دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشبینی دۆخەكەی كردبوو، بۆیە بە خێرایی تیمەكانی خزمەتگوزاری لە عەفرین بەرفراوانتر كرد
زیاتر لە 22 هەزار خێزانی ئاوارە كە پتر لە 110 هەزار كەسن پەنایان بۆ گوند و شارۆچكەكانی سنووری عەفرین هێناوە و تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە دابینكردنی خۆراك و گەرمكەرەوە و چارەسەری پزیشكی هاوكارییان دەكەن.
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە شاری حەلەب، لە ئاخافتنێكیدا بۆ كەناڵی كوردستان 24 جەختی لەوە كردەوە، كە ئەگەر لە سووریا كێشە دروست ببێت و شەڕی ناوخۆ ڕووبدات، كارەساتی مرۆیی و ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی لێدەكەوێتەوە.
هەر لەو بارەیەوە ئاماژەی بە ئامادەكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گەیاندنی هاوكارییەكانی مرۆیی كرد و گوتی: "تەمەننا دەكەین، دۆخی نائاسایی ڕوونەدات، كە دیسان هەزاران خێزان ناچار بن، بە بێ خواستی خۆیان كۆچ بكەن. بەڵام ئەگەر ڕووی دا، ئێمە دەتوانین بگەینە ئەو ناوچانە و هاوكارییان بكەین. تەنانەت لە ڕێگەی قامیشلۆشەوە ئێمە ئامادەكاریمان كردووە، چونكە چاوەڕوانیی ئەوە دەكرێت، دیسان ژمارەیەكی خەڵكی سڤیل ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵن".
دابینكردنی خۆراك و پەناگە و بەتایبەتی چارەسەری تەندروستی بۆ ئاوارەكان، ئەو ڕێكارانە بوون، كە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە "زۆر گرنگ" هەژماری كردن. ئەوەشی خستە ڕوو كە ستافی نۆرینگەی گەڕۆكی پزیشكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، خەڵكی ڕۆژئاوان و بە درێژایی سێ ساڵی ڕابردووش خزمەتگوزاریی پزیشكییان پێشكەش بە خەڵكی عەفرین و ناوچە و دەڤەرەكانی ئەو سنوورە كردووە. ئەوەشی دووپات كردەوە كە هەوڵیان داوە ئەو خزمەتگوزارییانە بەرفراوانتر بكەن.
سەبارەت بە دابینكردنی پەناگەش بۆ ئاوارەكان گوتی: "ڕەنگە نەكرێت بە پەلە سەرپەنایان بۆ دروست بكرێت، بەڵام خەڵكی كوردستان پێشتریش دەرگای ماڵەكانیان بە ڕووی ئاوارە و پەنابەراندا كردووەتەوە.
دوای ڕوودانی شەڕەكەش لە وەڵامی پرسیارێكی پێشكەشكاری كەناڵی ئاسمانیی ئاڤا مێدیا، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: "كۆبوونەوەیەكی تایبەتمان لە دەزگا كرد، بۆ ئەوەی بزانین چ جۆرێك لە پێداویستییەكان زێدەتر بكەین. بۆیە دابینكردنی خۆراك و پێداویستییەكانی ناوماڵ و ئامێری خۆگەرمكردنەوە و سووتەمەنی و جلوبەرگ و پێداویستییەكانی منداڵ لەو وەرزە ساردە لە ئەولەوییەتی هاوكارییەكان دانران.
وەك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی كرد، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، بەردەوام كاری خۆیان دەكەن و خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بە خەڵكی ئاوارە دەكەن.
ئەوەشی خستەڕوو كە خێزانە كوردەكانی هەر دوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشەرفییە لە حەلەب، دوای هێرشی هێزەكانی سوپاس سووریا، لە چەندین دەروازەوە پەنایان بۆ عەفرین هێناوە.
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، لە ڕاپۆرتی كارو چالاكییەكانیدا، ئاشكرای كردووە، كە بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی كاروباری كۆمەڵایەتی لە عەفرین، زیاتر لە 22 هەزار خێزان كە پتر لە 110 هەزار كەسن، پەنایان بۆ گوند و شارۆچكەكانی سنووری عەفرین هێناوە. كە بۆ دابینكردنی شوێنی مانەوەیان گرفت هەیە.
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، لە ڕێكەوتی 9/1/2026 تا 11/1/2026 بڕی 4،868 ژەمە خۆراكی گەرم (برنج، گۆشت، نۆك، نیسك، نان و ئاو)ی دابەش كردووە.
178 نەخۆش چارەسەری پزیشكییان بۆ دابین كراوە و 91 چالاكیی دەروونی ئەنجام دراون. ڕۆژانەش 3000 ژەمی خواردنی گەرم دابەش دەكەن.
بەتانی و پێخەفیش بۆ دانیشتووانی كەمپ و ئاوارەكانی نوێ دابین كراون و ئەو هاوكارییانە بەردەوام دەبن.
ئا: سالار بابەشێخ
