د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: بازنەی گفتوگۆ ئامانجی ئەوەیە ئاسۆیانە بیربكاتەوە و بە كۆی تێگەیشتنە جیاوازەكان باشتر تابلۆكە بنەخشێنین
لە ڕێوڕەسمی ناساندنی كتێبی شەشەمی بازنەی گفتوگۆ «جینالۆجیای ناسنامە لەناو هێزە نەرمەكانی نەتەوەدا»، د.سالار عوسمان وتاری بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی پێشكەش كرد. لەم وتارەدا وێڕای بە خێرهاتنی میوانانی ڕێوڕەسمەكە، جەختی لەسەر ڕۆڵی بازنەی گفتوگۆ كردەوە و ڕایگەیاند: «خۆشحاڵین ئەمجارەش لە یەكێك لەو بزاڤە گرنگانەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن كۆدەبینەوە، كە بزاڤێكی شەش مانگییە و، سەرچاوەكەی بۆ چالاكییەكی مانگانەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە، كە بریتییە لە بازنەی گفتوگۆ. كە ئەم بازنەیە ماوەی سێ ساڵە هەموو مانگێك گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانە لەسەر پرسێكی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی و تایبەت ژیانی ڕۆژانەی خەڵك بەڕێوە دەبات و هەر شەش مانگ جارێكیش هەموو هەموو ئەو بابەت و مژار و ڕوانین و هزر و تێگەیشتنە جیاوازە سیاسی و كولتوورییانەی لە كۆی گفتوگۆكاندا دەكرێن، دواتر لە دووتۆی دوو كتێبدا بە دوو زمانی گرنگ، زمانی شیرینی كوردی و زمانی عەرەبی كۆدەكرێتەوە و بە دیاری پێشكەش بە بژاردەیەك لە بیركەرەوەی كۆمەڵگەی كوردی دەكرێت، ئەمڕۆ دوایین بەرهەمی كە كتێبی شەشەمە لەم ڕێوڕەسمەدا پێشكەش دەكات».
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا و تایبەت بە گرنگیی گفتوگۆ بۆ قۆناغی ئێستامان گوتی: «قۆناغی ئێستا و ئەركەكانی و ئالنگارییەكانی و هەموو ئەو گرژییانەی كە هەن، ئەو چاوەڕوانییانەی كە هەیە، ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەنابی سەرۆك بارزانی، ڕۆڵی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی، لە بەردەم كۆمەڵێك پرس و پرسیار و بەرسڤ ڕامان دەگرێت، كە پێویستە قووڵ بیربكەینەوە و ڕاگوزەر تێنەپەڕین، بۆیە گرنگی و پێویستیی ئەم بازنەی گفتوگۆیە لەوەدایە كە بە شێوەیەكی ستوونی بیر دەكاتەوە و گفتوگۆ دەكات، لە گفتوگۆكردنیشدا بە تەنیا خۆی نابینێت و نایەوێت بە تەنیا بەرخورد لەگەڵ پرسەكان بكات، بەڵكو ئامانجی ئەوەیە ئاسۆیانە بیربكاتەوە و گەنگەشە بكات و پرسیار و بەرسڤەكان چارەسەر بكات، پاشانیش لەم ئاسۆیی و لەم ئەتڵەسی فراوانەی بیركردنەوەیەدا، دەیەوێت حزب و لایەنە سیاسییەكان بیروڕا جیاوازەكان تێگەیشتنە كولتوورییە جیاوازەكان ببینن، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوای قووڵی بەوە هەیە، كە بە هەموومان دەتوانین باشتر بیربكەینەوە. بە هەموو تێگەیشتنە جیاوازەكان دەتوانین باشتر تابلۆكە بنەخشێنین».
لایەنێكی دیكە ئەم گوتارە كە بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن جەختی لەسە كردەوە، چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی بوو، هەر لەم چوار چێوەیەدا گوتی: «بە لێكگرێدانەوەی هەموو تێگەیشتنە جیاوازەكان بۆ پنتی چارەسەر، دەتوانین باشتر بەرپرسیارێتییەكانی ئەم قۆناغە لەئەستۆ بگرین، كە ئەم پەروەردەیەش بۆ ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، كە بەردەوام فێرمان دەكات، هانمان دەدات، كە هەمووان ببینین و دوورترین كاراكتەری سیاسی لە كوردستان بە نزیك بزانین، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو چەترە كۆكەرەوەیە كە خەسڵەتی نیشتمانی و نەتەوەیی كۆكەرەوەی لە درێژایی مێژووەوە تا ئەمڕۆ، تا بەرچنی چارەسەرییەكانی ئەم قۆناغەی ئێستاش، ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە. بۆیە بە شانازییەوە لە بەردەمتاندا وەستاوین و كتێبی شەشەمتان پێشكەش دەكەین، كە ئەم كتێبە بۆ خۆی گەڕانەوەیە بۆ پێنج كتێبەكەی پێشوو، ناونیشانەكەشی «جینالۆژیای ناسنامە و گەڕان و پشكنینە بۆ پرسی ناسنامە لەنێو هێزە نەرمەكانی نەتەوەدا» كە ئەمەش بابەت و پرس و مژارێكی هێندە گرنگە كە پێویستە هەموومان بەتایبەت توێژەران، ئەكادیمیستان، ڕۆژنامەوانان كاری قووڵ و كاری ستوونی لەبارەوە بكەن».
د.سالار عوسمان، لە دوماهی وتارەكەیدا، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەردەوامی بە چالاكییەكانی بازنەی گفتوگۆ دەدات و لەم لایەنەوە ئاماژەی بەوە كرد «هەموو ئەوانەی بیردەكەنەوە لە ڕووی سیاسی و كولتوورییەوە، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە بەش و ماڵی خۆیان بزانن. دەرگای ئێمە كراوەتەوە بۆ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان، بۆ هەموو تێگەیشتنە جیاوازەكان. پێمان وایە هەر گفتوگۆیە دەبێتە مەرهەمی زامەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و هەر گفتوگۆیە دەستمان دەگرێت، بۆ ئەوەی بەشێك لە گرژییە دەروونییەكان چارەسەر بكەین و، دەتوانێت ئەو ڕەشبینییەی لە عێراقدا هەیە، بەرەو ڕاستەڕێیەكی باشتر ببات، هەر گفتوگۆیە كە دەتوانێت كابینەی ئەمجارە زووتر پێك بهێنێت، كە لەوێدا بە شایەتی هەمووتان پارتی دیموكراتی كوردستان باشترین دەستپێشخەر و باشترین پەنجەرەی ڕوون و باشترین دەستی دانوستانە بۆ ئەم پرسانە».
