چۆن ڕووبەڕووی ئالنگارییەكانی بەردەم ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان دەبینەوە؟

چۆن ڕووبەڕووی ئالنگارییەكانی  بەردەم ئاسایشی نەتەوەیی  هەرێمی كوردستان دەبینەوە؟

(*)

 

 

ئاشكرایە كە ئاسایشی نەتەوەیی هاوچەرخ، تەنیا بریتی نییە لە دابینكردنی ئاسایشی نەریتیی سەربازی، بەڵكو چەندین ڕەهەندی تەواوكەر لەخۆ دەگرێت، وەك پاراستنی مرۆیی و دابینكردنی ئاسایشی ئابووری و كۆمەڵایەتی و دابینكردنی سەرچاوەكانی وزەی نەریتی و نوێبووەوە و، ئاسایشی ئەلكترۆنی و ژینگەیی و سیاسی، بە واتایەكی دیكە، پێویستە هەرێم توانای دامەزراوەیی، سیاسی، ئابووری، سەربازی و كۆمەڵایەتیی هەبێت، بۆ پاراستنی خاك و دامەزراوە و دانیشتووان و سەرچاوە گرنگەكان و دامەزراوە و پڕۆژە ژێرخانییەكانی، هەروەها پاراستنی سەروەریی خۆی و توانای بەردەوامیدان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا، یان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی، بە شێوەیەك كە سەقامگیری و بەردەوامبوونی ئەم پەیوەندییانە مسۆگەر بكات، كە بەرژەوەندیی هاوبەش و گەشەپێدانی بەردەوام بەدی بهێنێت.

سەبارەت بە گرنگترین ئەو ئالنگارییانەی كە ڕووبەڕووی ئاسایشی نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان دەبنەوە، دەكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن بكرێن:

یەكەم : ئالنگارییە دەرەكییەكان كە زۆربەی كات بە شێوەی جۆراوجۆر دەردەكەون، لەوانە:

1- دەستتێوەردانی سیاسی و فشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەكان لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە.

2- ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان كە لە لایەن گرووپە تیرۆریستییە چەكدارەكانەوە ئەنجام دەدرێن، كە كاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دادەنێن.

دووەم: ئالنگارییەكانی ململانێی بەردەوام لەگەڵ بەغدا لەسەر سەرچاوەكانی نەوت و پشكی هەرێم لە بوودجەی فیدڕاڵی و خۆدزینەوەی بەردەوام لە لایەن بەغداوە لە پێدانی مووچە و دابینكردنی خزمەتگوزارییە فیدڕاڵییەكان، كە كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و ئابووریی دانیشتووانی هەرێم دێنێتە ئاراوە و، وەبەرهێنان و جووڵەی بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لاواز دەكات.

سێیەم: ئالنگارییە ناوخۆییەكان، لەوانە:

1- بەردەوامبوونی ناكۆكییەكان لە نێوان حزبە كوردستانییەكاندا، كە كاریگەریی نەرێنیی بۆسەر یەكڕیزیی هەڵوێست و بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم دەبێت و، پڕۆسەكانی چاكسازیی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەمنیی پەك دەخات.

2- وشك نەكردنی سەرچاوەكانی گەندەڵیی دارایی و لاوازیی سەروەریی یاسا و بڵاوبوونەوەی دیاردەی توندوتیژی و بێكاری و بەردەوامبوونی تاوانەكانی قاچاخچێتی و ماددە هۆشبەرەكان و زیادبوونی جیاوازییەكانی چینایەتی.

چوارەم: ئالنگارییە گشتییەكان، لەوانە:

1- لاوازیی بنەما سەرەكییەكانی ئابووریی هەرێم و پشتبەستنی بەردەوامی بە بەغدا.

2- مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و كەمیی ئاو و ئاسایشی سایبەری و فشارە دیمۆگرافییەكان.

پێش گەڕان بە دوای ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگارییانەی كە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە، پێویستە تواناكانی سەربازی و ئەمنی و ئابووری و دامەزراوەیی و دیپلۆماسیی ئێستای هەرێم هەڵبسەنگێنرێن.

1- توانای سەربازی و ئەمنی:

سەرەڕای ئەو قوربانییانەی كە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە بەرگریكردن لە خاك و گەلی كوردستان پێشكەشیان كردووە، چ پێش ڕژێمی پێشوو یان دوای ئەو، هەروەها سەرەڕای ئەو هەوڵانەی كە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەیدەن، هێشتا هێزی پێشمەرگە نەبووەتە هێزێكی سەربازیی یەكگرتوو، چونكە هێشتا كاریگەرییەكانی حزبی لەسەر دڵسۆزیی ئەم هێزانە بۆ حزبەكان زیاترە وەك لە دڵسۆزییان بۆ گەل و حكومەتی هەرێم.

