شلەمەنییە شیرینكراوەكان كۆلیستیرۆل بەرزدەكەنەوە
خواردنەوە شیرینكراوەكان Sweet drinks هەموو ئەو شلەمەنییانە دەگرێتەوە كە شەكری زیادكراو یان ماددەی شیرینكاری دەستكرد Sweeteners لەخۆدەگرن، بۆنموونە سۆدا، خواردنەوە كاربۆكراو یان گازدارەكانی وەكو بیبسی و كۆلا، سپۆرت درینك، شەربەتی دەستكردی میوە، چای شیرین، قاوەی شیرین...تاد. بە پێی توێژینەوەیەكی كۆمەڵەی ئەمەریكیی نەخۆشییەكانی دڵ،خواردنەوەی زیاتر لە 355 میللیلیتر رۆژانە لە هەر جۆرێكی شلەمەنییە شیرینكراوەكان پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل و چەوریی گلیسریدە سیانییەكان TG كە بە چەوریی بن ژێر پێست ناسراوە، ئەمەش هۆكارێكی هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەلتەی مێشك. ئاماژە بەمەش كراوە كە خواردنەوەكانی وەكو سۆدا، سپۆرت درینك، شەربەتی بە چێژی میوە، سەرچاوەی گەورەن بۆ شەكرە زیادكراوەكان Added sugars. لە لایەكی ترەوە، توێژەرانی زانكۆی بۆستنی ئەمەریكی جەختیان كردۆتەوە كە كەمكردنەوەی یان دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی ئەم جۆرە شلەمەنییانە یەكێكە لە هەنگاوە دروست و كاریگەرەكان بۆ كۆنترۆلكردنی ئاستی كۆلیستیرۆل و چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا و خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، هەروەها توێژەرەكان ئاو بە باشترین خواردنەوەی تەندروست هەژمار دەكەن.
