پاراستنی زمان, پاراستنی بوونه
لە نێوان هەموو هێماکانی بوون، هیچ شتێک وەک زمانی دایک بەهێز نییە, زمان ئەو ئاوازەیە کە منداڵ یەکەمجار لە گوێی دەچێت، ئەو وشانەن کە یەکەم هەنگاوی بیرکردنەوەیان پێ دەستپێدەکات، و ئەو ڕووناکییەیە کە بەهۆیەوە جیهان دەناسێت, زمانی دایک تەنها قسەکردن نییە؛ ڕووحی نەتەوەیە، بیر و هەست و یادەوەرییەکانیەتی.
بۆ نەتەوەی کورد، زمانی کوردی مێژوویەکی درێژ و پڕ لە خەباتی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە, لە هۆنراوه و چیرۆکە کۆنەکانەوە تا ئەدەبی نوێ، لە هۆنراوەکانی مەزنانی وەک ئەحمەدی خانی و نالیەوە تا دەنگی شاعیرانی سەردەمی نوێ، هەمیشە زمانی کوردی بووە کە خەڵکی بەیەکەوە گرێداوە و شوناسیان پاراستووە, ئەو زمانە لە سەردەمانێکدا ڕووبەڕووی قەدەغە و گوشار بوو، بەڵام نەکوژرا؛ چونکە لە دڵی خەڵکدا ژیا.
زمان کاتێک لاواز دەبێت کە بەکار نەهێندرێت, ئەگەر نەخوێنرێت و پێی نەنووسرێت، ئەگەر وشەکانمان لە بیر بچن، بەشێک لە ناسنامە و مێژوومان لەدەست دەدەین.
بەڵام کاتێک بە ڕێز و بەرپرسیارێتیهوه زمانی دایک بەکاربهێنین، ئەوا هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆمان هەڵدەگرین. پاراستنی زمان، پاراستنی فەرهەنگ و کەلتوور و داهاتووی نەتەوەیە.
ڕۆژی زمانی دایک بانگەوازی بیداربوونەوەیە؛ بانگەوازی ئەوەیە کە هەموومان بەشداری بکەین لە پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی. ههر نەتەوەیەک کە زمانی دایکی بەهێز بێت، داهاتوویشی بەهێز دەبێت.
پیرۆزبێت ڕۆژی زمانی دایک؛ پیرۆزبێت زمانی کوردی، هێمای بوون و شوناسی نەتەوەمان.

ئـــهحــمــهد گـــلــی