هەناردەی ئۆزبەکستان بۆ ئەفغانستان لە ماوەی ١١ مانگدا گەیشتە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار
لێژنەی ئاماری نیشتمانی ئۆزبەکستان ڕۆژی هەینی ٢6ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا ئەو وڵاتە بە بەهای ٣٠.٩ ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی وڵاتانی جۆراوجۆر کردووە و لەو ژمارەیەش یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار هەناردەی ئەفغانستان کراوە.
لیژنەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە مانگی یەک تا تشرینی دووەمی 2025، هەناردەی ئۆزبەکستان بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 26.2% زیادی کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆی بەهای بازرگانی دەرەوەی ئۆزبەکستان لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە 72.8 ملیار دۆلار کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 21.8% زیاترە؛ کە 41.9 ملیار دۆلار بۆ هاوردە و 30.9 ملیار دۆلار بۆ هەناردەکردن تەرخانکراوە.
لێژنەی ئاماری نیشتمانی ئۆزبەکستان جەختی لەوە کردەوە کە جوگرافیای هەناردەکردنی ئەو وڵاتە بەردەوام لە فراوانبووندایە.
چین وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئۆزبەکستان دەمێنێتەوە کە پشکی 20.1% یە، لە دوای ئەویش ڕووسیا بە ڕێژەی 16.2% و قەزاقستان بە ڕێژەی 6% و تورکیا بە ڕێژەی 3.7% و کۆریای باشوور بە ڕێژەی 2.2%. یە.
گوڵان: سەردار خەلیل
