مامۆستا مەلا سەركەوت ڕواندزی پێشنوێژ و وتارخوێن لە شاری هەولێر: ئومێدەوارم ئەم هەڵبژاردنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ تەواوی ئەم هەرێمە جوانە و بەهێزبوونی كوردستان
هەڵبژاردن مافێكی سرووشتی هەموو هاووڵاتییەكە بۆ ئەوەی هەموو تاكێكی ناو كۆمەڵگە بە ئازادانە بەشداری بكەن و نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمان بنێرن، لە عێراقیش بەو پێیەی وڵاتێكە لە كۆمەڵێك نەتەوە و مەزهەب و ئایین و ئایینزا پێكهاتووە، بۆیە گرنگە نوێنەرانی خۆیان لە پەرلەمان وجوودێكی كاریگەر و بەهێزیان هەبێت، لەم عێراقەش كە كورد سەردەمانێكی زۆرە لەمافە دەستووری و یاساییەكانی خۆی بێبەشە و زۆر كێشەی نێوان هەرێم و عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەتایبەتی یەكلاكردنەوەی ناوچەكانی ماددەی 140ی ناوچە جێناكۆكەكان و پرسی مووچە و قووتی خەڵك، بۆیە بەشداریكردنی زۆرینەی هاووڵاتیان لەم هەڵبژاردنە گرنگە بۆ ئەوەی دەنگ بەو كاندید و كەسە بەهێزانە بدەن كە مۆركی نەتەوەیی و دڵسۆزییان هەیە و ئامادەن خۆیان و لیستەكانیان لە بەغدا كار بۆ بەدەستهێنانی مووچە و بوودجە و ماف و شایستە داراییەكانی هەموو چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردستانی بكەن. لەمەش گرنگتر زۆر پێویستە ئەم پرۆسەیەی هەڵبژاردن دوور بێت لە فرت و فێڵ و ساختەكاری و شێواندنی جوانییەكانی كێبڕكێی كاندیدەكان و ئارامی و ئاشتیی كۆمەڵگە نەشێوێنن، چونكە ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەگەڵ شێواندن و فیتنە و پشێوی نییە و دەبێت ڕێز لە مرۆڤ بگیرێت، ئەگەر كێبڕكێیەكیش بۆ بەدەستهێنانی نوێنەرایەتی هەبێت، دەبێت لە چوارچێوەی ڕێز و خۆشەویستی و پاراستنی مافی بەرانبەر بێت و دوور بێت لە ناوزڕاندن و تانە و تەشەر. ئومێدەوارم ئەم هەڵبژاردنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ تەواوی ئەم هەرێمە جوانە و بەهێزبوونی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی و چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی كە خەڵكی گیرۆدەی بووە، ئەوەش مافێكی ئاسایی و سرووشتیی خۆیانە لە عێراق.
