گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: پاڵپشتی و چاودێریی ڕێزدار مەسرور بارزانی وای كرد وەرچەرخانێك لە پێشكەوتن و گەشەی شاری زاخۆدا دروست بێت

گۆهدار شێخۆ  سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:  پاڵپشتی و چاودێریی ڕێزدار مەسرور بارزانی وای كرد وەرچەرخانێك لە پێشكەوتن و گەشەی شاری زاخۆدا دروست بێت

 

 

زاخۆ لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە بڕیار و پاڵپشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەدان كار و پڕۆژەی ستراتیژی و گەورەی بۆ ئەنجامدرا، گرنگترینیان بەئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆ بوو، بەمەش وەرچەرخانێك لە ژێرخان و پەرەپێدانی شارەكە و تەواوی یەكە ئیدارییەكەیدا ڕووی دا. گۆڤاری گوڵان لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جەختی لەسەر گرنگترینی ئەو پڕۆژە و كارانە كردەوە كە لە تەمەنی ئەم كابینەیە و بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون.

 

* مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی تەمەنی ئەم كابینەیە و، بەتایبەتی لە ساڵی 2021ـەوە كە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزراوە، چەندین پڕۆژە و كاری گرنگی لەو دەڤەرە ئەنجام داوە، دەكرێت گرنگترینی ئەو پڕۆژانەمان بۆ باس بكەیت كە لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا ئەنجام دراون؟

- سەرەتا دەمەوێت ئەوە باس بكەم كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتیی بەڕێز سەرۆكی حكومەت، توانی بۆ دۆست و دوژمنان ئەوە بسەلمێنێت كە كابینەیەكی خزمەتگوزارە و ئاوەدانییە، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ و شار و شارۆچكەكاندا وەرچەرخانی لە بواری ڕێگەوبان و كارەبا و ئاو و بەنداو و كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و پێشخستنی پەروەردە و تەندروستیدا ئەنجام داوە. ئەوەتا لە سەرجەم وڵاتانی دەوروبەر و جیهان بۆ گەشتیاری و تەندروستی و خوێندن و بازرگانی و بەدەستهێنانی كار، ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، زاخۆش وەكو هەموو ئەو شار و شارۆچكانەی دیكە گۆڕانكاریی گەورە لە ژێرخانەكەی و پێشكەوتنی شارەكەدا بەدی دەكرێت. هەر خۆی لە خۆیدا بەئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆ دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ هاووڵاتیانی ئەم شارە خۆشەویستە، ڕۆتین و تێچوونی هاتوچۆی خەڵكی زاخۆ بۆ مامەڵەكانیان كەم بووەوە و ژێرخانی ئاو و كارەبا و تەندروستی و پەروەردە و وەرزش و ڕێگەوبانەكان و كەرتی گەشتیاری و كشتوكاڵ شاهێدی ئەم ڕاستییەن. لەبیرم دێت، هەر لە یەكەم سەردانیدا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 50 ملیار دیناری بۆ چەندین پڕۆژە خەرج كرد. لەم كابینەیەدا و لەم ئیدارەیەی زاخۆ 388 پڕۆژەی بۆ جێبەجێ كراوە كە 28 پڕۆژەی وەبەرهێنانن. لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سیاسەتێكمان پەیڕەو كردووە لە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا، كە داواكاری و خواستی سەرەكیی هاووڵاتیانمان لە پێشەوەی كارەكان داناوە، وەك ئەو پڕۆژانەی دەبێتە هۆی پێشكەشكردنی باشتری خزمەتگوزاری و دابینكردنی هەلی كار و بەهێزبوونی ژێرخانی شارەكە و سنووری ئیدارەكە، بۆ ئەمەش لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان و خەڵك وەكو تیمێك كارمان كردووە و دڵسۆزی و خۆشەویستیی خەڵكەكە و متمانەیان بە پڕۆژە و كارەكان، وای كردووە زاخۆ لە پێشەنگی ئەو شار و ئیدارە سەربەخۆیانەدا بێت كە گەشەی ئابووری و ژێرخانی لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكان بە خۆیەوە ببینێت.

