مــەســـرور بــارزانـــی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد
شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ هەرێمی کوردستان و سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان نیشان دا.
ڕۆژی سێشەممە (٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد بە سەرۆکایەتيی "ماسامیشی سوگایا"، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئهكيرا ئيندۆ، باڵيۆزى ژاپۆن له عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن ئامادەی بوون، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرایەوە
شاندی میوان بە توندی هێرشی تیرۆریستیی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان شەرمەزار کرد و هاوسۆزيی خۆیان لەگەڵ حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەربڕی. هاوکات ستایشی ئارامی، پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمیان کرد و خواستی وڵاتەکەیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تۆکیۆ کرد و سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی بەردەوامی حکوومەتی ژاپۆنی کرد.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کرا. شاندە ژاپۆنییەکە پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانیان لە سەرۆکی حکوومەت کرد
