هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر بۆ گوڵان: تەنیا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بیری لە پڕۆژەیەكی نیشتمانی و گرنگی وەكو پشتێنەی سەوزی هەولێر كردووەتەوە
كەرتی كشتوكاڵ و پاراستنی ژینگە و دروستكردنی پشتێنەی سەوزی شاری هەولێر، بە یەكێك لە دەستكەوتە گەورەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت. پاڵپشتی و بەدواداچوونەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە وای كردووە، سەرەڕای قەیرانەكان، بووژانەوەیەكی بەرچاو لە كەرتی كشتوكاڵ و ژینگەپارێزی لە هەرێمی كوردستاندا دەربكەوێت و هەلی كار بۆ هەزاران جووتیار و گوندنشین و كارمەند دابین بكرێت. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر ساز دا.
* سەرەتا با لە پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گەورەی شاری هەولێرەوە دەست پێبكەین، كە ئەویش پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی شاری شاری هەولێرە، ئەم پڕۆژەیە بەكوێ گەیشتووە و گرنگیی پڕۆژەكە لە چیدایە؟
- ناوچەكەمان بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووبەڕووی كاریگەرییەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا بوونەتەوە، لە كەمیی بارانبارین و وشكەساڵییەوە، هەتا دەگاتە لافاو و بارانی بەلێزمە كە زیانێكی زۆری لێكەوتووەتەوە، هەموو ئەمانە كاریگەرییەكی نەرێنییان لەسەر ژینگەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی شاری هەولێر هەبووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جەختی زۆریان لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی شاری هەولێر كردووەتەوە، كە بەشێكی دانەبڕاوە لە ماستەرپلانی شاری هەولێر و ئامانجی سەرەكیی بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی شارەكەیە. كاتێك ئەم پڕۆژەیە تەواو دەبێت، شاری هەولێر دەچێتە ڕیزی ئەو شارانەی كە ستانداردە جیهانییەكانی ڕێژەی سەوزاییان تێپەڕاندووە. لە كاتێكدا ستانداردی جیهانی بۆ هەر شارێك پێویستە نزیكەی 20% سەوزایی بێت، بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە ڕێژەكە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەكشێت و ژینگەیەكی تەندروستتر و دڵڕفێنتر بۆ پایتەخت دەستەبەر دەكات. لە هەردوو وەرزی بەهار و پاییزدا بیر لە چاندنی حەوت ملیۆن دار دەكرێتەوە، ئەوەی كە چەندێك لەم ژمارەیە دەچێندرێت، دەكەوێتە سەر توانای جێبەجێكردن، بەڵام ئامانجی پڕۆژەكە چاندنی ئەو ژمارە دارەیە. لە ئێستادا، ئەو زۆنە 2000 دۆنمەی دیاری كراوە، بە پشتیوانی خوای گەورە، لە ماوەیەكی كەمدا و تا سەرەتای وەرزی زستان بە دار فستق و زەیتوون دادەچێندرێت، ئەم پڕۆژەیە تەنیا سوودی ژینگەیی نییە، بەڵكو سوودێكی گەورەی ئابووریشی هەیە. سەوزایی دەبێتە پارێزەرێكی بەهێزی زەوی و شێ، هەروەها زەوییە كشتوكاڵییەكان دەپارێزێت لە دیاردەی بەبیابانبوون، لە هەمان كاتدا ئەو بەرهەمانەی كە لەم پشتێنە سەوزەدا بەرهەم دەهێندرێن، دەتوانین وەك سەرچاوەیەكی ئابووریی ناوخۆییش بەكاریان بهێنین. ئەمە وێڕای ئەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجەكانمان و كۆمپانیا نێوخۆییەكان دەڕەخسێنێت. لەلایەكی دیكەوە لە میانەی بەدواداچوونەكانماندا بۆمان دەركەوتووە كە هیچ یەكێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرچەندە ئەوانیش كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی گۆڕانكاریی كەشوهەواوە، بیریان لە پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە نەكردووەتەوە. تەنیا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بیری لە پڕۆژەیەكی ئاوەها نیشتمانی و گرنگ بۆ كوردستان و بەتایبەتی بۆ شاری هەولێر كردووەتەوە.
