هەندرێن ئامادەكاری باشی كردوە
هەندرێن ئامادەكاری باشی كردوە
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشیی هەندرێنی پێشەنگی یانەكانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان ئەم وەرزە بە سەرپەرشتی ڕاهێنەری بە توانا دلشاد مەعروف توانیان لە یارییەكانی ڕابردوو ئاست و ئەنجامی شایستە پێشكەش بكەن.ئەم وەرزە خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەبەشداری 12 یانەی شارەكانی كوردستان دەستی پێكردوە، یانەی هەندرێن شان بە شانی یانەی پیشەسازی نوێنەری پارێزگای هەولێر و لە سێ یاری ڕابردوو نۆ خاڵی كۆكردۆتەوە و پێشەنگی یانەكانی گرتووە، لەم یارەشەوە دلشاد مەعروف ڕاهێنەری یانەی وەرزشیی هەندرێن بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئامادەكارییەكانی دەستپێكی وەرزی نوێی ئەم ساڵمان زۆر بە شێوەیەكی ڕێك و پێك دەست پێكرد و ئامانجمان بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستەیە لە خولی یانە پلە نایابەكانی كوردستان، ئێمەش وەكو یانەی هەندرێن بەشدارین لە خولەكە و چاومان لەوەیە بتوانین ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین، هەر چەندە ئەمساڵ تیپێكی تۆكمە و بەهێزمان هەیە لە خولەكە و دەمانەوێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستی تیپەكەمان ببەینە قۆناغی باشتر بۆ ئەوەی زیاتر بەرەوو پێش بچین، ئەمساڵ ژمارەیەك یاریزانی تازەمان هێاوە بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامی تیپەكەمان و یاریزانانی یانەكەشمان بە پەڕۆشن بۆ ئەنجامدانی مەشق و یارییەكان و ئەوانەی لەتوانامان بێت بۆ سەرخستنی یانەی هەندرێن درێغی ناكەین، لە بارەی گرفتەكانیش گوتی" سوپاس بۆ كارگێڕیی یانەكەمان تاكو ئێستا ڕێگەیان نەداوە گرفت بۆ تیپەكە دروست بێت، ئێمەش هەموو هەولێكی خۆشمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین درێژە بە ئەنجامە باشەكانمان بدەین لە یارییەكانی داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە ڕیزبەندی یانەكان بكەین.
