چاڵنجی مەرجدار؛ نمایشێک بۆ داپۆشینی تەسلیمبوونێکی ڕیسوا
ئەو نمایشە میدیاییەی ئەمڕۆ دەبینرێت، تەنها هەوڵێکی بێهودەیە بۆ داپۆشینی ئەو شکستانەی کە لە ژوورە تاریکەکاندا ڕوویانداوە. کاتێک هەرزە سیاسییەک لە ژێر گوشار و مەرجی قورسدا ئازاد دەکرێت و یەکسەر پەنا بۆ "چاڵنجی خەیاڵاوی" دەبات، ئەمە نیشانەی هێز نییە، بەڵکو نیشانەی "تەسلیمبوونێکی ڕانەگەیەندراوە" کە دەیەوێت بە دروشمی بریقەدار بیشارێتەوە.
پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لەلایەن کەسێکەوە کە تەنانەت ناتوانێت پارێزگاری لە ئازادیی خۆی بکات بەبێ "تەنازول"، تەنها فرۆشتنی وەهمە بە خەڵک.
حوکمڕانی و دەسەڵات لە کوردستاندا، لەسەر بنەمای مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و پێگەیەکی جەماوەری پۆڵاینی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بونیاد نراوە. کەسێک نەتوانێت لەبەردەم فشارێکی ئەمنیدا پارێزگاری لە هەڵوێستەکانی بکات، چۆن دەتوانێت چاڵنجی هێزێک بکات کە دەیان ساڵە لەبەردەم
گەورەترین پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکاندا وەک چیا ڕاوەستاوە؟
کاتێک هەرزە سیاسییەک دەبێتە بەشێک لە ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێر بۆ ڕزگارکردنی خۆی، ئیتر ناتوانێت باس لە "ڕزگارکردنی میللەت" بکات.
واقیعی دەسەڵات: پارتی دیموکراتی کوردستان وەک "ستوونی سەرەکی" حوکمڕانی، بە دروشمی پۆپۆلیستی و پیلانگێڕییەکی تاقیگەیی نالەرزێت. دەسەڵات وەرگرتن ئیڕادەی سەربەخۆ و هێزی ڕاستەقینەی دەوێت، نەک نمایشێک کە لە ژێر گوشاردا وەک "مەرجی ئازادکردن" نووسرابێتەوە.
سندوقەکانی دەنگدان و ئیڕادەی گەل وەڵامی کۆتایی دەدەنەوە
حوکمڕانی "پیاوی دەوڵەت" و "مێژووی پڕ لە خۆڕاگری" دەوێت، نەک نمایشی پۆپۆلیزمێک کە زیاتر وەک "دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون لە فشار" دەبینرێت، ڕاستییەکی مێژووییە کە دەسەڵاتی حوکمڕانی لای ئەو هێزەیە کە خاوەنی ئێڕادە و سەنگ و مێژوویە.

حهسیبه گهردی