2- توانای ئابووری و دارایی هەرێم:

هێشتا ئەم توانایانە نەیانتوانیوە بگەنە قۆناغی خۆبژێوی و دابینكردنی ئاسایشی خۆراك بۆ دانیشتووانی هەرێم، چونكە هێشتا هەرێم پشت بە بەغدا دەبەستێت بۆ دابینكردنی دارایی، كە زۆربەی كات بەغدا وەك كارتێكی فشار لەسەر هەرێم بە كاری دەهێنێت و هەژموونی سیاسی و سەقامگیریی بارودۆخی كەم دەكاتەوە.

3- دامەزراوەكانی هەرێم:

سەرەڕای سەقامگیریی ڕێژەیی و باشبوونی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی ڕۆژانە، بەڵام هێشتا خەڵك بەدەست خاوبوونەوە و بیرۆكراتی و ڕۆتین و لاوازیی حوكمڕانی و شەفافییەت لە كاركردن و لاوازیی میكانیزمەكانی لێپرسینەوە و چاودێرییەوە دەناڵێنێت.

4- پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:

سەرەڕای سەركەوتنی هەرێم لە بنیادنانی پەیوەندیی ئابووری و دیپلۆماسی و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەش، بەڵام نەبوونی یەكڕیزیی بەرەی كوردستانی لە مامەڵەكردن و هەوڵدان بۆ تایبەتكردنی پەیوەندی، یان مامەڵەی بازرگانی، یان دیپلۆماسیی تاكلایەنە، كاریگەری لەسەر پێگەی هەرێم دروست دەكات، دواتر دوفاقییەتی لە مامەڵەكردن لەگەڵیدا دێنێتە ئاراوە.

سەبارەت بە ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەكان، ئەوا پێویستی بە كۆدەنگیی حزبە كوردستانییەكان هەیە، بەتایبەتی هەردوو حزبی سەرەكی، لە پەیڕەوكردنی كۆمەڵێك بنەمای ستراتیژی بۆ پاراستن و بەهێزكردنی ئاسایشی نەتەوەیی، لەوانە:

1- پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی یەكگرتووی ئەمنی و كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوخۆ و جێبەجێكردنی یاسا و یەكسانی و دادپەروەری و دەستوەرنەدان لە كاروباری دامەزراوەكانی حكوومی بۆ بەدیهێنانی ئامانجی حزبی، یان كەسی، لەگەڵ تیشك خستنەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دیاردەكانی توندوتیژی و خزمخزمێنە و بەرگریكردنی ڕەوا لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم.

2- دووبارە ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و یەكخستنیان و، گۆڕینیان بۆ هێزێكی بەرگری لە خاك و گەلی كوردستان و گرنگیدان بە بەرزكردنەوەی تواناكانیان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ تاكەكانیان و دابینكردنی بژێوی خانەوادەی شەهیدان و برینداران، لەگەڵ ڕێگریكردن لە بەكارهێنانی هێزی پێشمەرگە لە ململانێ و كێشە حزبییەكاندا.

3- وازهێنان لە ئابووریی ڕەیعی و پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی ئامانجدار بۆ گەشەپێدانی كەرتە جێگرەوەكان، وەك گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و پیشەسازیی كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵ و جۆراوجۆركردن لە بنیادنانی بنەما سەرەكییەكان و دانانی ستراتیژییەك بۆ حاڵەتە لەناكاوەكانی ئایینی و ژینگەیی.

4- بەردەوامبوون لە فراوانكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەندامانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

5- پشتبەستن بە ڕێگەكانی ئاشتی لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لەگەڵ بەغدا و بەپێی دەستووری عێراق.

6- زێدەكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان لە پەروەردە و تەندروستی، لەگەڵ پشتگیریكردنی چینی هەژار و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و پشتگیریكردنی كەرتی تایبەت.

7- پاراستنی ئاسایشی سایبەری و تواناكانی هەواڵگری و زانیاری بۆ پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی هەرێم.

لەمەوە دەردەكەوێت كە ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمی كوردستان تەنیا بە بابەتە سەربازی و ئەمنییەكانەوە سنووردار نییە، بەڵكوو پڕۆژەیەكی فرەڕەهەندە كە پێویستی بە چاكسازیی دامەزراوەیی و ئابووری و ستراتیژیی جۆراوجۆر و دیپلۆماسیی چالاك و توانای هەواڵگریی بەهێز هەیە، بۆ پاراستنی ئاسایش. گرنگترین شت ئەوەیە كە ڕێككەوتن و بەڵێنێكی سیاسی لە نێوان حزبە كوردستانییەكاندا هەبێت بۆ نەبوونی تاكڕەوەی لە دەسەڵات و پێویستیی جێبەجێكردنی دیموكراسی و شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و گەندەڵی و توندوتیژی و پێویستە كاری پێكەوەیی بۆ گەلی كوردستان بكرێت كە دابینكردنی داهاتوویەكی گەشاوەیە بۆ ئەم گەلە، چونكە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لە سەرووی بەرژەوەندیی هەمووانەوەیە.

 

(*)

شرۆڤەكاری سیاسیی سەربەخۆ

Top