ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بۆ گوڵان: كارەبای 24 كاتژمێری و پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرا و پشتێنەی سەوز و دەیان ڕێگەی پێشكەوتووی مۆدێرن هەولێریان گەیاندە ئاستی پایتەختە گەورەكانی جیهان
* ئەو گەشە و ئاوەدانییەی كە لە هەولێر هەیە و لە ناوچەكانی دیكە وێنەی نییە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا لە شارەكانی عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاستی گەشە بەم شێوە خێرایە نییە؟
- لە هەولێر كاری جددی و دڵسۆزانە ئەنجام دراوە. لێرە كەسێك هەیە خەمخۆر و دڵسۆزی هەولێرییەكانە، ئەویش ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەو دەوڵەتمەدارەی بە یەك چاو و بە دادپەروەری دەڕوانێتە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و شار و شارۆچكە و گوندەكان، بەڵام لێرە خەڵكی هەولێر هەماهەنگن و ڕێگری لە هیچ كەس و لایەنێك ناكەن كە خزمەتی شارەكەیان بكات، بۆیە لە هەولێر و تەواوی پارێزگای هەولێر خەونەكان دەبنە ڕاستی و هەولێر بە سەردەمێكی زێڕینی خۆیدا تێپەڕ دەبێت و، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی و هەولێرییەكان، بەڵێنەكان دەكەنە كردار و ئەو هەموو پڕۆژەیە ئەنجام دەدرێت. ئەوەتا تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو مانگی تشرینی یەكەم 86 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە تێچوونی زیاتر لە یەك ملیار و 141 ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری 3،374.9 دۆنم لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكاندا لە هەولێر وەبەرهێنان ئەنجام دراوە، كە دەگاتە لە 65،82% سەرجەم وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، ئەمە وێڕای سەدان پڕۆژەی دیكەی حكومەت لە سێكتەرەكانی ڕێگەوبان و شەقام و كارەبا و پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای هەولێر، كە بە ئاستێكی گەورە و كوالێتییەكی نێودەوڵەتی جێبەجێ كران. سەیری ڕێگەوبانەكانی دەرەوەی شار و شەقامە گەورە و ستراتیژییەكانی 120ی و 150ی و شەقامی 60 مەتری و چەندین شەقامی دیكەی ناو شاری هەولێر بكەن، هەموو ئەم ڕێگایانە هەولێری پایتەخت دەبەستنەوە بە پارێزگا و ناوچەكانی دیكەوە، ئەمە شۆڕشێكە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر دەستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، پڕۆژە لە دوای پڕۆژە دەكرێتەوە، بە سەدان پڕۆژەی دیكەش لە چاوەڕوانیی دانانی بەردی بناغەدان، ئەو بەردی بناغەیەی كە لە سەردەمی كابینەی نۆیەم واتا تەواوبوونی پڕۆژەكە پێش وادەی خۆی جێبەجێ دەبێت. هەردوو پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی (هەولێر- كۆیە) و (كەسنەزان- گۆمەسپان) كە هەنگاوی زۆر خێرای بۆ نراوە و پڕۆژەكە بە كوالێتیی باش و بەدەستی ناوخۆ و توانای ئەندازیاران و كرێكاران و كۆمپانیا ناوخۆییەكان، بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر دەست بە جێبەجێكردنی كراوە. لە ساڵی داهاتوو هەردوو ڕێگەكە دەكرێنەوە، بەمەش شاری هەولێر بە شاری كۆیەوە دەبەسترێتەوە و ڕووداوە نەخوازراوەكانیش كەم دەبنەوە. هەروەها لەم كابینەیەدا بە دەیان وێستگەی گواستنەوە و دابەشكردنی و بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەولێر ئەنجام دران، كە ژێرخانێكی بەهێز بوو بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی نیشتمانی، ئەویش پڕۆژەی ڕووناكییە بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێریی، كە نەك هەر كارەبایەكی 24 كاتژمێری بۆ سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دابین كرد، بگرە ژینگەی شارەكەشی خاوێن كردەوە. لەلایەكی دیكەوە پشتێنەی سەوز و پاركە گەورە جوانەكان و باڵەخانە و مۆڵ و شوێنە گشتی و بازرگانی و گەشتیارییەكانی هەولێر بوونەتە جێگەی سەرسوڕمانی هاووڵاتیانی عێراق و دراوسێ و گەشتیارە بیانییەكان، ئەو پێشكەوتن و ئاوەدانییەی لە هەولێر بەدەست هاتووە، جێگەی سەڕسورمانە كە بە ماوەیەكی كەم و بەو توانا دارایی و ئابوورییە كەمەوە، لە چەند ساڵێكدا گەشەكردن بەم شێوەیە تۆمار بكرێت. زۆر دژایەتیی پڕۆژەی هەژماری من و بەستنی پێوەری زیرەك و پڕۆژەی ڕووناكی كارەبای 24 كاتژمێریی كارەبا و ڕێكخستن و چاودێریكردنی ڕێگەوبانەكان و دانانی كامێرای تیژڕەوی و پۆینت توو پۆینت كرا، كە بۆ سەلامەتیی ژیان و تەندروستیی هاووڵاتیانیان لەسەر شەقام و ڕێگەوبانەكان دانران، كەچی ئەم پڕۆژانە چوونە خزمەتی خەڵكی و سەركەوتنی گەورەیان تۆمار كرد.
هەر لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ماوەیەكی زۆر كورتدا چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی كراونەتەوە، لەوانە: پشتێنەی سەوزی هەولێر كە حەوت ملیۆن نەمانی تێدا دەچێندرێت و، لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە چاندنی یەكەمین نەمام دەست بە پڕۆژەكە كرا.
* پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای هەولێر جێگەی سەرسوڕمان بوو، كە لە ماوەیەكی كەم و پێوانەییدا تەواو بكرێت و بە تۆڕێكی فراوانیش بە گەڕەك و ناوچە جیاجیاكانی ناو سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەریەوە ببەسترێتەوە. ئایا تاچەند ئەم پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی هەولێر گرنگ بوو؟
- پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای هەولێر دیاریی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ هەولێرییەكان و دانیشتووانی شارەكە، پێشبینیی بەڕێزیان بوو، بەوەی بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و وشكەساڵییەوە، ئەم كێشەیە ئاڵۆز دەبێت و بە موزایەدەی چەند تەنكەرێك ئاو كە لایەنێكی سیاسی بە مننەت و پڕوپاگەندەی ئیعلامی دەدرایە چەند ماڵێك، كێشەكە چارەسەر نەدەبوو، بەڕێزیان زۆر بە وردی لە ڕێگەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكەوە تا بەرواری تەواوبوونی پڕۆژەكە و كردنەوەی، چاودێریی وردی پڕۆژەكەی كرد و لە گەرمای هاوینی ئەمساڵدا ئاوی خاوێن گەیشتە ناو ماڵەكان و خێزانەكانیان لە كێشەی كەمئاوی ڕزگار كرد.
* هەر سەبارەت بە وشكەساڵی و فریاكەوتنی هەولێر و دەشتی هەولێر و تەواوی پارێزگاكانی كوردستان لەم كابینەیەدا چەندین پۆند دروست كران، دەكرێت باسێكی پۆندەكانی پارێزگای هەولێرمان بۆ بكەن؟
- لە سەردەمی پادشاییەوە بەنداو و پۆند لە عێراق و كوردستاندا دروست نەكراوە، بەڵام لە سەردەمی مەسرور بارزانی، سێیەمین گەورە بەنداوی كوردستان دروست كرا، ئەویش بەنداوی گۆمەسپانە، كە یەكەمین بەنداوی گەورەی هەولێرە و سێیەمین گەورەترین بەنداوی كوردستانە، بە توانای 115 ملیۆن مەتر سێجا باراناو گل دەداتەوە، هەروەها بەنداوی بەستۆرەش بە توانای 20 ملیۆن مەتر سێجا، باراناو گل دەداتەوە. ئەمە وێڕای بەنداوەكانی بنەسڵاوە و پۆندی زانكۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە كەسنەزان. لە بواری جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوەش جگە لە پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای هەولێر، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی «قوشتەپە و بێستانە و 72 گوندی دەوروبەریشی» كردەوە، كە دانیشتووانی ئەم ناوچەیەی لە بەجێهێشتنی ماڵ و خاكەكەیان ڕزگاركرد. چونكە پێشتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە ڕاددەیەك دابەزیبوو، لە هەندێك شوێن گەیشتبووە 800 مەتر و وشكەساڵی و بێئاوی هەڕەشەی جددی بوو، لەدوای كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە تەنانەت ئاوی ژێرزەوییش دەتوانرێت كەمتر بەكار بهێنرێت و ئاستەكەی بەرز بكەینەوە.
* یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان بكەوێتە سنووری پارێزگای هەولێرەوە، بۆ بوونی ئەو ژینگە لەبار و گونجاوە دەگەڕێتەوە كە دڵنیایی بۆ وەبەرهێن و بزنێسمانەكان دروست كردووە. ئایا دەكرێت ئەو پڕۆژانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دراون، باسیان بكەیت؟
- هەولێر جگە لەوەی پایتەختی هەرێمی كوردستانە، هاوكات سەنتەری بازرگانی و سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستانیشە، هەر خۆی خەڵكەكەی بەوە ناسراون كە میوان دۆست و كەسانی ئاشتیخواز و كاسبكار و خانەدانن، ئەمەش وای كردووە بیروبۆچوون و هزری توندوتیژی و ئاشوپ و پشێوی لێرە جێگەی نەبێتەوە و، هەمووان كار بۆ پێشخستنی شارە مێژوویی و شارستانی و گەشتیارییەكەیان بكەن، وەبەرهێنەرانیش زیاتر ڕوو لەو پارێزگا و شارانە دەكەن كە ژینگەیەكی لەبار و ئارامی تێدایە و وەبەرهێن متمانەی پێی هەیە. هەر لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا چەندین پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان كرایەوە، كە جگە لە سوودە ئابوورییەكەی، سوودی بۆ بەدەستهێنانی هەلی كاریش هەیە، لەوانە كردنەوەی پڕۆژەی ئاژەڵی زیندوو و سەربڕخانەی مێگەل كە پڕۆژەیەكی ئاژەڵداری و سەربڕخانەی پێشكەوتووی سەردەمییانەیە، بە گوژمەی 100 ملیۆن دۆلارە، زیاتر لە 1000 هەلی كار دابین دەكات و، تەنانەت كار بۆ ئەوە دەكەین لێرەوە گۆشت هەناردەی دەرەوەش بكەین، خۆ ئەگەر باسی پڕۆژەی پیشەسازیی چیمەنتۆی دابین و كارگەكانی دیكەی ئاسن و مس و سایلۆ و دەیان پڕۆژەی دیكە بكەین، كە لەم كابینەیەدا تەواو كراون، ئەوە لە ژماردن نایەت.
* باسی ڕێگەوبانەكان و پرد و تونێلەكانت كرد. ئایا لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا چ پڕۆژە و كارێكی ستراتیژی و گەورە لەم بوارانەدا ئەنجام دراون؟
- لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كاری زۆر گەورە و ستراتیژی لە بواری ڕێگەوبان و تونێل و پردەكاندا جێبەجێ كراون. بۆ نموونە ڕێگەی دوو سایدی نێوان هەولێر بەرەو دهۆك، كە جگە لەوەی لە ماوەیەكی زۆر كەمدا تەواو بوو، بۆ سەلامەتی شوفێران و ڕێبوارانیش گرنگیی لە ڕاددەبەدەری هەیە، هەروەها پڕۆژەی بەدووسایدكردنی ڕێگەی هەولێر – سلێمانی، هاوكات بەشێكی زۆری ڕێگەوبانەكان پردەكانن، كە زۆربەی ڕێگەوبانەكان پردیان لەخۆ گرتووە، بۆ نموونە پردی نێوان هەولێر – دهۆك كە بە پردی گۆباڵ ناو دەبرێت، گەورەترین پردە، بە درێژی 1000 مەترە و بە تێچوونی زیاتر لە 59 ملیار دینار جێبەجێ كراوە، كە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك پێكەوە دەبەستێتەوە. سەبارەت بە تونێلەكانیش وەكو تونێلی پیرمام و بە ڕێگەی بەستنەوەكانیشیەوە كە نزیكەی 180 ملیار دیناری تێچووە. لە ئێستادا شاری هەولێر بە شاری دهۆك بە ڕێگایەكی پێشكەوتووی دوو سایدەوە بەستراوەتەوە و تاوەكو سنووری توركیا درێژ بووەتەوە، بۆ سۆرانیش بە هەمان شێوە كاری گەورە دەكرێت، ئەوەتا تەنانەت بۆ شاری كۆیەی خۆشەویستیش ڕێگەی مەرگ و هەورازە نەفتە دەگۆڕین بە ڕێگەی مۆدێرنی پێشكەوتوو، تەنانەت ڕێگەی شاری سلێمانیش دەكەینەوە بە دوو سایت و بۆ قەزای قوشتەپەش پڕۆژەیەكی گەورەی ڕێگەوبانمان داناوە و دەست بە جێبەجێكردنی دەكەین و دەروازەكانی هەولێر دەڕازێنینەوە. بەگشتی تەنیا لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا لە پارێزگای هەولێر 2،519 پڕۆژەی شەقام و ڕێگەوبان و پرد بە گوژمەی 2،77 تریلیۆن دینار جێبەجێ كراون.
