سرنجێک لەسەر حکومەتی نوێی عێراق..

سرنجێک لەسەر حکومەتی نوێی عێراق..

 

 

وێڕای هەبوونی کۆمەڵێک ڕاوبۆچوونی جیاواز لەسەر درەنگ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کە بەبڕوای زۆرێک لە توێژەران و سیاسەتوانان حکومەتی ئەمجارەی عێراق کاتێکی زۆری دەوێت بەهۆی هەبوونی ململانێ لە نێوان ئەمریکا و ئێران ، لایەنە سیاسیەکانی نزیک لە ئەمریکا ناتوانن ڕێژەی پێویستی کورسی لەپەڕلەمان کۆبکەنەوە بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانێک بە خواستی ئەمریکا ، بەهەمان شێوە لایەنە سیاسیە شیعەکان کە نزیکن لە ئێران بەهەمان شێوە ئەم ڕێژەیەیان پێ کۆ ناکرێتەوە ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ درەنگ کەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ، ئەوەی باس دەکرێت و هەستی پێ دەکرێت دەبێت حکومەتی ئەمجارەی عێراق حکومەتێکی پڕۆ ئەمریکی بێت و ئامانجەخوازراوەکانی ئەمریکا لەنێوشیاندا هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شاعبی و گروپە میلیشیاکان جێبەجێ بکات ، لەبەرامبەردا ئێران نایەوێ عێراقی لەدەست بچێت و بەئاسانی دەست بەرداری عێراق بێت کە ساڵانێکی زۆرە هەژموونی ئێران بە ئاشکرا لە عێراق هەستی پێ دەکرێت .

کێ دەبێت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق..

بێگوومان ئەم گرفتەی خرایەڕوو وادەکات پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کاتێکی زۆر بخایەنێت هەردوو ئاڕاستەکە کاندیدی خۆیان دەبێت بۆ سەرۆک وەزیران لایەنەکانی نزیک لە ئەمریکا “محمد شیاع سودانی” ـیان وەک بەربژێر دیاری کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەبەرامبەردا لایەنە سیاسیەکانی نزیک لە ئێران “نوری مالیکی “ ـیان وەک پاڵێوراوی خۆیان دیاری کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران وێڕای هەبوونی چەند ناو و کەسایەتیەکی تر ، بەڵام پێشبینی دەکەم هیچکام لە ئاڕاستەکان نەتوانن ڕێژەی پێویست کورسی کۆبکەنەوە بۆ دانانی سەرۆک وەزیران کە ١٦٥ کورسیە لەم حاڵەتە دەبێت هەردوو ئاڕاستەکە (ئەمریکا ، ئێران ) لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش کە ڕای هەردووکیانی لەسەر بێت ڕێک بکەون ، بۆیە بەبۆچوونی من لەنێو ئەوناوانەی کە بوونیان هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران “ قاسم ئەعرەجی “ کەسایەتی نزیک لەکورد و ئەمریکا و تاڕادەیەک ئێرانیش ، نزیکیترین کەسە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە لەئەگەری وەرنەگرتنی پۆستەکە لەلایەن سودانی و مالیکیەوە ، ئەعرەجی لە کابینەی پێنجەم کە سودانی سەرۆکایەتی دەکرد پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی بەڕێوەدەبرد و لە دوای هێرشە درۆنیەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک سەردانی کوردستانی کردوو نیگەرانی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند ، بۆیە گوومان دەکەم پێشوەختە زەمینەسازی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە کردبێت و پاڵپشتی کارەکتەرە سەرەکیەکانی نێو عێراقی بەدەست هێنابێت .

بەلەبەر چاوگرتنی ئەم خاڵانە دەگەینە دەرئەنجامێک..

١.پێکهێنانی حکومەتی نوێ کاتێکی زۆر دەخایەنێت.
٢.دوو ئاڕاستەی جیاواز هەیە لەسەر دانانی سەرۆک وەزیرانی نوێ.
٣.کابینەی تازە هاوکاتە لەگەڵ نەمانی گروپە میلیشیاکان بەم پێکهاتەیەیی ئێستایان.
٤.لەئەگەری سەرنەکەوتنی هیچ ئاڕاستەیەک دەبێت بەربژێری هاوبەش هەبێت.
٥.ئەگەر نەتوانرێ ١٦٥ دەنگ کۆ بکرێتەوە بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ، دانانی سەرۆک کۆمار قورسترە چونکە پێویستی بە ٢٢٠ دەنگ هەیە.

ئەمانە و چەند گرفتێکی کە بەپێی کات دێنە پێشەوە.

Top