"ئێمە ڕکابەر نین، بەڵکو هاوبەشی سەرکەوتنین "



ئەگەرسەرنجێک بدەینە ئەنجامی ئاماری سەرژمێریەکەی دانیشتوانی ساڵی ٢٠٢٤، لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی ئافرەتان نزیکەی ٪٤٩.٧٦ ی کۆی دانیشتوانی پێکدەهێنن، کە بە ژمارە دەکاتە ( ٣,١٧٠,١٦٢) لە کۆی ژمارەی دانیشتووان زیاتر لە ( ٦,٣٧٠,٠٠٠) ، لە نێو ئەو ڕێژەیەدا ئەو خێزانانەی کە ئافرەتان سەرۆکایەتی دەکەن ( ٪١١.٨٦) ، ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی دابەشبوونی دانیشتوانە لە هەرێمی کوردستان و تیشک خستنە سەر ڕۆڵی گرنگی خانمان لە کۆمەڵگە دا.
لێرەدا دەتوانم بڵێم بە پێی ئەو ئامارەی هاتووە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕەگەزی مێ کە ٪٤٩.٦هێزی کار پێکدەهێنن لە سەر ئاستی عیراق و هەرێم لە گشت بوارەکاندا ، جگە لە خانمانی ماڵ، کەواتە لە ئێستادا ئەوەی ماوەتەوە ئافرەتان خۆیانن ، واتا تۆپەکە لە مەیدانی خانماندایە بۆ پشتیوانی یەکتر،هەروا کارکردن لەسەر ئەو ڕێژە مەزنەی کچان و ژنان کە وا پێبگەیەنرێن دەنگیان بۆ خانمان بێت کە ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ ڕزگار بوون لە (سیستەمی کۆتا) کە وەکو خێر لەسەرمان هەژمارە ، بە ئەرتەقای سودەکانی زیان و لێکەوتەی خراپی هەیە بۆمان.
هەروەک لە ماوەی ئەم ساڵەدا بە دوو پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عدراقدا تێپەڕین ، لەم کاتانەدا بەشداریەکی یەکجار کارای ئافرەتان بەدی دەکرا وەک کاندید و کێبڕکێی بردنەوە و بەشداریکردن لە مافی دەنگدان بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی زیاتر .. ئەوەی شایانی باسە ژمارەیەک خانم بەدەنگی تەواوی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا ، بێشک ئەمە دەگەڕێتەوە بۆئەو ئیرادە سیاسیە رەهایەی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیەکاندا ڕەخسێندراوە کە پێگەو ڕۆڵی ژن بەرز دەنرخێنێت لە ڕێگای بەشداری پێکردنیان لە کایەکاندا بە داڕشتنی سیاسەت و یاسا و ستراتیژی ڕاستەوخۆی پرسەکانی ئافرەتان و زەمینە سازی بۆ پێشکەوتنیان،
گرنگە هەڵمەتی بەرەنگار بوونەوەی توندو تیژی بە دروشمی "ئافرەتان پشتیوانی ئافرەتان بکەن" دەستپێ بکات و کەمپینێک بێت بە ئامانجی پەرەپێدانی هاودەنگی و پاڵپشتیکردنی ئافرەتان لە بوارە جیاجیاکاندا. ئەم هەڵمەتە هەوڵبدات ڕکابەری بێ بەرهەم لە نێوان ژناندا نەهێڵێت و هانیان بدات پشتیوانی یەکتربن بۆ گەشەسەندنی بەردەوام ...کاتێک کە ئێمەی ئافرەتان بەهێزین ، بەتواناین ، ئیلهامبەخشین، هەموو ڕۆژێک دەیسەلمێنین کە دەتوانیت مەحاڵەکان بەدەست بهێنین، جا چ لە شوێنی کار، چ لە ماڵەوە، یان لە کۆمەڵگەدا ، ئیتر بۆ ئەم هەلە بەرجەستە نەکەین بۆ هاندانی خانمانی دەوروبەرمان بۆ ئەوەی بەدوای خەونەکانیاندا بگەڕێن ، چونکە پێکەوە دەتوانین گۆڕانکاری ئەرێنی بەدەست بهێنین ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان و هەڵاواردن لە دژی ژنان.
با ئەم چەمکە بەهێزە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکانی خانمان،کە کاتێک ژنان یەکتر بەرز دەکەنەوە ، کاریگەرییەکی شەپۆلی گۆڕانکاری ئەرێنی دروست دەکەن بۆ ڕوو بە ڕوو بوونەوەی بەربەستەکان لەوانە ( توندوتیژی ، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی، و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان لەبەردەم پێشکەوتنی پیشەیی) ، پێویستە دڵنیابوون لەوەی ئافرەتان دەرفەتی یەکسانیان هەبێت بۆ بەشداریکردن لە گەشەپێدانی کوردستان و دەتوانین ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان دروست بکەین.

+سوپاس بۆ بەڕێزان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری ھەولێر

 

کۆسار کەریم ڕۆژ

Top