مامۆستا مەلا خالد هاودیانی نمونەی مەلایەکی خاکی و نیشتمانپەروەر .. دڵسۆزو سوارچاکی کوردایەتی
(*)
هەمیشە وابووە گەلی ئێمە شانازی بەو مرۆڤانەوە کردووە، کە لە بواری خۆیان ئەسپی خۆیان تاوداوەو بونەتە چرایەکی رۆشن بۆ دەوروبەری خۆیان، زۆریشن ئەو مامۆستا ئایینیە هەڵکەوتووانەی لە مەدرەسەی زانست و عیرفان و ئیسلامپەروەری و رۆحی کوردایەتی و هەستی نیشتماندۆستی بوونەتە سەرمەشقی دیار لە ناو کوردو رێی سەدان کەسیان بەرەو دینداری و نەتەوەپەروەری خۆش کردووە، لەهەمان کات بوونەتە هەوێنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و هەڵگری پەیامی میانڕەوی و هەستی مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان و بەرگری لە خاک و وڵات.
مامۆستا مەلا خالد عبدالله حەمەد ناسراو بە مامۆستا مەلا خالد هاودیانی، یەکێک لەو مەلاو مامۆستا هەڵکەوتووانەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو خزمەتی ئیسلام و دۆزی رەوای گەلی کورد تەرخان کرد، یەکێک بووە لە پەیڕەوانی رێبازی کوردایەتی و سوارچاکی رێی بارزانی، ئەندامێکی کارا لە دڵسۆزانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و خزمەتێکی گەورەو مێژووێکی پڕ لە شانازی هەیە، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم رێکخراوە تا کاتی وەفاتی دانەبڕاو هەمیشە بە هەست و هەڵوێستی دڵسۆزانە هەنگاوی ناوە.
مامۆستا کەسێکی خاکی و سادەو قسەخۆش و میواندۆست و وەفادارو دڵسۆزو خۆشەویستە، مرۆڤێکی سەر راست و جوامێرو بە جورئەت، کەسایەتیەکی سەنگین و مرۆڤێکی بە ئینساف و خاوەن سەلیقەی نووسین و ئەدەب و شیعرو عیرفاندۆست، لەرووی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خەمخۆری بۆ پرسە ئایینی و نەتەوەییەکان حوزورێکی باشی هەبووەو هەیە، لەبارەی مافی کوردو کوردستان تا ئاستی ئامادەیی گیانفیدایی ئازاو چاونەترس، تەنانەت لە تەمەنی خۆیدا قۆناغی هەستیارو مەترسیداری بڕیوە لە پێناو کوردایەتی و ئەو مەبدەئە گەورەی هەڵیگرتبوو، بۆیە هەمیشە خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان و پێشمەرگەو پارێزگاری لە کەڕامەت و کیان و کوردستان لە ناو پەیام و نووسینەکان رەنگی داوەتەوە، هەر لەبەر ئەمەو بۆ بەرزنرخاندنی پێگەو رۆڵ و خزمەتەکانی ئەم مامۆستا دیارەی سیمبولی پێکەوەژیان و نیشتمانپەروەری، رۆژی 26ی ئابی ئەمساڵ بەڕێز مەلامستەفا بارزانی بەمەبەستی هەواڵپرسین سەردانی کردو تەقدیری زۆری بۆ نواند..
مامۆستا لەم ماوەیە دیوانێکی شیعری بەناوی (دیوانی خاکی) بە قەبارەی 180 لاپەرەو بە کۆمەڵک شیعری ناوازە لە بواری ئایینی و ئەدەبی و عیرفانی و کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان و کوردایەتی بە چاپ گەیاندووەو، نازناوی شیعری بە (خاکی) دەرکردووە.
ئەوەی سەرنج بداتە ئەم دیوانە شیعرەو ئاوێزانی شیعرەکانی بێت، دەکەوێتە دونیایەکی تر لە جوانی هەستی مامۆتسا بۆ هەستی نەتەوەپەروەری و حەزو ویستی کوردایەتی و جۆش و خڕۆشی زۆری لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەی، بۆیە لەسەرەتای دیوانە دەڵێت: (ناوم خالیدە ناسناوم خاکی... سەرم فیدایە بۆ کوردو خاکی)، ئەمە رات دەکێشێت بۆ جیهانێکی تەژی لە هەڵوێستی نیشتمانی و سۆزو هەستی بێ ئەندازەی بۆ نیشتمانپەروەری، هەڵبەت کەسێک نرخ و بەهای ئەک کەشکۆڵە دیوانەی مامۆستا دەزانێت، کە رۆحی شیعردۆستی هەبێت و بزانێت هەر شیعرە هەڵقوڵاوی واقعێکی تایبەتە، بەڵام زادەی هەستی شاعیرە بۆ ئەو ئەدرێسەی لەناواخنی شیعر بە گوێچکەی خوێنەر دەچرپێنێت.
