زێلێنسکی: ڕێککەوتنێکی لاواز واژۆ ناکەم
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامی سەری ساڵدا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی لاواز واژۆ ناکات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە، کە ڕێککەوتنێک کە تەنیا شەڕ درێژ بکاتەوە، جێگای قبوڵ نییە.
زێلێنسکی لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئۆکرانیا چی دەوێت؟ ئاشتی؟ بەڵێ. بە هەر نرخێک بێت؟ نەخێر. ئێمە دەمانەوێت کۆتایی شەڕەکە بێت، بەڵام کۆتایی ئۆکرانیا نا."
ئاماژەی بەوەشکرد، چەند هەفتەیەک لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە سەرکردایەتی ئەمریکا، لەنێویاندا دیداری ئەم دواییەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدا، بووەتە هۆی پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستانەکانی ئاشتیدا.
زێلێنسکی ڕوونیشیکردەوە، ڕێککەوتنی ئاشتی لەسەدا ٩٠ ئامادەیە و تەنها لەسەدا ١٠ی ماوە، ئەمەش چارەنووسی ئۆکرانیا و ئەوروپا و گەل دیاری دەکات.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەربەستی سەرەکی بەردەم ڕێککەوتنەکە پرسی کۆنترۆڵکردنی خاکی ئۆکرانیایە.
ئێستا ڕووسیا نزیکەی 19%ی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای بەدەستەوەیە، بەڵام ڤلادیمێر پوتین دەیەوێت ئۆکرانیا لەو بەشانەی ڕۆژهەڵاتی دۆنباس بکشێتەوە کە هێشتا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا دەستی بەسەردا نەگیراوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
