وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان : حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی راستەوخۆی نەبوونی رێوشوێنی تووندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو، بۆیە "حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆرمۆر بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە نێوان 15ی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025 دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، دووچاری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابووریی بەرچاویان پێگەیشتووە. بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان".
"لیژنە هاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە 28ی تەمموزی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانیان کرد و پشکنینی تەکنیکیان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون، دەرکەوت کە رێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە"، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.
وەزارەتەکە بەم جۆرە دەنووسێت: هەروەها دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێ سەر بە کام رێکخستنن. لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ پێکهێنرا، لە بارەگای راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و راپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، کە رادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هێرشەکان. بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی راپۆرتەکەدا، حکومەتی فیدراڵی هیچ رێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.
وەزارەتی ناوخۆ: راسپاردەکانی پێشوو جێبەجێ نەکراون
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، لەبەر رۆشنایی ئەم راستییانە، "دەمانەوێت بۆ رای گشتی روونبکەینەوە کە لە راپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵە، بە روونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەکان، دەستنیشان دەکات، کە لە رێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. راپۆرتەکە چەندین راسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتەکە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار، بەڵام تائێستا هیچ کام لەم راسپاردانە جێبەجێ نەکراون".
پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوەش دەکات، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و رێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دووبارە نابنەوە. هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو رێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان".
"رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر"
وەزارەتی ناوخۆ لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی راستەوخۆی نەبوونی رێوشوێنی تووندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا".
چی روویدا؟
شەوی چوارشەممە 26ـی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە.
بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ ئەو وێستگانە راگیرا کە بە گاز کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان.
