توندوتیژیی دیجیتاڵی لە سەردەمی پێشكەوتن و تەكنەلۆژیادا
لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەی كە جیهانی ئەمڕۆی تەنیووە، توندوتیژییەكان شێوازی جۆراوجۆر و نوێی بەخۆوە بینیوە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەو پێشكەوتنەی تەكنەلۆژیا، ئەو شێوازانەیش پێیان دەگوترێت توندوتیژی ئەلیكترۆنی یاخود توندوتیژی دیجیتاڵی، ئەم توندوتیژییە لە ڕێگەی تابلێتی دیجیتاڵ و مۆبایل و پەیووەندییەكانەوە ڕوودەدات، كە هیچ كات و ساتیكی دیریكراوی نییە، بەڵكو لە هەركات و ساتێكدا ڕوودەدات .
بەپێی توێژینەوە زانستییەكان سەلمێندراوە كە هەموو تەمەنەكان ڕووبەڕووی ئەم توندوتیژییە دەبنەوە و لەوانەیە توندوتیژییەكە لەلایەن كەسێكی نزیك لە قوربانییەكە یاخود كەسێكی نامۆوە ڕووبدات .
چونكە فەزای دیجیتاڵی ئەمڕۆ زۆر فراوان بووە و تووخمەكانی ئەم فەزایە وەكو پڕۆگرامەكانی تەلەفزیۆنی و ڕێكلامەكان و ئینتەرنێت كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر ژیانی تاكەكانی نێو كۆمەڵگە و خەڵكی بەگشتی هەیە و لە هەموو بارودۆخێكدا ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوەمان دەبێت، هەر بۆ ئەوەیش بەداخەوە بە كاڵاكردنی منداڵان و خانمان وەكو كاڵایەك لە پڕۆگرامەكاندا، ڕەنگدانەوەی توندوتیژی سەردەمی نوێیە بە شێوازێكی گشتی و ڕۆژانە لێرە و لەوێ هەستی پێدەكرێت، ئەویش بە شێواز و فۆڕمەلەی جیاواز ڕوو دەدەن.
بەداخەوە هەڕەشە ئەلیكترۆنییەكان لەم دوایانەدا نیگەرانییەكی سەرەكی خێزان و خانەوادەكانە و دەتوانین بڵێێن كاریگەری میدیایی دیجیتاڵی لە پەخش و بڵاو كردنەوەی ئەو هەڕەشانەی كە ڕووبەڕووی تاكەكانی نێو كۆمەڵگە دەبێتەوە زۆرجار ڕۆڵێكی زۆر نەرێنی دەگێڕێت.
ئەو هەڕەشە ئەلێكترۆنییانە بەداخەوە زۆر جار كچان و ئافرەتانی گەنج دەگرێتەوە و لە ئاكامدا تووشی كارەساتی دڵتەزێن دەبن .
هێرشە ئەلیكترۆنییەكان ڕەفتار گەلێكن بەناردنی نامە و پەیامی هەڕەشە ئامێز ڕوودەدات، ئەویش لە ڕێگەی پێگەكانی دیجیتاڵ میدیا، هەندێ جاركۆمێنتی ناجۆر و سووكایەتی پێكردن و جنێودان لەسەر پۆست و بابەتە گشتییەكان و وێنەگرتن و هاوبەشی كردنی ڤیدیۆ و وێنە و هاككردنی ئەكاونتە كەسییەكان و دانانی ئەكاونتی نەناسرا و بۆ كەسانی ئامانجدار و كێشە دروست كردن بۆیان كە ئەمە كارەساتی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنت.

بێلان عاسی ڕۆژبەیانی