* ئەم پڕۆژەیەی پشتێنەی سەوز لە چەند زۆن پێك هاتووە و سەرچاوەی ئاوی لەكوێوە بۆ دابین دەكرێت؟ ئایا چۆن قەرەبووی ئەو خاوەن زەوییانە دەكرێتەوە كە زەوییەكانیان دەكەوێتە ناو ئەم پڕۆژە گرنگەوە؟
- پڕۆژەی پشتێنەی سەوز لە هەشت زۆن پێك هاتووە و ڕووبەرەكەی نزیكەی 64 هەزار دۆنم زەویی سەوزایی دەگرێتەوە، لە ئێستادا بە خۆشحاڵییەوە لە زۆنی یەكەمدا لە لای بەحركەوە دەستی پێ كردووە و بەرەو ڕێگەی مووسڵ دەچێت، كارەكان بە باشی بەڕێوە دەچن، كە ڕووبەرەكەی 2000 دۆنمە و بەرەو 12،600 دۆنم فراوان دەبێت. لە چوارچێوەی ئەم زۆنەدا نزیكەی 10 پۆند (گۆماو) دروست دەكرێت، ئەم پۆندانە وەك سەرچاوەیەكی گرنگی ئاو كار دەكەن بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و كۆكردنەوەی ئاوی باران، كە ساڵانە دەبارێت. ئەمەش ڕێگری لە لافاو و زیانەكانی دەكات و لە هەمان كاتیشدا دەبێتە سەرچاوەیەكی دڵنیاكەرەوەی ئاو بۆ ئاودانی دار و درەختەكان. داری وەك زەیتوون و فستق، هەرچەندە بڕێكی كەم ئاویان دەوێت، بەڵام پێویستیان بە سەرچاوەیەكی ئاوی مسۆگەر هەیە، ئەم پۆندانە ئەو پێویستییە دابین دەكەن.
یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگ و مرۆییەكانی ئەم پڕۆژەیە، قەرەبووكردنەوەی خاوەن موڵك و زەوییەكانە، هەر زەویوزار و دامەزراوە و خانوویەكی هاووڵاتییان كە بكەوێتە بەردەم ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، بە سوپاسەوە بۆ سەرۆكی حكومەت، قەرەبوو دەكرێتەوە. لە قۆناغی یەكەمدا، بڕی حەوت ملیار دینار وەك ئیلتزاماتێك كەوتووەتە سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان، ئەم قەرەبووكردنەوەیە بەبێ جیاوازی و بەبێ ڕەچاوكردنی هیچ كەس و لایەنێك ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی هیچ كەسێك زەرەرمەند نەبێت. هەروەها بۆ ئەو هاووڵاتییانەی زەوییەكانیان بەر پڕۆژەكە دەكەوێت، 464 پارچە زەوی نیشتەجێبوون بە ڕووبەری 250 مەتر دووجا تەرخان كراوە، ئەمەش گەرەنتییەكە كە مافی خاوەن مافەكان پارێزراو دەبێت و هیچ هاووڵاتییەك بە هۆی ئەم پڕۆژە گرنگەوە مافەكانی پێشێل ناكرێت. لە ئێستادا قۆناغی قەرەبووكردنەوەی زەوییەكان دەستی پێكردووە و حەوت ملیار دینار بۆ قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان و دامەزراوەكان و داچێندراوەكان تەرخان كراوە. هەروەها، قەرەبووی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش بە زەوی نیشتەجێبوون دەكرێتەوە، 464 پارچە زەویی 250 مەتری بۆ ئەو هاووڵاتییانە دیاری كراوە كە زەوییەكانیان بەر پڕۆژەكە كەوتووە، ئەم پڕۆژەیەش هاوكاتە لەگەڵ گەیشتنی پڕۆژەی ئاوی خێرا بۆ هەولێر و تا 30 ساڵی دیكە گرفتی كەمئاوی لە پایتەختی كوردستان نامێنێت.