لەم دیوانەی "خاکی" هەر بەراست خاکیبوونی مامۆستات بۆ دەرەکەوێت، کە چەندە پەرۆشی بۆ رێبازی زانست و عیرفان و ئاوازو سەدای نیشتمان لێ دەبارێت، کە لە قەراخ گوندێکی بچکۆلەی وەک هاودیان و باڵەکیان و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن و دەورەدانی نەخۆشی هێشتا سەلیقەی ئەدەبی و خامەی دەست و چاویلکەو زەرەبینی خوێندنەوە، تاقەتی لە مامۆستا نەبڕیوەو لەززەتی تەمەن لەوەدا دەبینێتەوە، کە لە گەڵ قسەو لوتفە شیرینەکەی حەز دەکا پارچەیەک شیعرەت بۆ بخوێنێتەوەو شەرحی حاڵی ناواخنەکەت بۆ بکات، لەوەشدا مامۆستا مۆفەق بووەو زۆریش شادومانە بەم پاییزی عومرە بە چاوی سەر دیوانە نازدارەکەی دەبینێتەوەو جار جارە سەری بەسەر دەکات و ئاوێزانی یادەوەری و یادگارییەکانی دەبێت، لەسەروو هەموو ئەمانەش هێشتا تێنوێتی تەواوەتی نەشکاوە بۆ زیاتر خزمەتی رێڕەوی کوردایەتی و ستایشی بەرخودانی قارەمانانی وڵات و خوێنی شەهیدان، کە بە چ خەبات و تێکۆشان کوردستانیان بەمڕۆ گەیاندووە.
کاتێ سەیری هەندێ لە ناونیشانی شیعرەکانی دەکەیت، لەوانە: (بیرکەرەوە لاوی کوردستان، ئەی کوردستان، نیشتمان، کوردستانی زامدار، شکۆی شۆڕشی ئەیلول، کێوەکانی کوردستان، نسکۆی شۆڕش) هەست دەکەیت لە مەدرەسەی کوردایەتی وانەگەلێک دەخوێنیت، کە هەر تاکێکی کورد پێویست بەرامبەر گەل و نیشتمانەکەی بزانێت، کۆمەڵێک ئامۆژگاری جوان و زۆری تێدایە، کە هەر یەکەیان بۆ ئێستای دۆخی کوردان گرنگ و فرە پێویستن، لەهەمان کات هەستێکی جوان بۆ رابەری نەتەوەیی مەلا مستەفای بارزانی دەردەبڕێت. ئەگەر چەند نمونەیەک لەمانە بخەمە ڕوو:
*
فەڕزە خزمەتی نیشتمان پاراستنی بە بێ گومان
بۆ پاراستنی وڵاتمان، یاوەرمانە خودای رەحمان
خودا دروستی کردووینە هەر لە ئەزەلدا بە کوردی
بۆیە دەبێ خزمەت بکەین بە دڵسۆزیی و بە وردی
نیشتمانە جوانەکەی من هەر مایەی شانازییە
خاکی گەوهەری زێڕینی بۆ ئێمەی کورد سەربەرزییە
لوتکەی شاخی رەنگینی خاک لانەیی سەد شێرانەیە
رەزو باغ و بێستانەکەت هەر کاری خوای یەزدانەیە
خاکی" خاکی خۆی خۆشدەوێ بۆیە وا بە دڵ و گیانی
سەرو ماڵی خۆی دادەنێ بۆ رزگاری نیشتمانی
**
کوردە با بەس بێ ئەو خۆپەرستن
دەبا برا بین، بەسە یەک کوشتن
هەمووتان یەک ڕەنگ هەم یەک ئاواتن
تێکڕا بجەنگن بەرامبەر دووشمن
مایەی شەڕەفە پاراستنی وڵات
فەڕزە لەسەرمان بۆی بکەین خەبات
تا گەل و هۆزمان ئەگەن بە ئاوات
دوژمنی زاڵم بخەنە ژێر پات
رێگەی سەربەخۆ بە خوێنی سوورە
ژیانی ملکەچی مایەی سەرشۆڕە
خزمەت بە بێگان لەخۆت کە دوورە
خزمەتی خۆشت یەک پارچە نوورە
***
کەی کوردانی دوور وەتەن
دەست لە ملی یەکتر ئەکەن
بە خزمان چاو روون ئەکەن
بە خاکیان دڵ شاد دەکەن
هاوار تا کوردێک ماوە
دووشمن خەیاڵی خاوە
کورد قەت ناچێت لەناوە
هەر گاهـ سەری هەڵداوە..
ماوەتەوە بڵێم: مامۆستا مەلا خالد هاودیانی لە دیوانەکەیدا هەڵوەستەیەکی جوانی نیشانداوەو خەرمانی کتێبخانەی کوردی بەم بەرهەمە دەوڵەمەنتر دەکات و بۆشاییەکی گەورە لە مەیدانی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی پڕ دەکاتەوە، ئەمەش خشتێکی ترە لە دیواری جوانی کۆشکی شانازی مەلای کورد لە کوردستاندا، کە هەمیشە لە خۆشی و ناخۆی لەگەڵ نەتەوەکەی خۆی بووەو لەسەردەمی شاخ و شاردا جێدەستی خزمەت و مەبدەئی دیارو بەرچاوە، کە کاریگەری و کاردانەوەی ئەرێنی زۆری لەناو رۆڵەکانی گەلەکەمان و خوێندەڤانان هەیە، بۆ ئەوەی لەژێر هیچ گوشارو فشارێک و بە بیانووی هیچ گلەیی و گازاندەیەک نەکەونە داوی تەنازولکردن لە هەستی ئایینپەروەری و نیشتمانپەری و خۆشەویستی بۆ خاک و وڵات، بەڵکو رۆڵەیەکی بەوەفاو خاوەن هەڵوێست بن لە کوردایەتی و خۆنەچەماندن..
بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.
د.عبدالله شێرکاوەیی*
