ئامانجی ئارارات تەنیا بەشداریكردنە لە خولی یانە پلە یەكەكان

ئامانجی ئارارات تەنیا بەشداریكردنە لە خولی یانە پلە یەكەكان

 

ئامانجی ئارارات

تەنیا بەشداریكردنە لە خولی یانە پلە یەكەكان

 

تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشیی ئارارات دوای دوو ساڵ دابڕان لە خولەكانی كوردستان، جارێكی دیكە گەڕانەوە بۆ بەشداریكردن لە ڕیزی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان و، ئەم وەرزە تەنیا دەیانەوێ بەشداربن لە خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستان، لەم بارەشەوە «سۆران جەوهەر» سكرتێری یانەی وەرزشی ئارارات بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەمساڵ وەكو دەستەی كارگێڕیی یانەی ئارارات بڕیاری بەشداریكردنمان داوە لە خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، بەڵام ئامانجی ئێمە تەنیا بەشداریكردنە لەم خولە، ئەگەر نا هیچ ئامانجێكیترمان نییە، هەر ئەوەشمان بە ڕاهێنەری یانەكە گوتووە كە ئێمە دمانەوێ بەشداربین وەكو یانە و ئەنجاممان لێتان ناوێ، هەر بۆیە زیاتر بە تیپێكی لاو بەشداریمان كردووە و زۆربەی یاریزانەكانی تیپی لاوانمان سەرخستووە لەگەڵ هێنانی چوار یاریزانی دەرەوەی هەرێم كە عەرەبن، لەگەڵ چەند یاریزانێكی دیكەی بە ئەزموون. ئەمساڵیش یانەكان ژمارەیان زۆرە و چوار یانەش سەردەكەون بۆ خولی پلە نایابی یانەكانی كوردستان، خولەكانی كوردستانیش پێویستی بە خەرجی زۆرە و زۆرێك لە یانەكانیش گرفتی داراییان هەیە، ئێمەش بەدەر تین لەو گرفتە. ئێمە زیاتر ئامانجمان پێگەیاندنە بۆ داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە یاریزانە لاوەكانی خۆمان ببینین».

Top