د. دلاوەر بۆزۆ میكائیل قایمقامی ئاكرێ: لە كابینەی نۆیەمدا بە بڕی ٤٤ ملیار و ٩٣١ ملیۆن دینار، پڕۆژەی دروستكردن و قیرتاوكردنی ڕێگاوبان بە درێژایی ١٤٥ كم لە قەزای ئاكرێ ئەنجام دراوە
قەزای ئاكرێ لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی زۆری پێدراوە و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی خزمەتگوزاری و گەشەكردنی بۆ جێبەجێ كراوە، كە ئەو پڕۆژانە وای كردووە، ئاكرێ و سنوورەكەی ئاوەدانی و فراوانبوون و گەشەیەكی زۆر بەخۆیانەوە ببینن. لەسەر ئەم پڕۆژە و كار و چالاكییانە گۆڤاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ دكتۆر دلاوەر بۆزۆ میكائیل قایمقامی ئاكرێ ئەنجام دا.
* بەپێی ماستەرپلانی ئاكرێ، سنوورەكەی فراوانبوونی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە. ئایا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا چەند لەو بوارەدا كار كراوە؟
- بەپێی ماستەرپلانی قەزای ئاكرێ ٢٢ گوندی سنوورەكە كەوتوونەتە سەر شارەوانی سەنتەری قەزای ئاكرێ و بوونەتە بەشێك لە سەنتەری قەزای ئاكرێ. ئەو گوندانە بەپێی پلان و هەوڵێكی جددی لە كابینەی نۆیەمدا هەنگاو بە هەنگاو كێشە و مامەڵەی كوژاندنەوەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەوقاف و كاروباری ئایینی، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەوە بۆ ئەنجام دەدرێت. بەپێی خشتە و بەرنامە و پلانێكی تۆكمە، كار لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و پێویستییەكانی ژیانی ئەو گەڕەكە تازانە و چەندین گەڕەكی دیكە كراوە. لەم لایەنەدا جگە لە تەرخانكردنی بوودجە لەلایەن كابینەی نۆیەمەوە، بەردەوام لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگای دهۆكەوە بەدواداچوون و هەوڵێكی زۆر بۆ گەیاندن و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگ و سەرەكییەكانی وەك ئاوی خواردنەوە و كارەبا و ئاوەڕۆ و قیرتاو و كۆنكرێتی ناو كۆڵانی گەڕەكەكان دراوە، ئەمەش وای كردووە پێشكەوتنێكی زۆر و بەرچاو لە فراوانبوونی قەزای ئاكرێدا ببینرێت.
* ئایا كێشەی ئاوی خواردنەوە لە ئاكرێ چۆنە و چۆن كاركراوە ئەو كێشەیە لە هەموو سنوورەكە، بەتایبەتی لە سەنتەری قەزاكە چارەسەرێكی درێژخایەنی بۆ بكرێت؟
- پڕۆژەیەكی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە بۆ ئاكرێ درابووە كۆمپانیایەكی بیانی. بەڵام نەیتوانی جێبەجێی بكات، ئەوە بوو لە سەردانێكی جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەكە درا بە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و بیانی كە پێكەوە جێبەجێی بكەن و گوژمەی تەرخانكراویشی نزیكەی ١٠٩ ملیار دینارە كە سوود لە ئاوی زێی گەورە وەردەگرێت. لە ئێستادا پڕۆژەكە ٦٠٪ی تەواو كراوە و لە مانگی یازدەی ساڵی ٢٠٢٦ تەواو دەبێت و دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانی قەزای ئاكرێ. هاوكات لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا، بۆ چارەسەری خێرا و پێویست بڕی یەك ملیار و ٦٢٢ ملیۆن دینار بۆ كار و كێشەی كەمئاوی تەرخان كراوە.
* لە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە كابینەی نۆیەمدا بۆ گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ، بڕیاری دا عەلوەیەكی هاوچەرخ و زۆر پێشكەوتوو لە ئاكرێ دروست بكرێت، ئایا ئەو پڕۆژەیە بە كوێ گەیشتووە؟
- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان پێشڤەچوونی كەرتی كشتوكاڵی و هاندان و پشتگیریی جووتیاران گرنگیی زۆری پێدراوە. هەر لەم ڕووەوە لە سەردانی جەنابی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی عەلوەی هاوچەرخی ئاكرێی دانا، لەسەر ڕووبەری ٩٨ دۆنم زەوی بە گوژمەی ١٨ ملیۆن و ٩٨٠ هەزار دۆلار. لە ئێستادا بەشەكانی ئەو پڕۆژە هاوچەرخە گرنگە وەك عەلوەی سەوزە و میوە و عەلافەكان كراوەتەوە كە كاسبكاران تێیدا ڕۆژانە كار دەكەن و بەشەكانی دیكەش كاركردن تێیاندا بەردەوامە، بە تەواوبوونی پڕۆژەی عەلوەكە كەرتی كشتوكاڵ زۆر زیاتر پێشكەوتووە و بووەتە پاڵپشت و هاندانێكی گەورە و سەرەكی بۆ جووتیارانی ناوچەكە. هەر لە پڕۆژە گرنگەكانی وەبەرهێناندا، لەسەر ڕووبەری ٨٠ دۆنم زەوی، شاری یاری سەردەم جێبەجێ دەكرێت كە بڕی ٢٤ ملیۆن و ١٧٨ هەزار دۆلاری بۆ تەرخان كراوە. پڕۆژەیەكی دیكەش بە ناوی بەهاری ئاكرێ كە چاندنی دار زەیتوونە لەسەر پارچە زەوییەكی ١٩٠ دۆنم، كە بڕی بوودجەی تەرخانكراوی یەك ملیۆن و ٢١٠ هەزار دۆلارە. هاوكات پڕۆژەیەكی دیكەی وەبەرهێنانی گرنگ و ستراتیژی لە قۆناغی جێبەجێكردندایە كە پڕۆژەی پیشەسازیی ئاكرێیە لەسەر ڕووبەری ٤٣٦ دۆنم زەوی كە گوژمەی تەرخانكراوەكەی ٤٩ ملیۆن و ٩٩٤ هەزار دۆلارە. بەو پڕۆژە وەبەرهێنانە و چەندین پڕۆژەی دیكە شاری ئاكرێ و سنوورەكەی دەچێتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتوو و ئاوەدان. ئەمانەش هەمووی لە سایەی بیر و ئامانج و كارەكانی بەڕێز مەسرور بارزانی بووە، لەلایەكی دیكەوە بە پشتگیریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جووتیاران و كەرتی كشتوكاڵ، بەرهەمی جووتیاران و وەبەرهێنەران گەشەكردنێكی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. بۆ نموونە، بەرهەمی برنجی ئەمساڵ (٢٠٢٥) لە دەڤەری ئاكرێ نزیكەی ٧٥٠٠ تەن برنج بووە. ئەو هاوكاری و هاندانەی جووتیاران لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە لە كابینەی نۆیەمدا وای كردووە برنج و تەحین و سماق وەك براند ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت.
