شاندێکی سەربازیی لیبیا گەیشتە ئەنقەرە بۆ لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی هەڵگری سەرۆک ئەرکانی سوپای لیبیا
شاندێکی بەرپرسانی سەربازیی لیبیا گەیشتنە ئەنقەرە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە کە ژەنەڕاڵ محەمەد حەداد، سەرۆکی ئەرکانی ئەو وڵاتەی هەڵگرتبوو.
دوابەدوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە کە جەنەڕاڵ محەمەد عەلی ئەحمەد ئەلحەداد، سەرۆکی ئەرکانی سوپای لیبیا و دەوروبەرەکەی هەڵگرتبوو، کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای سەربازی و شارەزای تەکنیکی لیبیا گەیشتنە پایتەختی تورکیا.
شاندەکە بە ئەرکی لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە لە لایەنە تەکنیکی و ئەمنی و ئۆپەراسیۆنییەکانی ڕووداوەکە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەنقەرە لەلایەن نوێنەرانی وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا و بەرپرسانی ئەمنی تورکیا بە فەرمی پێشوازییان لێکرا.
دەستبەجێ ئەندامانی شاندەکەی لیبیا بە مینی پاسێکی مەدەنی بە یاوەری تیمە ئەمنییەکان و کەسانی شارەزا بەرەو ناوچەی کەسیک کاواک لە ناحیەی هێمنێی ئەنقەرە بەڕێکەوتن.
کاربەدەستانی تورکیا پشتڕاستیان کردەوە کە شاندەکەی لیبیا ڕاستەوخۆ سەردانی شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان کردووە و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان لەوانە کۆکردنەوەی بەڵگە و وێنەگرتنی داروپەردوو و تۆمارکردنی شوێنی جوگرافیای ورد لە ئێستادا بەردەوامن. هەروەها شارەزایانی تەکنیکی هەردوولا خەریکی شیکردنەوەی بەشەکانی دیکەی فڕۆکەکە و سیستەمی گەشتیارییەکەن.
گوڵان: سەردار خەلیل
