تایلەند هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەمبۆدیا ڕاگەیاند

تایلەند هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەمبۆدیا ڕاگەیاند

 

 

سەرەڕای چەندین جار بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە نێوان تایلەند و کەمبۆدیا، بانکۆک دوای تەقەکردن لە سنوورەکانی نێوان هێزەکانی کەمبۆدیا و تایلەند، دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەمبۆدیا ڕاگەیاند.

دوای تەقەکردن لە سنوور بەزاندنی نێوان هێزەکانی کەمبۆدیا و تایلەند، بانکۆک لە ڕۆژی دووشەممە ٨ی کانوونی دووەم دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەمبۆدیا ڕاگەیاند.

سوپای تایلەند ڕایگەیاند، دوای کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی چوار سەربازی دیکە، هێرشی ئاسمانییان دەستپێکردووە.

هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کردووە بە تەقەکردن لەسەر سنووری هاوبەش.

تێکهەڵچوونەکە لە پارێزگای » ئوبۆن ڕاچاتانی«  ڕوویداوە.

سوپای تایلەند لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەمان بە بەکارهێنانی فڕۆکە دەستپێکردووە بۆ بە ئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکان لە چەند ناوچەیەک بۆ سەرکوتکردنی هێرشەکانی هێزەکانی کەمبۆدیا.

کەمبۆدیا تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە.            

تا ئێستا نزیکەی 35 هەزار کەس لە تایلەند لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ کەمبۆدیا بەهۆی دووبارەبوونەوەی شەڕەکانەوە ناوچەكانیان چۆڵکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە نێوەندگیری ئەمریکا و چین و مالیزیا ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولادا واژۆ کرا.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top