ڕەمەزان مانگی لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردن و جێگیركردنی ئاشتی و یەكڕیزیی ناو ماڵی كوردە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، مانگی عیبادەت و گەڕانەوەیە بۆ لای پەروەردگار، داواكارین لە خودای گەورە ئەم مانگە بكاتە مایەی خێر و بەرەكەت و ئاشتی و تەبایی، خودای گەورە و میهرەبان لەم مانگە پیرۆزەدا هەموو پەژارە و ناخۆشییەك لەسەر هاووڵاتیان و نیشتمانەكەمان بە دوور بگرێت. مانگی پیرۆزی ڕەمەزان قوتابخانەیەكی گەورەی مەعنەوییە بۆ پاككردنەوەی دەروون و پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان بەندە و خالق، ئەم مانگە پیرۆزە وێستگەیەكە بۆ فێربوونی سەبر و خۆڕاگری و جێبەجێكردنی فەرمانەكانی خودا (عز وجل) بە جوانترین شێوە، وەك دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَي الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ). هەر لەم ئایەتە پیرۆزەی قورئان لە «سورە البقرە» خودای گەورەو میهرەبان دەفەرموێت: (شَهْرُ رِمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًي لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَي وَالْفُرْقَانِ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَي سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ..)، پێغەمبەرمان (سەلامی خودای لەسەر بێت) دەفەرموێت : (صوموا تصحوا)، لە قورئانی پیرۆزیشدا هاتووە : (وَأَن تَصُومُوا خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ). مانگی پیرۆزی ڕەمەزان تەنیا مانگێك نییە بۆ نەخواردن و نەخواردنەوە، بەڵكو قوتابخانەیەكی گەورەیە كە چەندین ئەرك و بەندایەتی و عیبرەتی گرنگی تێدایە.
لێرەدا جەخت لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ دەكەینەوە:
یەكەم: تەبایی و پێكەوەژیان
ڕەمەزان مانگی لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردنە. داواكارین ئەم مانگە ببێتە دەرفەتێك بۆ تێپەڕاندنی هەموو ناكۆكییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و جێگیركردنی ئاشتی و یەكڕیزیی لە ناو ماڵی كورددا، پێویستە هەموومان پێكەوە كار بكەین بۆ پاراستنی ماف و دەستكەوتە نەتەوەییەكانمان و پووچەڵكردنەوەی ئەو پیلانانەی دژ بە گەلەكەمان دەگێڕدرێن .
دووەم: بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی و ئابووری
داوا لە سەرمایەداران و دەوڵەمەندان دەكەین كە چاویان لە هەژاران بێت و بە زەكات و سەدەقەكانیان دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بكەن، هەروەها داوا لە كاسبكاران و بازرگانانی خۆشەویست دەكەین، بە ڕەچاوكردنی پیرۆزیی ئەم مانگە، نرخەكان كەم بكەنەوە و نەبنە بارگرانی بەسەر شانی هاووڵاتیانەوە، تاوەكو ئەم كارەیان ببێتە مایەی خێر و بەرەكەت بۆ ماڵ و منداڵیان و بە هۆی گرانكردنی شمەك و خۆراكەوە گوناهبار نەبن. هەر خۆی لە خۆیدا مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەرفەتێكی گەورەیە بۆ پاكبوونەوەی دەروون و نزیكبوونەوەی موسڵمانان لە یەكتر و بەسەركردنەوەی نەخۆش و خاوەن پێداویستیی تایبەت و هەژاران.
سێیەم: ڕێزگرتن لە پیرۆزیی مانگەكە
داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین ڕێكاری پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی حورمەتی ئەم مانگە لە شوێنە گشتییەكاندا، هەروەها دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەكان دەكەین كە شەو و ڕۆژ لەپێناو دابینكردنی ئارامی بۆ هاووڵاتیان و مزگەوتەكانمان لە ئەركدان. داوا لە دەوڵەمەند و بازرگان و كاسبكارانی كوردستان دەكەین، كە بە ئیمانداری و دینداری ناسراون، ڕێگە نەدەن نرخی خواردەمەنی و كاڵا و حزمەتگوزارییەكان لەسەر موسڵمانان و هاونیشتمانیان گران بكرێت. هەروەكو چۆن مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەوە ناسراوە كە دەوڵەمەند ئاگاداری هەژارانە و سیرەی ڕەحم و بەزەیی لە نێوانیاندا گەورە دەبێت و بە زەكات و سەرفیترە و خێر دڵی هەموو خێزانەكان ڕووناك دەكەنەوە.
