ئاگادارییەک لە قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخانەوە بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویست
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و سەرڕێژبوونی بەنداوی دێوانە، سڵێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، چەند ڕێنمایی و هۆشدارییەک ئاراستەی هاوڵاتیان دەکات بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی هەموان:
١. سەبارەت بە دەوروبەری بەنداوی دێوانە:
داوا لەو هاوڵاتیانە دەکەین کە پڕۆژە، کار، یان ئاژەڵدارییان لە خوارووی بەنداوەکە هەیە، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت بەهیچ شێوەیەک سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن. تکایە بۆ پاراستنی گیانتان و دوورکەوتنەوە لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، لە بەنداوەکە دووربکەونەوە.
٢. سەبارەت بە هاتوچۆی ڕێگاوبانەکان:
بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و تێكچوونی بارودۆخی ڕێگاکان، داوا لە شۆفێران، گوندنشینان و هاوڵاتیانی ئازیز دەکەین:
بۆ کاری زۆر زەروور نەبێت، ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان بەکارنەهێنن.
دووربکەونەوە لەو شوێنانەی ئەگەری کۆبوونەوەی ئاوی زۆر یان لافاویان لێ دەکرێت.
سەلامەتی ئێوە ئامانجی ئێمەیە.
ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان
٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥.
