حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پشووەکانی کۆتایی ساڵ و سەری ساڵی نوێی ڕاگەیاند
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پشووەکانی کۆتایی ساڵ و سەری ساڵی نوێی ڕاگەیاند، کە چەند ڕۆژێکی پشووی فەرمی دەبێت و پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەش لەو ماوەیەدا بەردەوام دەبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەست پێدەکات و تاوەکو ڕۆژی شەممە، ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.
لە بارەی ئەو فەرمانگانەی کارووباری خزمەتگوزارییان هەیە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە کردووە کە دەوامیان ناوەستێت و بە شێوەی "ئێشکگری" دەبێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە پێویستەکان پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن.
تەوەرێکی گرنگی ڕاگەیەندراوەکە تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەران؛ حکوومەتی هەرێم جەختی کردووەتەوە کە لە کاتی هاتنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی پشوودا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا شایستە داراییەکانیان وەربگرن.
هەر بەپێی خشتە ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.
