نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بۆ گوڵان: كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران كاریگەریی باشی لەسەر دابەزینی نرخی كاڵاو شمەكەكان هەبوو
- لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا توانیومانە كۆنترۆڵی نرخەكان لە بازاڕدا بكەین - كێشە لە بەشە خۆراكی هاوڵاتییان نییە و بەپێی پێویست بەشە خۆراكی لە كۆگاكانمان هەیە
لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا بەهۆی هەڵشكانی خواست دڵەڕاوكێ لەلایەن هاوڵاتیان لەسەر كەمبوونەوە و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك دروست دەبێت، لەم ساڵەدا و لەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزاندا كە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵكشانی بەهای دۆلار و دروستبوونی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا و ئێرانكە بووە هۆی سستبوونی جموجوڵی بازرگانی لە دەروازە سنوورەكانی وەكو باشماخ و حاجی ئەمەران و تەنانەت بۆ چەند ڕۆژێك دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران داخران و جموجۆلی بازرگانی ڕاوەستا.. گۆڤاری گوڵان بۆ بەدواداچوونی كاریگەرییەكانی داخستنەكە و دواتر كردنەوەیان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندار بە چاودێری بازاڕ و بەشە خۆراكی هاوڵاتیان دیدارێكی لەگەڵ نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئەنجامدا.
· تاچەند كردنەوەی دەروازە سنووریەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێراندا كاریگەری لەسەر جموجۆلی بازرگانی هەبوو؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین ، كە هەر دەروازەیەكی سنووری دابخرێت بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت لەسەر جموجۆڵی بازرگانی و بازاڕ، بەڵام ئەو ڕاگرتنەی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان سیاسی نەبوو، پەیوەست بوو بە لایەنە ئەمنییەکەوە بۆ پاراستنی ژیانی بازرگانەکان و سنوورەکە. ئێستا ووردە ووردە ئەو سنوورانە دەکرێنەوە و هەر دەروازەیەكیش بگرێتەوە کاریگەریی لەسەر بازاڕ دروست دەکات. بۆیە لە چەند ڕۆژێكی تر ئەو جموجۆلی بازرگانی لە سنوورەكان ئاسایی دەبێتەوە، كرانەوەی دەروازەكان لە دوو ڕووەوە کاریگەریی ئیجابی دەبێت. کاریگەرییەکەیان لە ڕووی دەروونییەوە خەڵك کە بزانێت دەروازەکان هاتووچۆیان تێدا دەکرێت و کاڵا دێت، هەست بە ئاسوودەیی دەکات لە بازاڕدا بەوەی دڵنیادەبن كە دەروازەکان کراونەتەوە. لە ڕووی كرداریشەوە کاڵا کە بە فعلی دێتە بازاڕەوە ئەو کاتە خستنەڕوو زیاد دەکات، کە خستنەڕوو زیادی کرد خواستیش كاریگەریی لەسەر کەم دەبێتەوە. بۆیە لە هەردوو ئەو دوو لایەنە ئیجابی هەیە. بەڵام داخستنیش بەدڵنیایی کاریگەری دەبێت و کاریگەرییەکە ئێستا بەگوێرەی ئێمەوە وەك هەرێمی کوردستان ئەوە دەروازەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئێمە گرنگە ، بەڵام سەبارەت بەو دەروازانە بەشێکی زۆری ئێمە کاڵا کە دەهات سەوزە و میوە و ماددەی ئینشائی بوو. کەم یانی ترانزێتیش کەمتر خۆراکی پێوە دەهات. خۆراك زیاتر لە ئوم قەسر و سەفوان و ئیبراهیم خەلیلەوە دەهات. بۆیە ئەو چەند ڕۆژەش کە دەروازەکان ڕاگیران لە ڕووی کەمکردنەوەی خۆراك کاریگەریی نەبوو، بەڵام لە ڕووی دەروونییەوە بۆ هاووڵاتییان و بۆ بازرگانەکان ناخۆش بوو.