* كەواتە لێرەدا دەتوانین سێكتەر بە سێكتەر باسی گرنگترین پڕۆژەكان بكەین، سەرەتا كە ڕوو لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەكەیت، وا دەزانیت دەچیتە شارێكی پێشكەوتووی ئەوروپاوە، بەتایبەتی لە بواری ڕێگەوبانەكاندا، دەكرێت بزانین لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا بۆ ڕێگەوبانەكان چی كراوە؟

- لە سەرووی 90%ی شاری زاخۆ كۆڵانەكانی قیرتاو كراون، ئەوەی ماوە زۆر كەمە و ئەویش كاری لەسەر دەكرێت لە ماوەیەكی كەمدا تەواو دەبن، ئەوەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی شەقام و ڕێگەوبان كراوە. بەهۆی ئەم شۆڕش و وەرچەرخانەی ڕێگەوبانەكانەوە لە ئێستادا بە ڕێژەی 60%ی پێشتر، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕووداوەكانی هاتووچۆی كەم بووەتەوە. لێرەدا ئاماژە بە هەندێك لەو پڕۆژە و كارانەی قیرتاوكردن و ڕێگەوبان دروستكردن و نۆژەنكردنەوە دەكەم:

وەك، قیرتاوكردنی رێگای بە درێژایی 185 كیلۆمەتر، قیركردن و چاككردنەوەی 285 كیلۆمەتر رێگای گوندەكان، پێشتر 65%ی ناو سەنتەری زاخۆ نەهاتبووە قیركردن ئێستا كەمتر بووە بۆ 10%، چاككردنی چەند یوتێرن و چوارڕێیانی ئەندەرپاس و دروستكردنی چەندین پاركی ئۆتۆمبێل و نەهێشتنی ترافیك و بۆیاغكردنی شەقام و ڕێگەوبانەكان و هێڵەكانی پەڕینەوە، بۆ نموونە نزیكەی دە هەزار هێمای هاتوچۆمان داناوە و زیاتر لە 12 هەزار پاچە كەلوپەلی هاتوچۆ و ئەندازەییمان دابین كردووە.

* دوو كەرتی زۆر گرنگ كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، ئەویش كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستییە، لەم دوو بوارەدا چۆن توانیوتانە سەرەڕای بڕینی بوودجە لەلایەن بەغدا، پڕۆژە و كارەكان ئەنجام بدەن؟

- كەرتەكانی ساخڵەمی و پەروەردە گرنگیی لە ڕاددەبەدەریان پێ دراوە، بەو پێیەی پەیوەندیی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە. لێرەدا هەندێك نموونە دەهێنمەوە بۆ ئەو پڕۆژانەی لەم كابینەیەدا ئەنجام دراون لەم دوو كەرتەدا، لە بواری تەندروستی ئەم كارانە ئەنجام دراون:

دروستكردنی نەخۆشخانەی 40 قەرەوێڵەیی لە قەزای باتیفا.

دروستكردنی نەخۆشخانەی 90 قەرەوێڵەیی منداڵان لە زاخۆ.

دروستكردنی دوو بنكەی تەندروستی لە زاخۆ.

نۆژەنكردنەوەی نۆ بنكەی تەندروستی.

دابینكردنی ئامێرەكانی پێشكەوتوو لە ڕەنین و تیشكی دیجیتاڵی و میفراس و ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە و نازوور .

دابینكردنی ئەمبۆلانس بۆ نەخۆشخانە و كەلوپەلەكانی.

هەروەها لەكەرتی پەروەردە :

دروستكردنی شەش قوتابخانەی 18 پۆلی.

دروستكردنی چوار قوتابخانەی 12 پۆلی.

دروستكردنی دوو قوتابخانەی شەش پۆلی.

نۆژەنكردنەوە و زیادكردنی پۆل بۆ 65 قوتابخانە و باخچەی ساوایان.

دابینكردنی سەدان كەلوپەل و پێداویستیی قوتابخانە بۆ سنوورەكە.

* باسی خزمەتگوزارییەكانت كرد بۆ هاووڵاتیان، لە هەردوو بواری كارەبا و كەرتی ئاودا چی كراوە؟

- بەم نزیكانە وەكو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی بەڵێنی دا، كارەبای 24 كاتژمێری دەگاتە زاخۆ، جگە لەمەش ژێرخانی كارەبا لە تەواوی ئیدارەكەدا بونیاد نراوە و بە درێژایی 92 كیلۆمەتر ڕووناكی كراوە و كارەبا بۆ 33 بیری ئاوی خواردنەوە دابین كراوە و 19 گوندی سنوورەكە كارەبای بۆ ڕاكێشراوە و 75 محاویلەی قەبارە جیاواز دابین كراوە و دانراوە و چەند وێستگەیەكی دابەشكردنی كارەباش جێبەجێ كراون، هەر لە بواری خزمەتگوزاریی ئاودا چەند پڕۆژەیەكی گەیاندنی ئاو ئەنجام دراون بۆ قەزای باتیفا و كۆمەڵگەی پێشابیر و دانانی 32 بیری ئاوی خواردنەوە و جێگیركردن و ڕاكێشانی ئاوی خواردنەوە بە درێژایی 190 كیلۆمەتر و، دابینكردنی كلۆری گاز و پاودەر بۆ چارەسەری ئاوی خواردنەوە و دەیان پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی تۆڕی بۆریی ئاوی خواردنەوەمان جێبەجێ كردووە.

* ئەی لە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چی كراوە؟

- گرنگیدان بە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بۆ ئەوەی ئابووری هەمەچەشن بكەین و تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین، سیاسەتی سەرۆكی حكومەت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم كەرتانە بۆ دابینكردنی هەلی كارە بۆ گەنجەكان و هاووڵاتیان بەگشتی، ئەوەتا ساڵ لە دوای ساڵ لەم پێنج ساڵەدا بەروبوومی ناوخۆ زیاد كراوە و زۆر لە بەرهەمەكانی وەكو هەنار ڕەوانەی دەرەوەش كراون، كارگەی بەبازاڕكردنی گەنم لە زاخۆ دروست كرا و پڕۆژەمان بۆ زیادكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەبووە و چەندین ساردكەرەوەمان بۆ برا جووتیارەكان دامەزراندووە و، دەیان كارگەی پیشەسازی لە زاخۆ جێبەجێ كراون و هەندێكی دیزاین و پرۆپۆزەڵیشیان تەواو بووە. تەنیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی زاخۆوە 28 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 513 ملیۆن دۆلار لە سێكتەرە جیاوازەكاندا مۆڵەتیان پێ دراوە و 19 پڕۆژەی دیكەش بە تەواوەتی جێبەجێ كراون، لەوانە لە بواری «پەروەردە، گەشتوگوزار، خوێندنی باڵا، پیشەسازی و بازرگانی و...هتد» ماستەرپلانی زاخۆش تەواو بووە. ئەوەی لێرەدا بۆ زاخۆ و هاونیشتمانیانی زۆر گرنگ بوو، پەرەپێدانی كەرتی گەشتوكوزاری بوو كە پڕۆژەی كۆرنیشی زاخۆ بە هەردوو قۆناغەكەی یەك و دوو جێبەجێ كرا و، بازاڕی زاخۆ نۆژەن كرایەوە و قشڵەی زاخۆ لەسەر شێوازی كۆن نۆژەن كرایەوە و دێری كانیا و مارگورگیس نۆژەن كرانەوە و چەندین نافۆرە و باخچە و پاركی پێشكەوتوو دامەزراون.

بەشێوەیەكی گشتی پڕۆژەكانی زاخۆ بەم شێوەیە دابەش بووە:

ڕێگەوبان 114 پڕۆژە، تەندروستی 29 پڕۆژە، پەروەردە 20 پڕۆژە، خوێندنی باڵا 5 پڕۆژە، ئاوی خواردنەوە 51 پڕۆژە، ئاوی ژێرزەوی 9 پڕۆژە و كارەبا 48 پڕۆژە و گەشتوگوزار 25 پڕۆژە و فەرمانگەی میری 75 پڕۆژە و ئەوقاف و ئایینی 6 پڕۆژە و چاندن و باخچە 6پڕۆژە. ئەمانە شاهیدیی ئەوە دەدەن، ئیرادەی پۆڵایینی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتیی خەڵكی زاخۆ بۆ كار و پڕۆژە حكوومییەكان و كەرتی تایبەت و پێشخستنی شار و ئیدارە سەربەخۆكەیان، چەند شۆڕش و وەرچەرخانی لە گەشەی زاخۆدا دروست كردووە. جەنابی سەرۆكی حكومەت هەموو توانا و ئیمكانیاتی خۆی خستە بەردەستی ئێمە بۆ خزمەتی پێشكەوتنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زاخۆ بووژایەوە و كار بۆ هاتنی زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار دەكەین لە هەر بۆنەیەكدا، ئەمە دوای ئەوەی تەنیا لە جەژنی قوربانی ساڵی پاردا ژمارەكە گەیشتبووە 55 هەزار گەشتیار و هەلی كار و كاسبی بۆ ژمارەیەكی زۆری هاونیشتمانیان دابین كران، زاخۆی ئەمڕۆ لەگەڵ زاخۆی 10 ساڵ لەمەوبەر زۆر جیاوازە و زۆر كار و پلان و پڕۆژەی دیكەش بەڕێوەن.

 

Top