چوارەم: وەفاداری بۆ شەهیدان
لەم مانگەدا بە شكۆوە یادی شەهیدانی سەربەرزی كوردستان دەكەینەوە، كە بە خوێنی ئەوان ئێمە ئەمڕۆ لە سایەی ئازادیدا پەرستشەكانی خۆمان ئەنجام دەدەین. ئەركی هەموو لایەكمانە خێزان و منداڵی شەهیدانمان لەبیر نەچێت و هەمیشە لە خزمەتیاندا بین. ئەگەر موسڵمان خاك و نیشتمانی نەبێت، ناتوانێت وەكو پێویست ئیتاعەت و دینداری بكات و، پاراستنی نیشتمان و خاك ئەركی سەرشانی هەموو موسڵمانێكە.
پێنجەم: پەیامێك بۆ زانایانی ئایینی
مامۆستایانی ئایینی هەمیشە پێشەنگی چاكە و كاری خێر بوون، بۆیە لەم مانگە پیرۆزەدا ئەركی ئێوە گەورەترە لە بڵاوكردنەوەی بیری میانڕەوی و چاندنی تۆوی خۆشەویستی و دووركەوتنەوە لە وتاری توند و زبر. با منبەری مزگەوتەكانمان ببێتە سەرچاوەی ئارامی و ڕێنمایی خەڵك بەرەو تەبایی و لێبووردەیی و پێكەوەژیانی نێوان موسڵمانان و هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەكان، هەر خۆی لە خۆیدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ خێری هەموو بەشەرییەت هاتووەتە خوارەوە.
شەشەم: بەرپرسیارێتیی شەرعی و ئەخلاقی و نیشتمانیی هێزە كوردستانییەكان
لەم قۆناغەدا كە ناوچەكە و دەوروبەرمان لە ناو گێژاوی نائارامی و ناسەقامگیرییەكی گەورەدایە و، لە هەموو لایەكەوە دژایەتیی مافە ڕاواكانی گەلی كورد دەكرێت و دوور لە بنەما ڕەسەنەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام سەرقاڵی پیلان و مەرامی گەورەن دژ بە گەلەكەمان، بۆیە ئەركی هەمووانە بەتایبەتی پارت و لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانی لەئەستۆ بگرن و لە هەوڵی تەبایی و یەكگرتوویی و یەكڕیزیدا بن، بۆ ئەوەی گەلی كوردی موسڵمان بتوانێت لەسەر خاك و نیشتمانی خۆی تاعەت و خوداپەرستی بكات و بە تەواوی مافەكانی شاد بێت و برسی نەكرێت و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆی دەرنەكرێت.
حەوتەم : ئەركی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیاكاران و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان
هەرچی ئەركی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیاكاران و ڕۆژنامەنووسانی بەڕێزە لەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزاندا، وێڕای خزمەتكردن بە بەرنامەی ئایینی، تكامان وایە ڕەچاوی هەستی موسڵمانان بكەن و بەرنامەی گونجاو و بە ئاراستەی خزمەتكردنی ئایین و نیشتمان پێشكەش بكەن، چونكە دەزگاكانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی كارایان هەیە لە هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگەدا، بۆیە ناكرێت ڕەچاوی كەشوهەوای ڕۆحی و ئیمانی ئەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزان نەكرێت. پێویستە ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران هەوڵ بدەن كە موسڵمانێك گوێ لە دەزگایەكی ڕاگەیاندن دەگرێت، هەست بە ئاسوودەیی و دڵنەوایی بكات. بۆیە ئەركە دەزگاكانی ڕاگەیاندن هەموویان لە هەمبەر بەرپرسیارێتیی ئایینی و ئەخلاقیدا بن، بابەتی وا نەورووژێنن كە موسڵمانان تووشی دڵەڕاوكێ و ناڕەحەتی بكەن. پێویستە پەیامەكانیان بەو ئاراستەیە بێت كە خزمەت بە ئایین و نیشتمانی خۆشەویستمان بكات.
لە كۆتاییدا، لە خودای گەورە دەپاڕێینەوە ڕۆژوو و نزا و عیبادەتی هەموو لایەك قبووڵ بكات و كوردستانمان پارێزراو بێت و ئەم مانگە ببێتە مانگی خێر و بەرەكەت بۆ هەمووان و ئاشتی و تەبایی باڵ بەسەر كوردستانەكەماندا بكێشێت.

د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید