دكتۆر ئیبراهیم شێخ محەمەد یاریدەدەری پشكنەری گشتی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی: دەنگدان بە بارزانی و پارتی واتە دەنگدان بە ناسنامە زمان و كوردایەتی
ئەگەر ئێمە بەراوردێك لەنێوان خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرجەم حزبەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین پارتی دیموكراتی كوردستان لە زۆر بواردا پێشەنگ بووە، یەكێك لەوانە كە ئاڵای كوردایەتی و مەردایەتی و نەتەوەییە، پارتی دیموكراتی كوردستان، لە یەكەمین كۆنگرەی خۆیەوە هەر ئەو ئاڵا و دروشمەی بەرزەوە كردووە و هەتا ئێستاش كە هەرێمێك و قەوارەیەكی زۆر ڕێكوپێكمان هەیە لە ناو عێراقێكی فیدڕاڵدا، هەر ئەو دروشمەی پاراستووە و هەر باسیشی دەكات و لێی پەشیمان نییە، بەڵكو بە سەركەوتوویی و بە دەنگێكی زوڵاڵ باسی مافی ڕەوای میللەتەكەمان و باسی كوردایەتی و مەردایەتی دەكات و، بەردەوام دەڵێت دەبێت مرۆڤی كورد شانازی بە خۆی و بە میللەتەكەی و بە زمان و بە خاك و نیشتمانەكەی خۆیەوە بكات.
بۆیە دەنگدان بە بارزانی و پارتی، واتە دەنگدان بە ناسنامەكەت زمانەكەت و بە كوردایەتییەكەت، لە هەموو گرنگتر پارتی دیموكراتی كوردستان دروشمی پێكەوەژیانی هەڵگرتووە كە هیچ حزبێك زۆر ئاماژەی پێ نەداوە. لە هەرێمدا بەپێی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2015 لە پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئایینەكان ئازادانە كاری خۆیان دەكەن و تێكەڵی یەكتر دەبن و لە بۆنەكاندا یەكتر قبووڵكردنێكی زۆر ڕێكوپێك هەیە، كە بووەتە نموونەیەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پارتی كار بۆ داهاتوویەكی زۆر گەش و ئابووریی بەهێزی هەرێمی كوردستان دەكات. ئێستا لە ڕووی ئەمنییەوە هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی عێراق و بگرە وڵاتی دەوروبەریش لە پلەیەكی زۆر بەرزدایە. لەڕووی ئابوورییەوە، هەرێمی كوردستان بەو بوودجە كەمەی لە عێراقەوە دێت و بەو داهاتە كەمەی كە خۆی هەیەتی، توانیویەتی چەندین پڕۆژەی گەورە بۆ هاونیشتمانییانی خۆی جێبەجێ بكات، بەڵام حكومەتی عێراق كە ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێ، نەیتوانیوە تا ئێستا كارەبایەكی پێنج كاتژمێری بۆ هاونیشتمانییانی خۆی دابین بكات.
پارتی توانیویەتی بنیادێكی ژێرخانی باش بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات و خەڵكی داڵدە بدات. ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئاوارەی عێراق و و پەنابەرانی سووریا، هەروەها خەڵكانی جۆراوجۆر لە وڵاتانی دیكە هەن، كە بەپێی داتاكان 47 جۆری ناسنامەی وڵاتان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و بە ئارامی دەژین، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان چەتری پێكەوەژیانە، چەتری یەكترقبووڵكردن و پێشكەوتنە و هەنگاوەكانی زۆر بە ئارامی دەنێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان بە هێز و ئیرادەی خۆی نەیهێشت كەس ئەم هەرێمی كوردستانە تێك بدات، ئەوەتا گەورەترین سەركردەكانی دنیا وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نامە بۆ سەرۆكی هەرێمەكەمان دەنێرن، ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە جێی شانازییە و نیشانەی ئەوەیە كە پێگەی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی هەرێمی كوردستان زۆر بەهێزترە لە وڵاتێكی وەك عێراق كە بە دەست گەندەڵییەوە دەناڵێنێ. عێراق لە پلەی پێشەوەی ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە و پاسپۆرتەكەی لە خراپترین ئاستدایە. بۆیە دەبێت دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوازێكی ڕێكوپێك حوكمڕانی بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراقیش بگوازێتەوە.
داوا لە خەڵكی بەشەرەفی كەركووك، سلێمانی، هەڵەبجە و شارەكانی دیكەی عێراقیش دەكەم لە هەر شوێنێك نوێنەرێكی پارتیتان بینی، یانی ئەمن و ئارامی و ئاسایش، یانی ئاوەدانی دەبینن و دەنگی پێ بدەن. پارتی ئەو پارتەیە كە وەك چرایەك هەموو خەڵك لەژێر ڕووناكاییەكەیدا ژیان دەگوزەرێنن. كارەبای بەردەوام و ئاوی باش و كارگەی گەورەیان دروست كردووە و زۆر شتی باشتریشیان پێ دەكرێت. بۆیە داوا لە خەڵكی بەشەرەفی كوردستان و خەڵكی كەركووك و هەموو ناوچەكانی دیكەش دەكەم، متمانەیان بە لیستی 275 هەبێت، چونكە داهاتووی خۆتان مسۆگەر دەكەن و گوزەرانێكی باشتر و خۆشتر دەبەنە سەر، لەبەر ئەوەی ڕابەرایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و دیدی مەرجەعی باڵای كورد «جەنابی سەرۆك بارزانی» هەمووانی لەبەرچاوە. بۆیە داوایان لێ دەكەم كە دەنگ بە لیستی 275 بدەن.
