یاری كردن لە هەموو شوێنێ سود بەخشە

یاری كردن لە هەموو شوێنێ سود بەخشە

رەیان عوسمان یاریزانی فوتساڵی فێرگەی شارەزوور

یاری كردن لە هەموو شوێنێ سود بەخشە
قەزای سەید سادق یەكێك لەم قەزایانەی سنوری پارێزگای سلێمانییە كە گرنگی زۆر بە یارییەكانی تۆپی پێی ددەن لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان، فێرگەی فوتساڵی كچانی شارەزووریش یەكێك لەم فێرگانەی كە خاوەنی چەندین كچە یاریزانی بەهرەمەندە لەیاری تۆپی پێی فوتساڵ و كچە یاریزانەكانیش دەتوانن ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن لە سەر ئاستی كردستان و عێراقیش ، بەهرەمەندەكانی ئەم فێرگەیەش چاوەڕوانی ئەنجامی گەورەیان لێ دەكرێت لە داهاتوودا، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خول و پاڵەوانێتیەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق ، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ فێرگەی شارەزوور رەیان عوسمان-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2011 ی قەزای سەید سادق ماوەی چەندین ساڵە لە تیپی فێرگەی شارەزوور یاری دەكات، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*لە ئێستادا ئاستی یاری تۆپی فوستاڵ چۆن دەبینی؟
-یاری تۆپی پێی فوتساڵ، هێرش بەهێرشە لە یاری كردن، ئەم یارییە یارییەكی باشە بۆ ئەوانەی سەرەتای یاری كردنیانە.
*ئەنجام نەدانی پاڵەوانێتی تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
- پێویستە پاڵەوانێـتی بەردەوام بكرێتەوە لە یاریگاكان بۆ ئەوەی یاریزانان چاویان بكرێتەوە بتوانن یاری لە ناو هاندەراندا ئەنجام بدەن، ئەنجامدانی خول و پاڵەوانێتی جۆراوجۆریش بۆ یاریزانان.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی یاری فوتساڵی كچان بەرەووپێش بچێت؟
- پاڵپشتی خەڵك و خانەوادە بۆ كچە یاریزانان بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە وەرزشی تۆپی فوتساڵ، چونكە پاڵپشتی خێزان زۆر گرینگە بۆ وەرزشكار.
*كێشەو گرفتی یاری فوتساڵ لە چی دەبینی؟
- گرفتی ئەم یارییە یاریگای بچووكە، چونكە لەم یارییە هێرش بەهێرشە بۆ یاریزانی تازە لەوانەیە كارێكی تازە بێت ڕەنگە بۆ ئەو یاریزانە تازانە باش بێت، بەڵام دوای ئەوە پێویستی بە كەڵوپەلی ترە بۆ ئەوەی لە یاریگای تاتان یاری بكات.
*لە یانەیەك گرێبەستت پێشكەش كراوە؟
- تاوەكو ئێستا هیچ گرێبەستێكم بۆ نەهاتووە، بەڵام هەموو هەولێك دەدەم لە داهاتوو لە یانەیەك بەهێز یاری بكەم.
*بە نیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
-بەهیوای ئەوەی بتوانم ببمە یاریزانێكی ئەستێرە ئەویش بە هەوڵ و ماندوو بوونی باوكم و ڕاهێنەرەكەم.
*یاری كردن لە یاریگای گەورەی 11یاریزانی بۆ كچان زەحمەت نییە؟
- یاری كردن لە یاریگای گەورە خۆی زەحمەت نییە بۆ ئەوانەی جەستەیەكی باشیان هەیە، بەڵام بۆ ئەوانە زەحمەتە كە هەناسەیان درێژ نەبووەتەوە، تەنیا لە یاریگای بچووك یاری كردوە، ڕەنگە هێزی وەكو پێویست نەبێت.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشیی؟
-بەهیوای ئەوەم پشتگیری وەرزشیی كچانیش بكەن، نەك تەنیا پشتگیری لە كوڕان بكەن، كچانیش پێویستیان بەوە هەیە پاڵپشتیان هەبێت.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-خەونی من ئەوەیە ببمە یەكێك لەباشترین یاریزانەكانی تۆپی پێی.
*بەهیوای ئەوەیت هەڵبژاردەی كوردستان دروست بكرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی هەڵبژاردەكە بیت؟
-هەموو هەولێك دەدەم بۆ ئەوەی بتوانم ببمە یاریزانی هەڵبژاردەی كوردستان، پێویستە یاریزان خۆی ماندوو بكات و هەوڵی بۆ بدات.
*خولی كوردستان و عێراق كامەیی بەهێزترە بە بۆچوونی تۆ؟
-لە ئێستادا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە سەربازگەی مەشقیمە، بە بۆچوونی من خولی عێراقی باشترە.
*بەچ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
- بە لیونێل میسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.
*یاری كردن لە هەڵبژاردەی عێراق چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
-یاری كردن لە هەموو شوێنێ سود بەخشە، هەستێكی خۆشە یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بكەی.
*سەركەوتن چی دەگەینێ لای تۆ؟
-هەموو شتێك بۆمن سەركەوتنە هیلاكی ڕاهێنەرەكەم و دایك و باوكم ئەمانە هەمووی سەركەوتنە بە لای منەوە.
*ئەگەر شتێكت ماوە؟
-سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەمووە خەمخۆرییەی.

Top