د. گەیلان شێخ محەمەد تاڵەبانی لە مزگەوتی محەمەدی لە شاری كەركووك: لە هەر شوێنێك بارزانی و پارتی دەسەڵاتی هەبوو گۆڕانكاری و پێشكەوتن و ئاوەدانی هەیە
دۆست و دوژمن و نەیارانی هەرێمی كوردستان هەمووان شایەتیی ئەوە دەدەن، كەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بواری خزمەتگوزاریی ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان و ژینگەپارێزی، كار و پڕۆژەی زۆر گرنگی ئەنجام داوە، تونێل و پرد و پۆند و بەنداو دروست كراون و بە سەدان پڕۆژەی كشتوكاڵی و پیشەسازی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان جێبەجێ كراون. گەشتیاران و ڕێبواران ئەوانەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، كە بە چاوی خۆیان ئەم پێشكەوتنانە دەبینن سەرسام دەبن، بەتایبەتی ئەوەی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە. خەڵكی ناوچەكانی عێراق داوا لە حكومەت و حزب و سەرۆكەكانیان دەكەن، بە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان خزمەتگوزارییان پێشكەش بكەن، ئەمانە هەمووی لە هەرێمی كوردستان لە سایەی كاك مەسرور بارزانی و حكومەتەكەی كراون، لەهەر شوێنێك بارزانی و پارتی و دەسەڵاتی هەبوو، گۆڕانكاریی و پێشكەوتن و ئاوەدانی هەیە. لیستی 275ی پارتییش بە هاوشێوەی سەرۆكەكەی لە بەغداش كوردایەتی دەكات.
لەم چەند ڕۆژەدا سەرۆك مەسعود بارزانی لە قسەكانی بۆ هەموو كاندیدەكان فەرمووی: «ئێوە بەس كاندیدی پارتی نین، كاندیدی هەموو گەلێكن. دەبێ دیفاع لە مافی ستەملێكراوی هەموو كەسێك بكەن، لەسەر خاكی عێراق بێ، یان كوردستان بێ، كورد بێ، یان غەیری كورد بێ، موسڵمان بێ، یان غەیری موسڵمان بێ، لە حزبی ئێمە بێ، یان حزبێكی تر بێ.» بەڕاستی ئەمە قسەیەكی گەورەیە. ئەم حزبە و بەرنامەی ئەم حزبە زۆر دووربینە و بیر لە شتی گەورە دەكاتەوە. بۆیە پارتی ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەكات. بەڕاستی پارتی شەڕی خاك و نەتەوە و میللەت دەكات و نەیارانیش كە سڵ دەكەن، هەموو جار بەس سڵ لە پارتی دەكەن. لەم هەڵبژاردنەشدا هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان جیاوازە، نە ئازاری كەس دەدات و نە خۆی بۆ هیچ كەس و لایەن و دەوڵەتێك چەماندووەتەوە، ئیللا بۆ خوای پەروەردگار نەبێت، هیچ دەسەڵاتێكیش لە سایەی سەری بارزانی و پارتەكەیدا تا سەر ناتوانێت مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت. دەزانن نەیاران و دوژمنانی كورد بۆ حەزیان لێ نییە پارتی بگەڕێتەوە شاری كەركووك، چونكە بارزانی و پارتەكەی شەڕی بەدەستهێنانی مافی میللەتی كورد و پارێزگاری لە خاك و نیشتمان دەكەن. ئەوەتا لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە هیچ حزبێك نەیتوانیوە ئاڵای كوردستان هەڵبدات و تەنیا پارتییە ئاڵای كوردستانی لەسەر بارەگاكانی شەكاوەیە. مادام پارتی شەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوە دەكات و پارێزگاری لەخاك و نیشتمان دەكات، بۆیە دەبێت دەنگ بە لیستی جەنابی بارزانی بدەین.