· وەكو گوڵان كە بەوداداچوونمان بۆ بازاڕ و نرخەكان كرد ئەوە هیچ نرخ گرانی بەسەردا نەهاتووە تەنیا گۆشت نەبێت. ئەمە بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
- هۆکاری یەکەم: بۆ گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور پەیوەندی بەوەوە هەیە هەر خۆی لە ناوخۆ و هاوردەكردنییەوە کەمە، دووەم: بۆیە بارودۆخەکە بۆ گۆشتی سوور لە شوێنی بەرهەمهێنان و پەروەردەکردنیش تاڕادەیەك بەهایان گران بووە. بەڵام ئێمە هانی بازرگانەکانی خۆمانمان لەو بارەودا کە بڕۆن بڕێکی زیاتر لە مەڕو مأڵت و گۆشتی سوور لە دەرەوەی وڵات بێنن. لە كارو هەوڵدانیشداین ئەو نرخە زیادەش لەسەر گۆشتی سوور دابەزێتەوە. لەبارەی کاڵاشەوە کە نرخەکە بەو شێوەیە كە زۆر بەرز نەبووەوە، هۆکارەکەی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە. یەکێك لەوانە پێشتر بازرگانەکان کاڵایەکی زۆریان هێناوەتە هەرێمی کوردستان کە کۆگاکان پڕن و خۆشمان سەردانمان کردوون و کاڵایەکی زۆرمان بینی لەناو کۆگاکانیاندا. مارکێتەکانیش کاڵای زۆریان تێدا بوو. دووەمیشیان ئەو هەستە كۆمەڵایەتییەی كە لای هەم بازرگان و هەم خاوەن مارکێتەکانیش پەیدا بووە كە نرخ بەرز نەكەنەوە، گەرچی زۆر کەم بازرگان ئیستغلالی بارودۆخەکەیان کردووە و نرخی هەندێك كەلوپەل و كاڵاییان گران کرد، ئەو كەس و بازرگانانەش ئیجرائات و سزای یاسایان لەگەڵ كراوە. بەڵام بە گشتی خەڵك و خاوەن ماركێت و بازرگانەکان هاوکار بوو، هاوكات هاوکار بوون، لە لایەكی دیكەشەوە هاوڵاتیان لە سەرەتاوە كەمێك ترسیان لەسەر نەمان و گرانبوونی نرخەكان هەبوو بە چڕی چوون بۆ ناو کۆگاو مارکێتەکان، بەڵام ووردە ووردە کە ئێمە ڕامان گەیاند و چووینە ناو کۆگاکان خۆمان قسەمان کرد و داوامان کرد لە هاوڵاتیان بارودۆخەکە بەو شێوەیە نییە، لە ئەنجامدا هاوڵاتیان دڵننیابوونەوە كە کاڵاكان لە كۆگاو بازاڕدا زۆرن ، لە لایەكی دیكەشەوە بە ڕاستی لیژنەکانی چاودێری بازرگانی لە بازاڕەكاندا چوست و چالاك بوون و بەدواداچوونی زۆر توند و باشیان هەبووە. هەروەها ئێمە لیژنەكانمان فراوانتر کرد و خۆمان لەگەڵیان بووین و پاڵپشتیمان کردن، بێگومان خۆمان لەگەڵیان سەردانی شوێن و مارکێتەکانمان دەکرد بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە ئێمە پاڵپشتییانین بە تایبەت لە(سۆران،زاخۆ، سلێمانی، هەولێر، گەرمیان) لە هەموو شارو شارۆچكە و شوێنەكان بەردەوام چاودێری بازرگانی هەبوو لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەت و لیژنەکانی هۆبەی ئاسایشی ئابووری هەموومان بەیەكەوە هاوكار و لەسەر خەت بووین تاوەكو بتوانین پاڵپشت و یارمەتی دەربین بۆ دڵنیابوون و متمانەی هاوڵاتیان كە لە دڵەڕاوكێ نەبن لەبارەی گرانی نرخ و كەمبوونەوەی كاڵاكان.
· ئایا هەندێجار لە دابەشكردنی بەشە خۆرا هەندێك خۆراكی لەگەڵ نییە، ئەمە بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
- سەبارەت بە زەیتی خواردن بەگشتی ئەم ماددەیە لە عێراقدا کەمە، چونكە زەیتەكە كۆمپانیایەكی عیراقییە کە لە بەغدا بەرهەمی دەهێنێت. بەرهەمهێنانیان کەمە مانگانە بەپێی پێویستی هاوڵاتیان و دابەشكردنەكە نییە، هەر بۆیە زەیتەكە بەشی هەموو عێراق ناکات. لە لایەكی دیكەوە پشکی حەوتەمی بەشە خۆراك هەموو بریكارەكان وەریانگرتووە و دابەشكراوە و پێموایە ئێستا پشکی هەشتیش دەستی پێکراوە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانیش كە هی ساڵی ڕابردووە. بەڵام بۆ پشکی یەکی ئەمساڵیش وابڕیارە بە دەستمان بگات و دابەشی بكەین، سەبارەت بە دۆشاوی تەماتەشەوە لە کۆگاکانمان هەیە بەردەوام دابەشی دەکەین هیچ کێشەیەکمان بۆ دۆشاو دروست نەبووە.
