فەرمانی لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکانی سودان دەكرێت
ڕۆژی هەینی 14 ی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و فەرمانێكی دەركرد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دەستنیشانکردنی هەموو ئەو کەسانەی بەرپرسن لە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی لە شاری ئەلفاشێری سودان و ڕاپێچکردنیان بۆ دادگا.
سودان لە 15ی نیسانی 2023ەوە تێوەگلاوە لە شەڕی نێوان سوپا و میلیشیایەک کە بە هێزەکانی پشتیوانی خێرا ناسراوە، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە ئەو تاوانانەی لە شاری ئەلفاشێر ئەنجامدراون و داوای لێپێچینەوە لە تاوانبارانی کرد.
شارەزایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، بە ئەنجوومەنەکەی ڕاگەیاندووە، ڕۆژانە مەترسییەکانی جینۆساید لە سودان زیاتر دەبێت.
شاری گەورەی ئەلفاشێر لە ویلایەتی دارفۆری باکوور، لە ڕۆژئاوای سودان، لە 26ی ئۆکتۆبەردا کەوتە دەست هێزە میلیشیاکان، دواتر ئەو هێزانە توندوتیژی و تاوانیان بەرامبەر خەڵکی مەدەنی لەوێ ئەنجامدا، بەتایبەتی کەمینە غەیرە عەرەبەکان.
گوڵان: سەردار خەلیل
