مامۆستا مەلا ئەبوبەكر ئاقوبانی پێشنوێژ و وتارخوێن لە مزگەوتی چوار خولەفا لە مەسیف سەڵاحەدین: لیستی 275 لیستی ڕێبازی بارزانی و ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری و خزمەتكردنە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
دروود و سڵاو لەسەر گیانی پاكی پێغەمبەر محەمەد و یار و یاوەرانی بێت. سەبارەت بەم هەڵبژاردنەی ئێستای عێراق كە بۆ بەغدایە، دەزانین كە پێویستیمان بە هێزێكە بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەكانمان بكات، بە جۆرێك كە بگاتە جێبەجێكردنی دەستوور و مافی گەلی كورد و كوردستان بپارێزێت. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بزانین كام بژاردە باشترینە و بۆچی دەنگ بدرێت بە ڕێبازی بارزانی و پارتی و لیستی 275؟
لە دیدگای شەریعەت و لۆژیكەوە، وەك فەرموودەكەی پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: «ئەگەر سێ كەس پێكەوە بوون، با یەكێكیان بكەنە سەرپەرشت و ڕێبەر (وەلی ئەمر) لە خۆیان». گومان لەوەدا نییە كە ئەو وەلی ئەمرە دەبێت خاسییەت و مەرجەكانی ڕێبەرایەتیی تێدا بێت. ئەم مەرجانە وەك لە شەریعەتی ئیسلام و قانووندا هەیە، پێویستە ئەو كەسە لە ڕووی عەقڵ و توانای هێز و دەسەڵاتەوە تەواو و كامڵ بێت، هەروەها دەبێت ڕابردوو و ویژدانێكی ڕۆشن و جوان و بەهێزی هەبێت. ئەمڕۆ لە كوردستان و عێراق پێویستیمان بە كەسێكە كە لە ڕاستیدا بتوانێت میللەتی كورد و خەڵكی كوردستان بپارێزێت. هەموومان دەزانین كە میللەتی كورد دوژمنی زۆری هەیە و نەیاری زۆرە، بۆیە لۆژیك و شەرع پێمان دەڵێن كە ئەو خەڵكە دەبێت بچێتە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگی خۆی بدات، چونكە ئەمڕۆ مەسەلەكە بووەتە مەسەلەی دەنگ و دەنگدان، نەك تەنیا چەك و تفەنگ وەك ڕابردوو. خۆ ئەگەر ئەم دەنگدانە بە شێوەیەكی دروست نەبێت، ئەوا زیانمان پێ دەگات.
لە نێو ئەم لیستانەی هەڵبژاردندا، كام كەس خاوەنی كورد و هێز و ئەزموونی ڕابردووی بووە، كام كەس بەرگریی لە كوردستان و وڵاتەكەی كردووە؟ ئەوە بە ڕوونی دیارە كە فراكسیۆنی پارتییە. ئەوەتا ئەو پڕۆژانەی كە هەن هەمووی لە خزمەتی وڵاتدایە، لە كاتێكدا ئێمە لە كوردستان خزمەتی وڵاتی خۆمان دەكەین، لە بەغدا دوژمنانمان حوكم لەسەر فەرمانبەرانمان و خەڵكەكەمان دەدەن، بۆیە لە ڕووی شەرعییەوە بە پێویستی دەزانین خەڵكەكە دەنگ بە لیستی 275 بدات، تا بەهێزی بكات و هێز و ئەمانەت و عەشقی پێ ببەخشێت و پێش بكەوێت، ئەو لیستەی كە خزمەتی سەرتاسەری كوردستان دەكات و پارێزەری كوردستانە.
هەرچی ئەو بەهێزی و خزمەتگوزارییە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی بارزانی (ڕەحمەتی خودای لێ بێت)، چونكە ئەم ڕێبازە ڕێبازی ئایینپەروەری بووە، ڕێبازی نیشتمانپەروەری بووە، ڕێبازی خزمەتكردن بووە. وەك خۆی فەرمووی: «شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت». ئەمە مەبەستی حەدیسەكەی پێغەمبەرە (صلی الله علیه وسلم) كە دەفەرموێت: «باشترین خەڵك ئەوانەیە كە سوود بە خەڵك بگەیەنن». بە دڵنیاییەوە ئەمە بە تەواوی لەگەڵ ڕێبازی بارزانی یەك دەگرێتەوە، كە مامۆستای ئایینی و كوردایەتی و پێكەوەژیان بوو.