* ئاكرێ و سنوورەكەی لە ڕووی كەرتی گەشتیارییەوە، ناوچەیەكی زۆر لەبارە، بۆ ئەو مەبەستە چی كراوە؟
- لەو كاتەی كە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەردانی ئاكرێی كرد، ڕایگەیاند «ئاكرێ پایتەختی نەورۆزە». ئەمە گەورەترین و كاریگەرترین بڕیار و كار بوو كە وای كرد بە ڕێژە و ژمارەیەكی یەكجار زۆری گەشتیاران لە ناوخۆ و شارەكانی عێراق و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش سەردانی ئاكرێ و سنوورەكەی بكەن. جەنابی سەرۆكی كابینەی نۆیەم جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت هانی وەبەرهێنەران لەو كەرتە بدرێت و ئاسانكارییان بۆ دەستەبەر بێت. هەر بۆیە بەو خەمخۆرییەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان، ئێستا كار و پڕۆژەی گەشتیاری لە سنوورەكە پێی ناوەتە قۆناغێكی باشتر و لە چەندین كار و پڕۆژەی گەشتیاریدا، بەتایبەتی لە فراوانكردنی كەلی شێخ عەبدولعەزیز و دانانی ئاڕم و تابلۆ لە شوێنە گەشتیارییەكان بۆ زانیاریی زیاتر بۆ میوان و گەشتیاران، بڕی ٧١٣ ملیۆن دینار خەرج كراوە.
* لە كەرتی پەروەردە و تەندروستی لەم سنوورەدا چی كراوە، بەتایبەتی لەسەردەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان؟
- لە كابینەی نۆیەمدا گرنگییەكی زۆر بە دروستكردنی بینای قوتابخانە دراوە. چەندین قوتابخانەی هەژدە پۆلی دروست كراون و تەنیا لە دروستكردنی ٧ بینای قوتابخانەدا بڕی ٨ ملیار و ١٤٩ ملیۆن دینار خەرج كراوە و هەموو ئەو گوندانەی كە ئاوەدانن قوتابخانەیان هەیە. سەبارەت بە كەرتی تەندروستییش سەنتەری قەزای ئاكرێ نەخۆشخانەیەكی گشتی بە ناوی (گوڵان) و نەخۆشخانەی فریاكەوتن و لەدایكبوونی منداڵانی هەیە و ئەم نەخۆشخانەیە فراوانیش كرا و سەنتەری تالاسیمیا لە سەنتەری قەزاكە و بنكەیەكی تەندروستیش لە ناحیەی دینارتە دروست كران. بنكەیەكی شوشتنی گورچیلە و كارگەی ئۆكسجینیش لە ئاكرێ بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دروست كراون. ئەو پڕۆژانەی كە لە فراوانكردنی نەخۆشخانەی لەدایكبوونی منداڵانەوە تا دەگاتە دروستكردنی كارگەكەی ئۆكسجین، بڕی بوودجەی خەرجكراویان بریتییە لە ٤ ملیار و ٦٠ ملیۆن دینار.
* ئەی لە بواری ڕێگاوبان لەو كابینەیەدا چیتان كردووە؟
- لە چەند ساڵی ڕابردوو لە كابینەی نۆیەمدا بە بڕی ٤٤ ملیار و ٩٣١ ملیۆن دینار، پڕۆژەی دروستكردن و قیرتاوكردنی ڕێگاوبان بە درێژایی ١٤٥ كم لە قەزای ئاكرێ ئەنجام دراون. هەروەها لە كابینەی نۆیەمدا لە ڕێگەی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆك و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردن و ئاوەڕۆی شەقام و كۆڵانەكانی گەڕەكەكانی ناو سەنتەری قەزای ئاكرێ ئەنجام دراون، كە بەو پڕۆژانەوە لە ٤٧ گەڕەك، زیاتر لە ٢٥ گەڕەكیان كێشەكانیان كۆتایی هاتووە و بۆ ئەو پڕۆژانە بڕی زیاتر لە ١٢ ملیار دینار تەرخان كراوە. هاوكات بۆ پڕۆژەی ڕێگاوبانی گوندەكانی سنوورەكەمان كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوەی دهۆك كاری لەسەر كردووە، زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە.