هەولێر دەبێتە ئەو شارە پێشكەوتوو و مۆدێرنەی كە خزمەتی هەموو شارەكانی دیكەی كوردستانیش دەكات، لێرەوە بە درێژیی 198 كیلۆمەتر و بوودجەی نزیكەی 600 ملیۆن دۆلار، بۆریی غازی سرووشتی بۆ وێستگەی كارەبای 1000 مێگاواتیی دهۆك ڕاكێشرا. لێرەوە ڕێگەكانی بازرگانیی شاری سلێمانی و هەڵەبجە دەبەسترێتەوە بە دەروازە سنوورییەكانی توركیا و وڵاتانی ئەوروپاوە و هەولێر دەبێتە ناوەندێكی گەورەی ئابووری و سیاسی بۆ كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان.
* باسی پشتێنەی سەوزی هەولێرت كرد، كە لەم وشكەساڵی و كەمبارانی و گۆڕانكاریی كەشوهەوایەی جیهاندا، ئەم پڕۆژەیە بۆ هەولێر وەرچەرخانێكی گەورەیە و بۆ سوودی هەموو هاووڵاتیانە بەبێ جیاوازی، دەكرێت باسێكی ئەم پڕۆژە گەورەیەمان بۆ بكەیت؟
- ڕێزدار مەسرور بارزانی بە نەمامێك دەستپێكردنی گەورەترین پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە شاری هەولێر ڕاگەیاند. ئەمە نەمامی ئاوەدانی و هیوایە بۆ وڵاتێكی بەهێز، ئەمەیە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی بۆ لیستی 275، لیستی ئارامی و پڕۆژە و ئاوەدانی و خزمەتكردن، هەروەكو جەنابیان لە دەستپێكی مەراسیمی كردنەوەی پڕۆژەكەدا بە وتەیەكی مەولانا جەلالەدیین ڕوومی دەست پێكرد: «گوڵ لەبەر باران شین دەبێت، نەك بە دەنگی هەور و بروسكە..» بۆیە بەڕێزیان فەرمووی: «ئێمەش بە نەرمی و لەسەرخۆ بەردەوام دەبین لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان»، ئەم پشتێنە سەوزە وەكو بازنە بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە و شاری هەولێر و هەولێرییەكان لە باوەش دەگرێت و كاریگەرییەكی یەكجار زۆری لەسەر كەشوهەوای هەولێریش دەبێت و، ژینگەیەكی تەندروست بۆ هەولێر دروست دەكات. ئەم پشتێنە سەوزەی هەولێر خەونێكە لە دەشتێكدا كە وشكەساڵی و كەمبارانی كاریگەریی خراپی لەسەر ژینگەكەی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمی و بارانبارینیش كردبوو، تەنانەت وەكو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمووی: «ئەم پشتێنەیە كاریگەریی لەسەر پاراستنی دیموگرافیای دانیشتووانی ناوچەكەش هەیە». پشتێنەی سەوزی هەولێر لەسەر ڕووبەری 66 هەزار و 115 دۆنم بە درێژایی 78 كیلۆمەتر و پانیی 1.6 – 2.5 كیلۆمەتر بونیات دەنرێت، كە 11 پۆندی گلدانەوەی ئاو و 23 وێستگەی پاس و چوار پاركی گەورە و هەشت زۆن و سێ دەروازەی سەرەكی و حەوت ملیۆن نەمام لەخۆ دەگرێت، جگە لە سوودە ژینگەیی و جوانییەكانی، ئەم پڕۆژەیە بەشێكە لە بەرنامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمی كوردستان، بەوەی كەرتی تایبەت سوود لە بەرهەمی ئەو دار زەیتوونانە دەبینن و ناوچەكە دەكاتە شوێنێكی گەشتیاری و سەدان هەزار هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین دەكات.
