مۆساد: ڕێگا نادەین ئێران ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی دیکە ئەنجام بدات
سەرۆکی مۆساد ئیدیعای کرد کە ئێران هەوڵ دەدات "جیهان هەڵخەڵەتێنێت و ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی واژۆ بکات"، بەڵام ئەوان ڕێگە بەو کارە نادەن.
دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد لە مەراسیمێکدا بۆ ڕێزلێنان لە کارمەندانی مۆساد، ئیدیعای کرد کە ئێران هەوڵدەدات "جیهان فریو بدات و ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی واژۆ بکات"، بەڵام ئەوان ڕێگەیان پێنادەن.
بەگوێرەی نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بارنیا لە چالاکییەکەدا گوتی: ئێران پێی وایە دەتوانێت جارێکی دیکە جیهان فریو بدات و ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی خراپی دیکە ئەنجام بدات؛ ئێمە ڕێگە بەم کارە نادەین.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئێران دەستبەرداری خواستی لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل نەبووە، وڵاتێک کە یۆرانیۆمی تا ئاستێک پیتاندووە کە تەنیا بە خواستی هەبوونی توانای ئەتۆمی سەربازی ڕوون بکرێتەوە، وڵاتێکە کە لە زووترین دەرفەتدا بەسەر بەرگرییەکانی دوژمندا زاڵ دەبێت.
بارنیا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە ڕێگریکردن لە ئێران لە جێبەجێکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
سەرۆکی مۆساد هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران لە پشت ئەو پیلانانەدایە کە جولەکەکانی جیهان دەکەنە ئامانج.
ناوبراو گوتی: بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل بەشێکە لە ستراتیجی ئەمنییەتی دەوڵەتی ئێران.
گوڵان: سەردار خەلیل
