مێژووی مزگەوتە دێرینەكانی كوردستان

مێژووی مزگەوتە دێرینەكانی كوردستان

مزگەوتی قەڵای هەولێر یەكەم مزگەوتە لە قەڵای هەولێر دروست كراوە دەكەوێتە ناوەڕاستی قەڵاوە، مێژووی دروستكردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 730ی زایینی، واتە ساڵی 24ی كۆچی، كە لە سەردەمی ئیمامی عومەر و لەلایەن «عوتبەی كوڕی فەرقەدی سەلەمی» دروست كراوە، مزگەوتی گەورەی قەڵات كەوتووەتە گەڕەكی سەرا و لە 20 گومبەز پێك هاتووە، لە ڕابردوودا شوێنی پێگەیاندنی دەیان زانایی ئایینی بوو. ئەم مزگەوتە چەندین جار نۆژەن كراوەتەوە، وەكو ساڵی 1719-1720 كە ئەم مێژووە لەسەر دیوارەكانی مزگەوتەكە نووسراوە. شایەنی باسە تا ئێستاش وتاری هەینی لەم مزگەوتەدا دەخوێندرێتەوە. سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی، لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و بە یەكێك لە كۆنترین مزگەوتەكانی كوردستان و جیهان دادەنرێت كە لەسەر شێوازی ستانداردی یونسكۆ و نەخشەسازیی كوردەوادی دووبارە نۆژەن دەكرێتەوە، تێچووەكەش لە چوارچێوەی تێچووەكانی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێرە، كە لە لایەن ئەندازیارانی ناوخۆ و دەرەوە سەرپەرشتی دەكرێت. لە شاری سلێمانی مزگەوتی گەورە دیار و ناسراوە، كە ڕۆژانە بووەتە جێگەی تاعەت و نوێژكردن. لە شارۆچكەی كۆیە مزگەوتێك هەیە كە تەمەنی زیاتر لە‌ 1400 ساڵە، مزگەوتی (كۆنە جومعە)یە كە پێشتر‌ كەنیسە‌ بووە‌، بەڵام لە ساڵی 25ـی كۆچی كە ئیسلام هاتووە، كراوە بە مزگەوت. تەمەنی مزگەوتەكە زیاتر لە 1400 ساڵە و كۆنترین مزگەوتی ناوچەكەیە، مزگەوتەكە جگە لە شوێنی نوێژكردن هۆڵێكی گەورەی هەبووە بۆ پرسە و خانوی ئیمامیشی تێدایە. تاهیر ئەحمەد حەوێزی مێژوونووسی شاری كۆیە لە بەرگی دووەمی كتێبی مێژووی كۆیە دەنوسێت، ئە‌م مزگە‌وتە‌ (دێرە) بووە و لەلایە‌ن عەبدوڵڵای كوڕی ئیمامی عومە‌ر كراوە بە مزگەوت، پێشتر كارێزی ئاو لە‌و مزگە‌وتەدا‌ هەبووە‌، بەڵام ئێستا ئاوەكەی وشكی كردووە و نە‌ماوە‌، تە‌نیا شوێنەوار و جۆگەكانی بە بەرد دروست كرابوو.

كۆنترین مزگەوتی موسڵ و پێنجەمین مزگەوتی جیهانی ئیسلام، مزگەوتی «موسەفی»یە لە ساڵی 16ی كۆچی (637ی زایینی) بە فەرمانی خەلیفە عومەری كوڕی خەتاب دروست كراوە. د. ئەحمەد عەبدولغەفوور، پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتەكە دەڵێت: «كاتێك موسڵ لە سەردەمی عومەر كوڕی خەتتاب فەتح كرا، فەرمانی بە عوتبە دا ئەم مزگەوتە دروست بكات، ئەم مزگەوتە پێنجەمین مزگەوتە لە مێژووی ئیسلامدا دروست كراوە و دوای مزگەوتی حەرام، مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ)، مزگەوتی قوبا و مزگەوتی بەسرە دێت، هەروەها یەكەم مزگەوتە لە موسڵ و دووەم كۆنترین مزگەوتە لە عێراق»، لە سەرەتادا مزگەوتی موسەفی بەرفراوان بوو.  «ئەم مزگەوتە دروستكرا و فراوانتر كرا، تاوەكو 20 هەزار نوێژخوێنی تێدا جێ دەبووەوە».

 

Top