کــۆشــکــی ئـیــلــیــزێ: ئیمانوێل ماكرون سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ نێوەندگیرییەکەی لە سووریا
کۆشکی ئیلیزێ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ی کانوونی دووەمی 2026) بڵاویکردەوە، هەڵوێستی فەرەنسای لەبارەی داهاتووی سووریا و پرسی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد. هاوکات سوپای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ نێوەندگیرییەکەی.
فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە یەکەم رۆژی رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە، بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ بونیادنانی سووریایەکی یەکگرتوو و سەروەر کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان و نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی
بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێ، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکان ئەنجامداوە، لەوانە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە.
کۆشکی ئیلیزێ دەشڵێت، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە فەرمی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەوڵەکانی لە نێوەندگیریی نێوان لایەنەکاندا [لە سووریا].
کۆشکی ئیلیزێ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هاوئاهەنگییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیییە کە لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و ئاسایشی ئەورووپی و ئەمریکییەکاندا بێت.
ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدە
فەرەنسا داوای ئاگربەستێکی هەمیشەیی و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم دەکات لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی سووریا و رێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "فەرەنسا هەوڵ بۆ تێکەڵکردنی سیاسی، کارگێڕی، سەربازی و ئابووریی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەدات و پشتگیری دەکات، بەڵام ئەمە نابێت بە هێز و لەسەر حیسابی ئاسایشی خەڵکی سڤیل لە کۆبانی یان حەسەکە بێت." هەروەها هۆشداری دراوە کە ئاگربەستەکە هێشتا ناسکە و دەبێت رێگری لە هەر گرژییەکی نوێ بکرێت.
ئاسایشی زیندانەکانی داعش
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، فەرەنسا جەخت لە پێویستیی هاوئاهەنگی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکاتەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی زیندانەکان و گواستنەوەی دەستبەسەرکراوەکان بە شێوەیەکی رێکخراو.
کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت: "پێکدادانەکانی ئەم دواییە و بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر هەسەدە، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کۆنترۆڵکردنی زیندانەکانی تیرۆریستان هەبووە."
رێزگرتن لە ئازایەتیی هەسەدە
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، سەرۆککۆماری فەرەنسا ستایشی پابەندی و ئازایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کرد لە شەڕی دژی داعشدا و رایگەیاند، نابێت ئەو قوربانییانە گومانیان بخرێتە سەر.
فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا سووریا بووەتە ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دەبێت پابەند بێت بەردەوامبوون لە شەڕی داعش لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان.