* هەر سەبارەت بە سەوزایی و ژینگەپارێزی، وەك ئاشكرایە بەرەوپێشچوونی كەرتی كشتوكاڵی ڕۆڵی گەورەی لەم پرسەدا هەبووە. تاچەند لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا توانرا ئەم كەرتە بەرەوپێشەوە ببردرێت؟
- پێش كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی جووتیاران لە ئاست پێویستیی ناوخۆدا نەبوو، كاتێكیش بەرهەمێك هەبووایە، دەرفەتی بازاڕكردن زۆر كەم بوو، جووتیاران زۆر جار بەرهەمەكانیان دەفەوتان و كێشەی بازاڕیان هەبوو، بەڵام بە سوپاسەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش بۆ بەرنامە پێشكەوتوو و چڕوپڕەكەی سەرۆكی حكومەت، بەڕێز كاك مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا، كەرتی كشتوكاڵ گەشەیەكی بێ وێنەی بەخۆوە بینی، دەرفەتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بازاڕكردنی بەرهەمەكان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان ڕەخسا. ئەوەتا بەرهەمی ناوخۆییمان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، كاتێك بەرهەمی ناوخۆمان وەك «سەوزە و میوەی هاوینە» دەگەنە لووتكەی پێگەیشتن، ئێمە سنوورەكان كۆنتڕۆڵ دەكەین و ڕێگە نادەین بەرهەمی هاوردەكراو ببێتە مایەی زیان بۆ جووتیارانی خۆمان. بەشێك لە بەرهەمە ناوخۆییەكانمان، بە درێژایی ساڵ، هاوردەكردنیان قەدەغەیە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بەردەوام بێت و ببێتە پشتیوانییەكی پتەو بۆ جووتیارانمان.
* ئەم گەشەیە كەرتی پەلەوەریشی لەخۆ گرتووە، ئەی لەم كابینەیەدا چۆن توانرا بازاڕەكانی عێراق واڵا بكرێت بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان؟
- لە كەرتی سامانی پەلەوەردا، ژێرخانێكی پتەو دروست كراوە، بۆ نموونە لە هەولێر زیاتر لە 570 پڕۆژەی پەلەوەر و زیاتر لە 18 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەی خواردنمان هەیە، چەندین پڕۆژەی بەخێوكردنی مریشكی دایك و سەربڕینیشمان هەیە، كە هەموویان بوونەتە كۆڵەگەیەكی بەهێزی بەرهەمهێنانی سامانی ئاژەڵ. ئێمە لە بەرهەمی پەلەوەریدا دوو بۆ سێ هێندەی پێداویستیی ناوخۆمان بەرهەممان هەیە و پێویستمان بە هەناردەكردنە، بەرهەمی هێلكەشمان دوو بۆ سێ هێندەی پێداویستیی ناوخۆیە و دەبێت هەناردە بكرێت. ئێستا جووتیارانی هەرێم دەتوانن بەرهەمەكانیان لە شارەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقیشدا بە بازاڕ بكەن. ڕۆژانە زیاتر لە 200 بارهەڵگر كە بازرگانانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ڕوو لە هەرێم و بەتایبەتی هەولێر دەكەن، بۆ كڕینەوەی بەرهەمی جووتیاران، ئێمە پشتیوانییان لێ دەكەین و لە بازگەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقیش ڕێگرییان لێ ناكرێت بۆ بازاڕكردنی بەرهەمەكانیان، بەڵام بە داخەوە زۆر جار بازگەكانی حكومەتی عێراقی ڕێگری لە هەناردەكردنی بەرهەمەكانی سامانی پەلەوەر دەكەن و كێشەیان بۆ دروست دەكەن. ئەم گرفتانە ماوە ماوە چارەسەر دەكرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی بەردەوام دووبارە دەبنەوە، داواكارین شاندەكانی حكومەتی هەرێم لە بەغدا زیاتر جەخت لەسەر ئەم بابەتە بكەنەوە، تا ئەو گرفتانەی بۆ پڕۆژەكانی پەلەوەری و هێلكەی خواردن دروست دەكرێن، نەمێنن و بتوانن ڕۆژانە بەرهەمەكانی خۆیان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە بازاڕ بكەن. ساڵانە بەرهەمەكانی جووتیارانی هەرێم، وەك پەتاتە، هەنار، ترێ، سێو و...هتد، بۆ وڵاتانی كەنداو و چەندین وڵاتی دیكە هەناردە دەكرێن، تەنانەت بەرهەمی پەتاتەمان بۆ باشووری ئەفریقیاش ناردووە. وڵاتانی كەنداو، وەك سعودیە، قەتەر، ئیمارات، عومان، و بەحرەین، هەموویان بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستانیان بە كوالێتی بەرز دادەنێن و خواستیان لەسەری زیادی كردووە.
بەشێوەیەكی گشتی كەرتی كشتوكاڵ بەرەوپێشچوونێكی زۆر بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو حیكمەت و بەرنامە سەركەوتووانەدایە كە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا پەیڕەوی كردووە.
