگە لە دۆخێکی ئاساییدا ساڵانێکی زۆری بخایاندایە تا بگاتە هەولێر بەهۆی ئەم هێرشانەوە بە پەلە و وەک ئەولەویەت جێگیر کران
پێشتر هێرشەکان وەک کێشەیەکی ناوخۆیی عێراق یان ململانێی نێوان گروپەکان و ئەمریکا سەیر دەکران بەڵام بەردەوامیی ئەم هێرشانە دوو دەرەنجامی ستراتیژیی نوێی لێکەوتەوە
گۆڕینی هەولێر بۆ هێڵی سووری نێودەوڵەتی
ئەم هێرشانە وایکرد کە پاراستنی هەولێر تەنها بەرپرسیارێتیی هەرێم نەبێت بەڵکو ببێتە بەشێک لە ئاسایشی وزەی جیهانی و ئەمەش پێگەی سیاسیی کوردستان و هەولێر لە ئاستی جیهانی بەهێزتر کرد

موحسین هەرکی